دەرزەنێک جینی پەیوەست بە خەمۆکییەوە دۆزرایەوە

دەرزەنێک جینی پەیوەست بە خەمۆکییەوە دۆزرایەوە

دەرزەنێک جینی پەیوەست بە خەمۆکییەوە دۆزرایەوە

 

زاناکان دەرزەنێک جینییان ئاشکرا کرد کە مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی زیاد دەکەن – دۆزینەوەیەکی گرنگ ھۆکاری ئاڵۆزیی ھەندێک نەخۆشی ڕوون دەکاتەوە و ھۆکاری ئەوەی دەرمانە دژە خەمۆکییەکان کار لە ھەندێک کەس دەکات و بەڵام بە تەواوی بێسوودە بۆ ئەوانی تر، دەردەخات.

 

کۆنسرسیۆمێکی جیھانی لە زیاد لە ٢٠٠ زانا، ٤٤ جیاوازیی جینی یاخود گۆڕانکارییەکی بچووکیان لە جین دۆزییەوە کە ھەر یەکێکیان لە ڕێگەیەکەوە پەیوەندییان هەیە بە مەترسیی توشبوونی کەسەکان بە خەمۆکییەوە. ٣٠ دانە لە جیاوازییە جینییەکان پێشتر لە ھیچ توێژینەوەیەکدا ئاشکرا نەکرابوون.

 

ئومێدەکە لەوەدایە دۆزینەوەکە ڕێی دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ خەمۆکی خۆش دەکات، ئەو نەخۆشییە سەختەی ساڵانە لە جیھاندا کار لە ١٥ لە سەدی کەسانی پێگەیشتوو دەکات. تەنھا نزیک بە نیوەی نەخۆشەکان وەڵامی چارەسەرییەکان دەدەنەوە کە چارەسەر بە دەرمان و چارەکردنی دەروونی دەگرێتەوە.

 

 

دکتۆر ستیڤن ھایمان لە پەیمانگای MIT و زانکۆی ھارڤارد دەڵێت “خەمۆکی یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی تەندروستیی گشتی”

 

ھایمان دەڵێت “سەرەڕای چەند دەیەیەک لە ھەوڵدان تاکوو ئێستا بە دەگمەن زانیاریمان لەسەر میکانیزمە بایۆلیجییەکانی خەمۆکی ھەیە” دەشڵێت “ئەم توێژینەوەیە ھەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو ڕوونکردنەوەی بنچینە سەرەکییەکانی خەمۆکی”

 

ئەو توێژینەوە زەبەلاحە جینۆمی زیاد لە ١٣٥٠٠٠ نەخۆشی توشبوو بە خەمۆکی توندی لێکدایەوە و بەراوردی کرد بە جینۆمی ٣٣٥٠٠٠ کەس کە خەمۆکییان نەبوو.

 

توێژینەوەکە ئەوەی دۆزییەوە زۆربەی ئەو جینانەی بەستراون بە خەمۆکییەوە، لە ھەمان کاتدا بە نەخۆشی دەروونیی ترەوە بەستراون، ھەروەکوو شیزۆفرینیا و ناسازیی کەسایەتیی دووجەمسەری، ھەتاوەکوو ھەندێک کێشەی تەندروستیی تریش بەستراون بە خەمۆکییەوە وەکوو قەڵەوی و بێخەوی.

 

بەشێک لە جیاوازییە جینییەکان کۆنترۆڵی دەمارە گوێزەرەوەکان دەکەن لە مێشکدا ھەروەکوو دۆپامین و ئەدرێناڵین، کە دەرمانە باوەکانی دژەخەمۆکی کارییان لێدەکەن. بەڵام بەشێکی تر لە جیاوازییە جینییەکان ھیچ سەروکارێکی لەگەڵ دەمارە گوێزەرەوەکان نییە، ئەمەش ڕەنگە ڕوونی بکاتەوە بۆچی ھەندێک دەرمانە دژە خەمۆکییەکان لە ھەندێک کەسدا کە بنچینە بۆماوەیی خەمۆکییان دەکەوێتە شوێنی تر لە مێشکیاندا، کار ناکەن.

 

لە توێژینەوە نوێیەکەدا، توێژەران ھیچ جۆرە گوڕانێکی جینیی بەھێزیان نەدۆزییەوە ببێتە ھۆی توشبوون بە خەمۆکی بەو ئەندازەیەی بازدان لە جینی BRCA1 دروستی دەکات، کە دەبێتە ھۆی شێرپەنجەی مەمک. بەڵکوو، ھەر جیاوازییەکی جینی بە ڕێگای پلەبەندی دەبێتە ھۆی توشبوون بە خەمۆکی.

 

پێشەنگی توێژینەوەکە، پڕۆفیسۆر نۆمی رەی لە زانکۆی کوینزلاند دەڵێت “ھەموو کەسێک بەشێک لەو جینانەی ھەڵگرتووە کە دەبێتە ھۆی خەمۆکی، بەڵام ھەندێک کەس بەشێکی زیاترییان ھەڵگرتووە لەوانی تر، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی لەبەردەم مەترسییەکی زیاتری توشبوون بە خەمۆکیدا بن”

 

توێژینەوەکانی پێشووتر لەسەر جمکە لێکچووەکان دەریانخست دەکرێت جین بەرپرسیار بێت لە نیوەی حاڵەتەکانی خەمۆکی. ئەوانی تر، ھۆکارەکە دەکرێ فشار یاخود ڕوداوێک بێت. ھەندێک کەس بە ھۆکارێکی نەزانراو سەلامەت دەمێننەوە، سەرەرای تێپەڕین بە ھەندێک ئەزموون کە کەسانی تر لە ڕێیەوە توشی خەمۆکی دەبن.

 

ڕای لە لێدوانێکیدا دەڵێت “ئێمە دەزانین جۆرەھا ئەزموونی جیاوازی ژیان دەبنە ھۆی توشبوون بە خەمۆکی، بەڵام دەرخستنی مەترسیی ھۆکارە بۆماوەییەکان دەرگای نوێ لەسەر توێژینەوە لە ھۆکارە بایۆلۆجیکییەکانی خەمۆکی دەکاتەوە”

 

سولیڤان دەڵێت “زۆربەی دەرمانە دژە خەمۆکییەکان بە ڕێکەوت دۆزراونەتەوە، بەڵام لەمڕۆ بە دواوە گەڕان بە دوای دەرمانی نوێدا دەکرێت ھۆشیارانە بێت لە ڕێی دۆزینەوە بایۆلوجیکییەکانەوە”

 

وشەکان:

 

Depression: خەمۆکی

Antidepressant drug: دەرمانی دژە خەمۆکی

schizophrenia: شیزۆفرینیا

Bipolar disorder: ناسازیی کەسایەتیی دووجەمسەری

Insomnia: بێخەوی

Neurotransmitter: دەمارە گوێزەرەوە

Incremental way: رێگەی پلەبەندی

identical twins: جمکە لێکچووەکان

 

سەرچاوە: www.livescience.com/62432-massive-study-depression-genes.html

 

ئامادەکردنی: عەبدوڕەحمان ئەبوبەکر