داهاتووتوێژی

داهاتووتوێژی[۱]

هادی سلێمانیدکتۆرای پلاندانانی شاری، زانکۆی خارەزمی، تاران؛ ئێران – Soleymani.h1368@yahoo.com

[۱] . Futures Studies

خەونی زانین و ناسینی داهاتوو، ئاواتێکی گەورەیە کە زۆر کەسان بە درێژایی مێژوو هەوڵیان بۆ داوە. داهاتوو هەر دەم لە سازبووندایە و هەرگیز ڕاناوەستێت، مەگەر ئەوەی کات لە بزاوتن بکەوێت. ئەم هەوڵانە بۆ ناسینی داهاتوو هەر لە کۆنەوە هەندێک جار لە بیچمی کارەکانی فاڵگری، غەیبزانیی عەشیرەت و جاری واش بووە لە بیچمی کاری ئەستێرەناسێکی پێشبین دەرکەوتووە. بەڵام زانست و ناسینی زانستی منداڵێکی بزێو بوو کە سەری بە هەر کەلێن و قوژبنێک و هەر خەون و هەوڵێکدا دەکرد و لە پەیوەندیی نێوان ناسینی زانستی و خەونی ناسینی داهاتوودا دەگەڕا کە لە ئەنجامدا بوارێکی زانینی نوێ دەرکەوت. بوارێک کە هەرچەند بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە بوارەکانی تر درەنگتر سەری هەڵدا، بەڵام زۆر گشتگیر بوو. داهاتووتوێژی وشەیەکی گشتی بوو کە زۆر جاران وەک خاڵی هاوبەشی زۆرێک لەم چەشنە ناسینە زانستییانەی داهاتوو هەژمار دەکرا.

داهاتووتوێژی هاوتەریبی زۆر وشەی تر وەک داهاتووبینی[۱]، پێشبینی[۲] و داهاتووزانی[۳] بە کار دەهێنرێت و هەرچەندە لە زۆرجار لە دەقاندا وەک هاوتا و هاوواتا دێن، بەڵام جیاوازیگەلێکیش لە نێوانیاندا بە دی دەکرێت، جیاوازیگەلێک کە ڕەنگە زۆر بەر سەرنجی ڕای گشتی نەکەوتبن.

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەرێت ناساندێکی هەرچەند کورت لە داهاتووتوێژی پێشکەش بکرێت و ئەم ناساندنەش لەسەر چوار تەوەری سەرەکیی  پێشینە، ئامانجەکان، گریمانە و ئامرازەکانی داهاتووتوێژی بنیات دەنرێت.

 

[۱] . Foresight

[۲] . Forecasting

[۳] . Futurology

هەروا کە لە بەشی پێشەکیدا ئاماژەی پێکرا، دەتوانین مێژووی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ناسینی داهاتوو بۆ سەردەمانێکی دوور بگەڕێنینەوە و بنەمای زۆرێک لە دابونەریتی مێژوویی لەودا بدۆزینەوە. بۆ وێنە، دابونەریتێک کە پاش لەدایکبوونی منداڵ ئەنجام دەدرێت تا داهاتوویەکی ڕوون و پڕ لە سەرکەوتنی هەبێت یان دابونەریتێک کە شەڕوانانی کۆن بۆ سەرکەوتووبوونی هێرشی  خۆیان بە ڕێوەیان دەبرد یان بگرە پرسیارگەلێک کە فەرماندەرانی جەنگیی کۆن لە ئەستێرەناسی بەربێژ بۆ دەستنیشانکردنی کاتی گونجاوی هێرش دەیانپرسی.

بەڵام وا دروستترە کە داهاتووتوێژی وەک ناسینی زانستی داهاتوو پێناسە بکەین و بەم شێوەیە ڕەنگە بۆ چالاکیگەلێکی دەگمەن تا پێش سەدەی بیستەم بتوانین ئەم وشەیە بە کار بهێنین. یوتۆپیاکان[۱] لەم هەوڵە زانستییە دەگمەنانەن. کتێبی یوتۆپیای تۆماس مۆر[۲] کە لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەیەم و ساڵی ١٥١٦دا بڵاو کرایەوە، خاڵێکی وەرچەرخان لەم جۆرە هەوڵانە دێتە ئەژمار.

جگە لە یوتۆپیاکان، بواری پێشبینیش لە هەوڵەکانی تر بۆ ناسینی داهاتووە. پێشبینی لەناو زانستەکاندا وشەیەکی زۆر گشتگیرە و وەک یەکێک لە قۆناغەکانی تاقیکردنەوەی بیردۆزێک[۳] بە کار دێت؛ بەم چەشنە کە ئەگەر بیردۆزێک بۆ بارودۆخێکی تایبەت، حاڵەتێک پێشبینی بکات، ئەوا بەراوردی پێشبینی لەگەڵ بارودۆخی ڕاستەقینە دەتوانێت وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەو بیردۆزە بێتە ئەژمار، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە ئایا بیردۆزەکە لەم تاقیکردنەوەیەدا سەرکەوتوو دەبێت یا نا.

جەختکردنەوەی زۆری ئەزموونخوازان[۴] لەسەر پێشبینییەکانی بیردۆز، یارمەتییەکی گەورەی بە پەرەپێدانی ئەم بوارە دا. زۆرێک لە بیردۆزەکان تا پێش لەمە تەنیا سەرقاڵی وەسفاندن و لێکدانەوەی بابەتەکان بوون؛ لەوە بەدوا بە ناچار دەبوو توانای پێشبینیشییان وەگەڕ بخەن. لە نموونەی ئەمانە دەتوانین بەو چالاکییانەی لە بواری زانستی ئابووری ئەنجام دەدرا ئاماژە بکەین، چالاکیگەلێک کە بوونە هۆی دەرکەوتن و پەرەپێدانی ئابووریپێوی[۵].

بەڵام گریمانەی بنەڕەتی ئەوە بوو کە داهاتوو، داهاتوویەکی تاقانەی چەسپیو و نەگۆڕە. لە ڕاستیدا گریمانەی شاراوە لە چالاکیی ئەزموونخوازان ئەوە بوو کە بیردۆزی باشتر ئەو بیردۆزەیە کە پێشبینیی ڕاستتر بکات یان بە واتایەکی تر هەبوونی بیردۆزێکی باشینه کە دەتوانێت ڕووداوەکان بەبێ کەموکووڕی پێشبینی بکات.

لەگەڵ پەژراندنی ئەم بنەمایە کە داهاتوو سەلمێندراو و داسەپاو نییە و داهاتووگەلێکی جواراوجۆر دەتوانێت بپەژرێت، بواری داهاتووتوێژی سەری هەڵدا (وێنەی ١ ببینە). ئەگەرچی پێشبینی ئێستاش زۆر خاڵی جێی سەرنج و ڕچەشکێنی هەیە بەڵام لە گشت بوارەکاندا توانای هەموواندنی[۶] نییە و ناسینی زانستیی داهاتوو بەپێی گریمانەگەلێکی نوێتریش ئیمکانی هەیە، گریمانەگەلێک کە لە داهاتووتوێژی ڕەچاو دەکرێت.

وێنەی١. لە پەرستگەوە بۆ داهاتووتوێژ

[۱] . Utopia

[۲] . Thomas More

[۳] . Theory

[۴] . Experimentalists

[۵] . Econometrics

[۶] . Generalization

دەتوانین ئاماژە بە فاکتۆرگەلێکی زۆر بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە زانستییە نوێیە بکەین، فاکتۆرگەلێک کە ژمارەیەکیان هەڵقوڵاوی دۆخی کۆمەڵایەتی بوون و بە شێوەیەکی ئامانجدار و فەرمیکراو نەبوون، و دەستەیەکی تر چالاکیگەلی ئاگادارانە و ئامانجدار بوون کە پتر لە تۆڕ و کۆمەڵە و ئەنجومەنەکانی داهاتووناسی دەردەکەوتن.

وەندڵ بێڵ[۱] ئاماژە بە سێ فاکتۆری کاریگەر دەکات، فاکتۆرگەلێک کە وێدەچێت ئەوەندە فەرمیش نەبووبێتن:

١- چیرۆکە زانستی-خەیاڵییەکانی جول ڤێرن[۲] و نووسراوەکانی ئێچ. جی. وێڵز[۳]

٢- پێکدادانە کلتوورییەکان وەک جەنگی دژ بە ڤیەتنام یان خۆپیشاندانی ڕەشپێستەکان لە دەیەی ١٩٦٠دا

٣- بزووتنەوەی پشتیوانی لە ژینگە لە دەیەی ١٩٧٠دا و بڵاوبوونەوەی کتێبی بەناوبانگی ئەلڤین تافلێر[۴]، “شۆکی داهاتوو[۵]

ئەم فاکتۆرانە بوونە  هۆی ئەوەی  هۆگربوونی داهاتوو ببێت بە مۆدی ڕۆژ. چاوخشاندنێک بە سەر ئامار و ژماری پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی داهاتووتوێژی ئەم ڕاستییەمان باشتر بۆ دەردەخات:

١- لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٩ پوختەی نزیک بە ١٠ هەزار کتێب، ڕاپۆرت و وتاری پەیوەندیدار بە داهاتوو لە ساڵنامەی ڕووپێویی داهاتوو[۶] بڵاو کرایەوە. ئەم کتێب و ڕاپۆرت و وتارانە تەنیا ژمارەی ئەوانەن کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بوونەتەوە.

٢- لە ساڵی ١٩٨٦دا نزیکەی ٣٢٧ بڵاڤۆک لەم بوارەدا چالاک بوون.

بەڵام چالاکییە فەرمی و ئامانجدارەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵە و ئەنجومەنەکاندا، کاریگەرییەکی زۆر گرینگیان لەسەر بواری داهاتووتوێژی دانا. هەرچەندە ژمارەی ئەم کۆمەڵ و ئەنجومەنانە زۆر بوو، بەڵام ژمارەیەکیان کاریگەرییەکی ئەوەندە بەهێزیان لەم بوارەدا هەبوو، کە دەتوانین بڵێین مێژووی داهاتوو توێژی بە بێ ئاماژە دان بەوان بێ واتایە، واتە ئەوان نەک بەشێک لە مێژووی داهاتووتوێژی بەڵکوو بەشێک لە هەبوونی داهاتووتوێژین. گرینگترینی ئەم ڕێکخراوانە بریتین لە:

١- کلابی ڕۆما[۷]

٢- کۆمەڵەی داهاتووی جیهان[۸]

٣- ڕاند[۹]

٤- ئەنیستیتۆی هادسۆن[۱۰]

٥- فەدراسیۆنی داهاتووتوێژیی جیهان[۱۱]

[۱] . Wendell Bell

[۲] . Jules Verne

[۳] . H.G. Wells

[۴] . Alvin Toffler

[۵] . Future Shock

[۶] . Future Survey Annual

[۷] . Club of Rome

[۸] . World Future Society

[۹] . RAND

[۱۰] . Hudson Institute

[۱۱] . World Futures Studies Federation

سەرەکیترین ئامانجی داهاتووتوێژی پاراستن یا باشترکردنی خۆشبژیویی[۱] مرۆڤ و توانایی بەردەوامیی ژیان لەسەر گۆی زەوییە، ئەم ئامانجە سەرەکییە لە ڕێگەی توێژینەوە جۆراوجۆرەکان سەبارەت بە داهاتوو و بیری داهاتووتەوەر بەدی دێت. لەم بوارە توێژینەوەییەدا هەوڵ دەدرێت تا بە ڕۆنانی داهاتووی ئەلتێرناتیڤ[۲]، سێ داهاتووی خوارەوە باشتر بناسرێن:

١-داهاتووی لواو[۳]

٢-داهاتووی شیمانەیی[۴]

٣-داهاتووی شیاو[۵]

بەم چەشنە دەبێت ئەو داهاتووە لواوانەی کە دەبن بە هۆی بەختەوەریی زۆرتر یان چارەڕەشیی مرۆڤ، بناسرێن؛ شیمانەییترین داهاتووەکان بناسرێنەوە و لە ئەنجامدا داهاتوویەک بناسێنرێت کە لەودا مرۆڤ بەختەوەری و خۆشبژیویی پتر بەدەست بهێنێت (وێنەی ٢ ببینە).

وێنەی٢. پەیوەندیی نێوان داهاتووەکان

بەم پێیە داهاتووتوێژی بە تەواوەتی بە بەها و نۆرمەکان و ئەوەی بەختەوەری و خۆشبژیویی زۆرتری لێدەبێتەوە، دەبەسترێتەوە. لە لایەکی ترەوە، داهاتووتوێژی بە ناسینی هۆکارەکانی گۆڕانکاریش دەبەسترێتەوە. مەک هاڵ[۶] سەبارەت بە ئامانجەکانی داهاتووتوێژی دەڵێت: “ئامانجی لێکۆڵینەوەکانی داهاتووتوێژی، خەریکبوون بە کاتی هەنووکەوەیە”. لە ڕاستیدا بنەماکانی داهاتووتوێژی بریتین لە:

یەکەم؛ کردەوەیەک کە لە کاتی ئێستادا ڕوو دەدات، هەر ئەو شتەیە کە بیچمی داهاتوو دیاری دەکات. بەم پێیە، دەبێت بۆ بارودۆخی ئێستا لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە بکرێت؛ چونکە بیرکردنەوە سەبارەت بە داهاتوو، بە گشتی لەسەر ئەم بابەتە ساغ دەبێتەوە کە ئەو ئەرکەی لە ئێستادا لە ئەستۆمانە بزانین و بە واتایەکی تر تێبگەین کە بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئێستا و هیواکانی داهاتوو، دەبێت چ بکەین تا داهاتوویەکی باش و دڵخواز بەدی بهێنین.

دووەم؛ بیرکردنەوە سەبارەت بە داهاتوو، ڕۆڵی “ناسینی دۆخ” دەگێڕێت؛ واتە یارمەتیمان دەدات تا بارودۆخی خۆمان لە کاتی ئێستادا دەستنیشان بکەین و بزانین ئێستا لە کوێین. زۆر جاران خێرایی گۆڕانکارییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکان لە هەمبەر ئەو شتانەی خەریکە ڕوو دەدەن و ئەوەی لە ڕابردووی نزیکدا ڕووی داوە، دابمێنن.

ئەگەر لە هزری تاکەکاندا چوارچێوەیەکی گشتی بۆ جێیەک کە لێی بوون، جێیەک کە بەرەو ئەوێ دەڕۆن و جێیەک کە دەیانهەوێت پێی بگەن نەبێت، کاتی “ئێستا” واتا و بوونی خۆی لە دەست دەدات و ئیتر دەرک ناکرێت. بۆ وێنە ئەگەر ئێوە بزانن لیوانێک نیوەپڕە یاn نیوەبەتاڵ، ئەم ئاگادارییە یارمەتیتان دەدات بزانن ئەم لیوانە هەفتەی پێشوو پڕ بووە، دوێنێ دوو لە سێی پڕ بووە، ئەمڕۆ نیوەی بەتاڵە و ڕەنگە سبەی تەواو بەتاڵ بێت. یا بە پێچەوانەوە هەفتەی پێشوو تەواو بەتاڵ بووبێت، دوێنێ یەک لە سێی پڕ کراوە، ئەمڕۆ نیوەی پڕە و ڕەنگە سبەی تەواو پڕ بێتەوە.

سێیەم؛ ئەنجامەکانی داهاتووتوێژی ئەم هەلە بۆ تاکەکان دەڕەخسێنێت ویستی ئێستای خۆیان لەگەڵ ویستی داهاتوو هەڵبسەنگێنن. بۆ وێنە ڕەنگە تاکەکان لە کاتی ئێستادا خۆیان لە هەندێک شت بێبەش بکەن و لەجیاتی ئەوە چاوەڕێی گەیشتن بە ئاواتگەلێک بن کە هەرگیزیش پێی ناگەن.

پێچەوانەی ئەم بابەتەش دەکرێت؛ واتە تاکەکان هیچ بایەخێک بە داهاتوو نەدەن و بە گشتی لێی گەڕێن، لە ئەگەری ئەم حاڵەتەشدا داهاتووی خۆیان وێران دەکەن.

[۱] . Welfare

[۲] . Alternative Future

[۳] . Possible Future

[۴] . Probable Future

[۵] . Preferable Future or Desired futures

[۶] . McHale

وەندڵ بێڵ توانیویەتی بە سەرنجدان و وردبینیی ناوازەی خۆیەوە، گریمانە داڕێژراوەکانی داهاتووتوێژی لە چوارچێوەی پێڕستێکی گشتگیر ڕێک بخات. ئێمە لەم بەشەدا پوختەیەکی ئەم گریمانانە دەخەینە بەر باس:

ئ- گریمانە گشتییەکان: ئەم گریمانانە لایەنی گشتی و هەمەکییان هەیە و لە زۆر بواری زانستیی تریشدا بەکاریان دەهێنن.

ب- گریمانە تایبەتەکانی داهاتووتوێژی: گریمانەگەلێک کە تایبەتی ئەم بوارەن، هەرچەندە ڕەنگە لە بوارەکانی تریشدا هەبن بەڵام لە ڕیزی بڕواکانی داهاتووتوێژین.

گریمانە گشتییەکان:

١- تاکەکان بە دوای پڕۆژەکانی خۆیانەوەن؛ ئەوان بوونەوەرێکی چالاک، خاوەن بڕیار و ئامانجخوازن، بۆخۆیان پرۆژەگەلێکیان داڕشتووە و لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ پێگەیشتنیانن.

٢- کۆمەڵگە پێکهاتووە لە:

ئ) نموونەگەلێکی دووپاتە لە ئاکاری تاکەکان لە هەمبەر یەکتر

ب) ئاڵوگۆڕی ئاسایی و بەرنامەگەلێک لە چوارچێوەی کات، شوێن[۱]، بیرەوەرییەکان، ئاوات و هیوا و دڵەڕاوکێ لە هەمبەر داهاتوو و بڕیاردانی تاکەکان پێک دێت.

کۆمەڵگە لە کردەوە[۲]، کاردانەوە[۳] و کارلێکی[۴] ڕۆژانەی تاکەکان پێک دێت و پێک دەهێنرێتەوە.

گریمانە تایبەتەکانی داهاتووتوێژی:

٣- کات بە شێوەی یەکلایەنە و بەبێ گەڕانەوە بەرەو پێش دەڕوات.

٤- هەر شتێک لە داهاتوودا بەدی دێت، بێگومان لە ئێستا یان ڕابردوودا بوونی نەبووە.

٥- بیرکردنەوە سەبارەت بە داهاتوو بۆ پێشڤەچوونی کار و چالاکییەکانی ئێستای مرۆڤ پێویستە.

٦- داهاتوو بە تەواوەتی دەستنیشانکراو و داسەپاو نییە.

٧- داهاتوو لەژێر کاریگەریی چالاکییە بەکۆمەڵ و تاکەکەسییەکانی مرۆڤدایە.

٨- تێگەیشتن لە داهاتوو پێویستی بە ڕوانگەیەکی گشتبین و هەمەلایەنە هەیە.

٩- ژمارەیەک لە داهاتووەکان باشتر لەوانی ترن (داهاتووی شیاو).

١٠- بۆ بینینەوەی ڕاستەڕێی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بەسوودترین زانین، زانین و ناسین لەهەمبەر داهاتوویە.

١١- هیچ ناسینێکی تەواو لە هەمبەر داهاتوودا نییە (داهاتووی لواو).

 

[۱] . Place

[۲] .Action

[۳] . Reaction

[۴] . Interaction

جیاوازیی داهاتووتوێژی لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانە مێژووییەکانی تری مرۆڤ، لە دەستڕاگەیشتن بە وێنەی داهاتوو لە ڕێبازی زانستی داهاتووتوێژیدا بوو. داهاتووتوێژی زانینێکی زانستی[۱] بوو و لەم ڕووەوە لە ڕێبازدۆزیی[۲] زانستی سوودی وەردەگرت. ئامرازەکانی داهاتووتوێژی ئەو ڕێبازە زانستییانە بوون کە بە کەڵکوەرگرتن لەوان مرۆڤ دەیتوانی ناسینێکی  زانستییانەتر لە داهاتوو بە دەست بهێنێت.

ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە سەبارەت بە ئامرازەکانی داهاتووتوێژی گرینگن:

١- هەرچەندە میتۆدەکانی تایبەتی داهاتووتوێژی وەک دیلفی[۳] یا سناریۆ[۴] بە دەستی داهاتووتوێژانی بەناوبانگ داهێنران، بەڵام هەنووکە لەم میتۆدانە لە بوارەکانی تری زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش سوود وەردەگیرێت. بەم پێیە دیلفی ئیتر ئامرازی تایبەتی داهاتووتوێژی نییە و وەک میتۆدێکی زانستیی گشتی بۆ توێژینەوە چاوی لێدەکرێت.

٢- میتۆدەکانی تر کە لە زانستەکانی دیکە بە تایبەت زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەک ڕێبازی لێکۆڵینەوەی زانستی دەناسرا، هەنووکە لە داهاتووتوێژیش بە کاریان دەهێنن؛ بۆ نموونە میتۆدەکانی زنجیرەی کاتی[۵]، پێوان[۶]، پانێل[۷]، مۆدێلسازی[۸] و هاوشێوەسازی[۹] و هەتد لە داهاتووتوێژی بە شێوەیەکی بەربڵاو بە کار دە‌هێنرێن.

٣- لەو ڕووەوە کە لە تێڕوانینە کێشەکییەکاندا (ڕێساییەکان)[۱۰] داهاتووی باشینە دەخولقێندرێت، بەم پێیە لە هەموو شێوازەکانی داهێنەرییەتی وەک ئامرازی داهاتووتوێژی سوود وەردەگیردرێت.

٤- لە چالاکی و بەرنامەکانی داهاتووتوێژی تەنیا لە یەک میتۆد سوود وەرناگیرێت و هەوڵ دەدرێت ئاوێتەیەکی گونجاو لە میتۆدەکان ڕەچاو بکرێت.

[۱] . Scientific Knowledge

[۲] . Methodology

[۳] . Delphi method

[۴] . Scenario

[۵] . Time Series

[۶] . Survey

[۷] . Panel

[۸] . Modeling

[۹] . Simulation

[۱۰] . Normative Approach

Lindgren، Mats، and Hans Bandhold.(2009). Scenario Planning The link between future and  strategy. Mats Lindgren and Hans Bandhold.

 

Pillkahn, Ulf (2008), Using Trends and Scenarios as Tools for Strategy Development. Publicis KommunikationsAgentur GmbH، GWA، Erlangen.

R.A. Slaughter (1996), New Thinking for a New Millennium, Routledge: London.

 

سەرنج بنووسن