بۆچی کۆرپەلە لە منداڵداندا لاق دەوەشێنێت؟

بۆچی کۆرپەلە لە منداڵداندا لاق دەوەشێنێت؟ وێڕای ئەوەی منداڵدان شوێنێکی تەسکە بۆ مەشقکردن، دەرکەوت کە ئەو لاقھاویشتنانە زۆر گرنگن بۆ دروستیی گەشەی ئێسک و جومگەکانی کۆرپەلە. کۆرپەلەی مرۆڤ، ھەر زوو لە حەفتەی حەوتەمەوە دەست بە جووڵە دەکات، لەو کاتەوە ‌ئیدی لەسەرخۆ ملیان دەچەمێننەوە. بەپێی وتارێکی پێداچوونەوە کە لە جورناڵی Ultrasound in obstetrics and gynecologyدا بڵاو کراوەتەوە، کاتێک کۆرپەلە گەشە دەکات، پلەبەپلە جووڵەی زیاتر و جیاوازتر بۆ لیستی جووڵەکانی زیاد دەکات؛ بۆ نموونە نزگەرە، جووڵەکانی قۆڵ و لاق، خۆدرێژکردنەوە، باوێشک و پەنجەمژین. دایکەکە تاوەکوو ماوەی نێوان ھەفتەی ۱۶ بۆ ۱۸ی سکپڕییەکەی ھەست بە جووڵە بەھێزەکانی وەکوو مستەکۆڵە و لاق وەشاندن ناکات، کە ئەو وەختە کۆرپەلە ‌ھەندێک بەھێزترە.

 

کۆرپەلەکانیش پێویستییان بە مەشقکردن ھەیە!

 

وەکوو نیام نۆولان، زیندەئەندازیار لە کۆلێژی شاھانەی لەندەن دەبێژێت؛ مەیدانێکی فراوانی لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی ئەوە تەرخانکراون کە، ئایا کۆرپەلە زاڵە بەسەر جووڵەکانی خۆی، یان ئەوەتا ئەو جووڵانە تەنھا کاردانەوەیەکی خۆنەویستن؟ ”جووڵەکانی سەرەتا وێدەچێت تەنھا کاردانەوە بن، بەڵام وەختێک جووڵەکان زیاتر ڕێک دەبنەوە، وێدەچێت ئەو وەختە مێشک ئەوە دیاری بکات چەندە و کەنگێ کۆرپەلەکە بجووڵێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە کاردانەوە خۆنەویستەکان، لە دڕکەپەتکەوە سەرچاوە دەگرن و پێویستییان بە زانیارییە ھاتووەکانی مێشک نییە”.

ڕەنگە زانایان بەدڵنیاییەوە نەزانن ئایا جووڵەکان خۆویستن یان خۆنەویست، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکە ئەوە یەکلا بووەتەوە کە، جووڵە گرنگە بۆ کۆرپەلە. نۆولان دەبێژێت: بۆ ئەوەی کۆرپەلە دوای لەدایکبوون تەندروست بێت، بۆ دروستیی ئێسک و جومگەکانی، پێویستیەتی لە منداڵداندا بجووڵێت. ھەروەھا بەپێی ڕیڤیویەکی تر، نۆولان ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە چۆن کەمیی جووڵەی کۆرپەلە، دەتوانێت ببێتە هۆی چەندین ناتەواویی زگماکیی جیاواز، بۆ نموونە کورتبوونەوەی جومگە، ھەروەھا تەنکبوونەوەی ئێسک بە ڕادەیەک زیاتر و زووتر بشکێت.

 

بۆ ئەو ئافرەتە دووگیانەی کە دەپرسێت، ئایا  منداڵەکەی زۆر جووڵۆکە؟ یان ھێند بە پێویست جووڵۆک نییە، ھیچ بڕە جووڵەیەکی دیاریکراو بۆ کۆرپەلە لە ماوەی سکپڕیدا نییە. ھەر ھێندەیە پێیان دەوترێت چاودێریی گۆڕانکاریی گرنگ بکەن لە جووڵەی کۆرپەلەکانیاندا، وێڕای ئەوەی ئەمە ئامۆژگارییەکی ھێند ڕوون نییە، بەڵام لە ئێستادا تەنھا ئەوەندە دەتوانرێت ببەخشرێت.

ھۆکاری ئەمە ئەوەیە، پێوانی جووڵەکانی کۆرپەلە کارێکی دژوارە، چون تەنھا لە کاتێکی دیاریکراو و لە نەخۆشخانەکاندا ئەم کارە دەکرێت و کورتخایەنیشە. بۆ خۆلادان لەم بەربەستە، نۆولان و ھاوکارانی کار لەسەر پەرەپێدانی مۆنیتەرێکی جووڵەی کۆرپەلە دەکەن، کە دایکەکە دەتوانێت تەنانەت لە کاتی کارە ئاساییەکانی ڕۆژانەیشیدا بیبەستێت. لێکۆڵەران مۆنیتەرەکەیان لەسەر ۴۴ئافرەت تاقی کردەوە کە لە ماوەکانی نێوان حەفتەی ۲۴ بۆ ۳۴ی دووگیانیدا بوون و توانیان بە وردی جووڵەکانی ھەناسەدان، ڕاچەڵەکان و جووڵە گشتییەکانی تری جەستەی کۆرپەلە بپێون.

 

ئایا جیاوازییەک لە نێوان ڕادەی جووڵانی کۆرپەلەی کچ و کوڕدا هەیە؟!

 

لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ۲۰۰۱دا بڵاو کراوەتەوە ئەوەی ڕوون کردووەتەوە، ڕەنگە کوڕان زیاتر لە کچان لە منداڵداندا بجووڵێنەوە. مامناوەندیی ژمارەی جووڵەکانی لاق لە کوڕانی ۲۰ و ۳۴ و ۳۷ ھەفتەییدا زۆر زیاتر بووە لە کچانی ھەمان ئەو ھەفتانە؛ چون قەبارەی نموونەکانی لێکۆڵینەوەکە فرە نییە -تەنھا ۳۷ کۆرپەلەیە- ھەربۆیە زانایان دوودڵن لەوەی بڵێن؛ پەیوەندییەک ھەیە لە نێوان ڕەگەز و جووڵەی کۆرپەلەدا.

ھەستکردنی دایک بە جووڵەی کۆرپەلەکەی، لە دایکێکەوە بۆ ئەوی دی، و لە دووگیانبوونێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە. دایکەکە ھەستیارترە بۆ جووڵەی منداڵەکە لە دووگیانیی دووھەمدا وەک لەوەی یەکەم، بە ڕادەیەک دەتوانێت بڵێت پێی کۆرپەلەکە لە کوێدایە. نۆولان  ئەم جیاوازییە وا گریمانە دەکات، ھۆکارەکەی زیاتر کشانی ماسوولکەکانی منداڵدانە لە پاش دووگیانیی یەکەم.

ڕوونترین جووڵەی کۆرپەلە کە دایکەکە ھەستی پێبکات، لاقھاویشتنە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییانە، کاریگەری لاقھاویشتنەکە لە ۲ کیلۆگرام ھێزەوە لە ھەفتەی بیستەمدا زیاد دەکات بۆ ۴کیلۆگرام ھێز لە ھەفتەی سیییەمدا. لە پاش ئەو خاڵەوە ھێزی لاقھاویشتنەکەی بۆ ژێر ۲ کیلۆگرام کەم دەکات، زانایان وای بۆ دەچن ھۆکارەکەی ئەوە بێت، کە چیدی کۆرپەلە ھێندە مەودای نییە بە سانایی بجووڵێتەوە.

کۆرپەلە لە منداڵداندا تەنیا لاق ناھاوێژێت. وەختێک دەگاتە ھەفتەی پازدەیەم، مستەکۆڵە دەھاوێژێت، دەمی دەکاتەوە و دادەخات، سەری دەجووڵێنێت و پەنجەگەورەیش دەمژێت. چەند ھەفتەی دواتر چاوەکانیشی دەکاتەوە و دادەخات، بەڵام دایکەکە تەنھا ھەست بە جووڵە ئاشکراکانی وەکوو لەقە و مستەکۆڵە ھاویشتن و ڕەنگە ھەست بە نزگەرەی توندیش بکات.

کۆرپەلە جووڵەکانی ھەناسەدانیش بەجێ دەگەیەنێت. وێڕای ئەوەی ھەوا ھەڵنامژێت، ھەمان جووڵەکانی هەناسەکێشان بەجێ دەگەیەنێت، بەڵام لەبری ھەوا، شلەی نێو منداڵدان ھەڵدەمژێت. ئەو کۆرپەلانەی ئەم کردەیە ئەنجام نادەن، زۆر جاران وەختێک لە دایک دەبن کێشەی ھەناسەدانیان ھەیە، چون ھێند بە پێویست ماسوولکەکانی سنگیان بەھێز نەکردووە.

ڕەنگە ھەستکردن بە لاقوەشاندنی کۆرپەلە لە منداڵداندا ھەستێکی نامۆ بێت، بەڵام زۆر بە سادەیی، ئەوە نیشانەی گەشەیەکی تەندروستە.

 

 فەرھەنگۆک

Review paper  وتاری پێداچوونەوە

Bioengineer  زیندەئەندازیار

Amniotic fluidشلەی نێو منداڵدان

Spinal cordدڕکەپەتک

 

 

سەرچاوە

 

https://www.livescience.com/62928-why-babies-kick.html

 

ئامادەکردنی: شەنیار جەلال