خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “ئێستای ئڤلوشن”

ئەم کتێبە بە قەڵەمی گۆران ئیبراهیم نووسراوە و ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە لە دووتوێی ٥٥٤ لاپەڕەدا چاپ کراوە. هەروەک لە ناوی کتێبەکەوە دیارە، بابەتی سەرەکیی کتێبەکە ئەو توێژینەوانەن کە بە گشتی لەسەر ئێڤڵوشن و ئێڤڵوشنی مرۆڤ بە تایبەت، لە ئارادان. کتێبەکە کۆمەڵێک لایەنی باشی هەن و هاوکات کۆمەڵێک لایەنی لاوازیشی هەن.

خاڵە بەهێزەکان
​​

لە لایەنە باشەکانی ئەم کتێبە دەکرێت بە زمانێکی ڕەوان لە نووسیندا، سەرنجڕاکێشی، جێمتمانەیی سەرچاوەکانی و نوێبوونی بابەتەکانی ئاماژە بکرێت بە شێوەیەک بەشی هەرە زۆری سەرچاوەکانی هی ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٦ەن کە کتێبەکە چاپ بووە و سەرچاوەکانیش جورناڵ و گۆڤارە بڕواپێکراوەکانن. کتێبەکە بە باسکردن لەسەر کاریگەرییەکانی مرۆڤ بۆسەر ژینگە و ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییانە بۆسەر خودی پەرەسەندن و ئێڤڵوشنی مرۆڤ دەست پێدەکات، تا لەوێوە بگاتە ئەو خاڵەی کە ئێمە چیتر تەنیا بەپێی بیردۆزەکەی داروین ئێڤڵوشن ناکەین کە بەند بوو لەسەر: هەڵبژاردنی سروشتی و میوتەیشنی هەڕەمەکییانە. دواتر بە وردی ژمارەیەکی زۆر لەو توێژینەوانە لە کتێبەکەدا باس کراون کە بابەتی زیندەوەرناسیی ملوکولی و ئەندازیاریی جێنێتیکن. وەک خوێندنەوەی جینۆمی مرۆڤ و دەستکاریی دی.ئێن.ئەی و ئەوەی کە میوتەیشنی ناهەڕەمەکییانە لەلایەن خودی مرۆڤەوە چۆن دەتوانێت پێواژۆی ئێڤڵوشن بخاتە ژێر کاریگەرییەوە. لێرەدا ڕەنگە تێزی سەرەکیی کتێبەکە بخوێنینەوە کە ئێمە چیتر بە شێوەی سروشتی ئێڤڵوشن ناکەین و هەڵبژاردنی ناسروشتی و میوتەیشنی ناهەڕەمەکییانە بنەمای ئێڤڵوشنی ئێمەن.

خاڵە لاوازەکان

خاڵی هەرە لاوازی کتێبەکە نەبوونی پێکهاتە و چوارچێوەیەکە کە پێشتر داڕێژرابێت. زۆر گرینگە کە کتێب پێکهاتەیەکی داڕێژراوی بێت و خوێنەر یان لە فێربوونی بابەتە بچووکەکانەوە کۆی زانستەکە تێبگات یان سەرەتا چوارچێوەیەکی گشتی بدرێت بە خوێنەر و پاشان بابەتەکانی ئەو زانستە فێر بێت. ئەم شتە لەم کتێبەدا بە تەواوەتی چاوی لێ پۆشراوە و خراوەتە ئەستۆی خوێنەر کە خۆی پێکهاتەیەک بدات بەو شتانەی فێریان دەبێت. بەو پێیەی کە خوێنەری ئەم کتێبە خوێنەری گشتییە و کەسی پسپۆڕ نییە، خوێنەری ناشارەزا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بە تەواوەتی تێبگات کە لە ئێستادا ئێڤڵوشن ئاماژە بە چی دەکات و هێڵە سەرەکییەکانی چین. کام بابەت گرینگە و کام بابەت لاوەکییە. بۆیە زۆر جاران هەست دەکەیت کە لەم کتێبەدا زنجیرەیەک توێژینەوە بە دوای یەکدا ڕیز کراون و پەیوەندییەکی مەنتقی لە بەینی ئەو توێژینەوانەدا بەدی ناکەیت.

سەبارەت بە چۆنیەتیی پەڕبەندی و ڕواڵەتی کتێبەکەش وەک زۆربەی کتێبە کوردییەکانی دیکە، لێرەشدا کۆمەڵێک کێشە هەن. سەرچاوەکان لە هەر لاپەڕەیەکدا ژێرنووس کراون، ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە لە کۆتایی کتێبدا یان لە کۆتایی هەر بەشێکدا دێن. لێرەدا کە نازانی سنووری بەش کامەیە و کتێبەکە پێڕستی نییە!! سەرەڕای زمانی سادە و ڕەوان، چەندین وشەی زانستی هەن کە ژێرنووس نەکراون و وشەی سەرەکین لەوانە “خویی، دژخوویی، بوهێلی، کۆدڕێژکردن و هتد”. لە ئاستی ڕستەسازیشدا کتێبەکە کۆمەڵێک کێشەی هەن. نموونەی ڕستەسازیی هەڵە کە لە سەرجەم دەقەکەدا خوێنەر تووشیان دەبێت، بریتین لە: “کەسە نۆرماڵەکان هەزارەها کیلۆمەتر بەسەر دەبەن لە مەشق کردندا، تەنانەت ئەو ماددانە بە شێوازێک کە دروست کراوە، هەیە لە ئارادا و هتد”. لە چەند شوێنیشدا وشەکانی “جین و هۆرمۆن” بە “جینات و هۆرمۆنات” شێوازی “کۆ”یان لێ دروست کراوە کە ئەو شتە لە زمانی کوردیدا نییە. کێشەیەکی دیکەی کتێبەکە نەبوونی فەرهەنگۆکە. هەرچەند ئەم کارە بەپێی تێڕوانینی نووسەر بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام بۆ زمانی کوردی کە یەکەم جاریەتی بەشێکی بەرچاو لەو وشە زانستییانەی پێ بنووسرێن، هەبوونی فەرهەنگۆک دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت. هەروەها وەک زۆربەی کتێبە کوردییەکانی دیکە ئەم کتێبەش ئیندێکسی نییە و گەڕان بۆ بابەتێک تێیدا زۆر سەختە. سەبارەت بە ڕووبەرگی کتێبەکە خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێش هەیە. ئەویش ئەوەی کە نووسەر بۆخۆی لەناو دەقەکەدا ئاماژە دەکات کە مەبەست لە ئێڤڵوشنی ئێمە ئەوە نییە لە ئاژەڵێکی وەک مەیموون و پێش ئەوەش زیندەوەری تر کەوتبێتینەوە و پێمانوابێت کە بە شێوەیەکی مونەزەرم و ڕێکوپێک مرۆڤ گەشەی کردووە، بەڵکوو بەپێی ڕێکەوت میوتەیشن ڕووی داوە، بۆیە ناتوانین ئەو نەزمە لەبەر چاو بگرین بۆ ئێڤڵوشنی خۆمان. پێچەوانەی ئەم تێڕوانینەی نووسەر، وێنەی ڕووبەرگ هەر ئەو وێنا نەریتییەی لە مرۆڤ پیشان داوە کە نەزمێک لە گەشەسەندنیدا بوونی هەیە.

سەرەڕای خاڵە لاوازەکان، ئەم کتێبە یەکێک لەو کتێبە دەگمەنانەیە کە هیوادارین تامەزرۆیانی زانست کەڵکی لێ وەربگرن و نووسەری بەڕێزیش بۆ چاپەکانی داهاتوو، خاڵە لاوازەکانی چارەسەر بکات.

 

 

 

 

 

1 comment

  1. منیش هەندێکم لێخوێندەوە، باش تێینەگەشتم و وازم لێهێنا