ئایا مێشکی ژن و پیاو جیاوازیی بایۆلۆجییان هەیە؟!

ئایا مێشکی ژن و پیاو جیاوازیی بایۆلۆجییان هەیە؟!

زانستی دەماری بۆ ماوەیەکی درێژ بەوەوە خەریک بوو کە جیاوازیی بایەلۆجیی شاراوە لە نێوان مێشکی ژن و پیاودا دەربخات. پرسیاری ئەوەی کە ئایا میشکی ژن و پیاو بە زگماک لە یەکدی جیاوازە؟ هەمیشە بووەتە هۆی تووڕەکردن و بێزارکردنی خەڵکی. هەر ساڵی پێشوو بوو، ئەندازیاری گووگڵ جەیمز دامۆر بووە هۆی درووستکردنی ژاوەژاوێکی گەورە بە ورووژاندنی باس و خواسێک دەربارەی ئەوەی کە مێشکی ژن لە زۆر لایەنەوە جیاوازیی بایۆلۆجیکی لە مێشکی پیاو هەیە.
بەڵام لایس ئێلیۆت کە پڕۆفیسۆرێکی دەمارزانییە لە زانکۆی پزیشکیی شیکاگۆ، دەڵێت هەرکەسێک بێت و بەدوای جیاوازیی زگماکی لە نێوان مێشکی دوو ڕەگەزەکەدا بگەڕێت ئەوا هیچ نابینێتەوە.

لایس ئێلیۆت دەڵێت: ” خەڵکی دەڵێن مێشکی ژنان لە مەریخەوەیە و مێشکی پیاوان لە زوهرەوەیە، بەڵام مێشکی مرۆڤ ئەندامێکە لە یەک رەگەز” و هەروەها دەشڵێت: “هەرگیز هیچ جیاوازییەک لە شێوازی کارکردنی نێوان مێشکی ژن و پیاودا نییە”.

ئەوە قسەیەکی بوێرانەیە و یەک زانست دابەش بووە بۆ سەر چەند وەڵامئەوەی کە کام ڕوانگە دروستە پەیوەندی بەوە هەیە کە لە توێژینەوەکاندا چ شتێک دەپێورێت. بۆ نموونە، توێژینەوەیەک لە بەریتانیا ئەوەی دۆزییەوە کە زۆر ناوچەی مێشک لە پیاواندا گەورەترە لە ژنان، ئەوەشی دۆزییەوە کە ژنان بە گشتی توێکڵی مێشکیان گەورەترە لە هی پیاوان. بەڵام ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی مێشک هەیە؟ وەڵام ڕوون نییە! توێژینەوەیەکی تر ئەوەی دۆزییەوە کە “بە تێکڕایی، جیاوازیی ڕەگەزی لە پێکهاتەی مێشکی نێوان ژنان و پیاواندا هەیە بەڵام هەر مێشکی هەر تاکێک کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆی هەن”.

گومان لەوەدا نییە مێشکی ژن و پیاو هەرچۆنێک بێت، جیاوازیی ڕەفتار و لێهاتوویی لە خوێندندا، بەندە لەسەر شێوازی کۆمەڵایەتی بوونی کەسەکە.

ئێلیۆت دەڵێت ئەندازیار دامۆر زۆر بە هەڵە لە زانستی دەماری تێگەشتووە و لە نووسینەکەیدا ڕۆڵی تیستۆسترۆنی لە ئەندازەی خۆی گەورەتر نیشان داوە. لە کاتێکدا تێستۆسترۆن تەنها پەیوەندی بە ڕەفتاری هێرشکارانەی پیاو و شیکردنەوەیەکی گشتی لەسەر ڕەفتاری پیاو بە دەستەوە نادات. ئێلیۆت دەڵێت هەموو کەسێک بەبێ گوێدانە ڕەگەز دەکرێت ململانێکار و هێرشکار بێت، بەڵام ژن و پیاو شێوازی دەربڕینی جیاوازیان هەیە بۆ ئەو سیفەتانە کە بەندن بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی.

ئێلیۆت دەڵێت تەنانەت جیاوازیی زانستی مشتومڕ هەڵنەگریش، وەک ئەوەی مێشکی پیاوان لە سەدا ١٠ گەورەتر لە مێشکی ژنانە، هیچ ناگەیەنێت. بە شێوەیەکی گشتی هەموو ئەندامەکانی پیاو لە هی ژن گەورەترن، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت بەشێوەیەکی جیاواز کار بکەن.

ئێلیۆت دەڵێت ئەگەر زاناکان و ئەکادیمییەکان خۆیان بەو بنچینەیە ببەستنەوە کە ژن و پیاو تواناکانیان یەکسانن، ئەوا توێژینەوەکانیان دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئەنجامی زۆر جیاواز.

بۆ نموونە، بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی ١٩٧٠ کرا، ئەوە پیشان درا کە کوڕان ١٣ هێندەی کچان لە بەشی بیرکاریی تاقیکردنەوەی SATدا سەرکەوتووتر بوون، توێژەران دەیانویست بزانن کە بۆچی ژنان کەمتر لە لوتکەی بوارەکانی STEM دان؟ توێژینەوەکە ئەوەی دۆزییەوە کە کچان بێبەش کراون لە لێکۆڵینەوەی زانستەکانی STEM، هەر کە هەلی زیاتری خوێندن بۆ ئافرەتان ڕەخسێنرا ڕێژەکە دابەزی بۆ سێ بۆ یەک و زیاتریش لە یەک نزیک دەبێتەوە.

لە کۆتاییدا ئێلیۆت دەڵێت: “ئێمە لە جیهانێکی دووانە ڕەگەزیداین” و هەروەها دەڵێت: “گریمانەی سەرەتایی ئەوەیە کە مێشکی ژن و پیاو جیاوازیی فیزیکییان هەیە، بەڵام جیاوازیی مێشکی ژن و پیاو لە جیاوازیی نێوان دڵ و گورچیلەیان زیاتر نییە”

وشەکان
Neuroscience زانستی دەماری، دەمارزانی
Innately زگماک
unisex organ یەکانە ڕەگەز (واتە بۆ هەردوو ڕەگەز هەر یەک شتە)
brain cortex توێکڵی مێشک
testosterone تێستۆسترۆن
competition ململانێ، پێشبڕکێ
SAT (Scholastic Assessment Test) تاقیکردنەوەی توانایی خوێندن
STEM کورتکراوەی زانستەکانی (تەکنەلۆژی و ئەندازیاری و بیرکاری و زانست)

ئامادەکردنی: عەبدوڕەحمان ئەبووبەکر
سەرچاوە:
https://www.theatlantic.com/science/archive/2018/06/male-female-brains-biologically-different/563702/