زیندەوەرزانی

کاتێک بۆ چرکەیەک بیر لە خۆت و دەوروبەرت دەکەی دەبینی کە دنیا چ جوانە؛ دوای ئەوە کە جوانی چاو و هەستی پڕکردییەوە کەمێک قووڵتر بیر دەکەیتەوە، ئەم کاتە وردە وردە لە کاری ئەم جیهانە سەرت سووڕ دەمێنێت، بۆ ماوەیەک لە ناو مێشکت شتێک قورسایی دەکات، دەترسیت دوبارە چاو هەڵێنی تا ببینی، دەنگی باڵدارەکان وەک جاران نامێنێت، بەجێی ئەوە کە دڵخۆشت بکەن دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ، پێت خۆشە مستت بقووچێنیت تا دەستت بە هیچ نەکەوێت، دەمت بنوقێنیت و ڕۆژوو بگری تا تامی هیچ نەچێژی، کەپۆت بگری تا خۆت لە بۆنی خۆش و ناخۆشی دنیا بێبەش بکەی، بەڵێ ناتهەوێ تەنانەت بیریش بکەیتەوە لەبەر ئەوەی کە لەوانەیە لەم کاتەدا هەست بە خۆت بکەیت، ئاخر تۆش بەشێکی لەم جیهانە کەواتە خۆشت دەبیتە هۆی دڵەڕاوکێ، هەستێکی نامۆ لە ناو دەروونت ساز دەبێت، پرسیار لە دوای پرسیار لەناو مێشکت دێن و دەڕۆن. کاتێک پرسیارەکان ئەوەندە زۆر دەبن و ئەوەندە تێیانەوە دەگلێیت، ترس و دڵەڕاوکێ جێی خۆیان بەجێ دیڵن بۆ مڵ و مۆ، لەبەرئەوەی کە مێشک توونی و برسیی فێربوونە چاوت هەڵدێنی تا لەسەرڕا دنیا ببینی، گوێیەکانت قوت دەکەی تا ئەم جارە تەنانەت گوێ لە دەنگی هەنگاو هاویشتنی کرم و خشپەی ئاوی ناو دەمارەکانی گوڵەکانیش ڕاگری، مستەکانت بە بارتەقای پانایی دنیا ئاواڵە دەکەی تا هەست بە خۆڵ، ئاو، ئاگر و هەوا بکەی، ڕۆژوەکەت دەشکێنی تا تاڵی، سوێری، ترشی و شیرنی چاتر بچێژی، لە ناخی دڵتەوە بۆنەکان هەڵدەمیسی. ئێستا دنیا دەبینی و پرسیارگەلێکی زۆر لە مێشکتدایە کە وڵامی دەوێتەوە.

بێتوو کەلکەلەی بیرت چەندێتی پێکهاتەکان، ماک، جووڵە، هێز، وزە و تێگەیشتن لە چۆنیەتیی ئاکاری گەردوون و ئەستێرەکان بێت، خولیای بیرکاری و فیزیا دەبی. گەڕان بە دوای ناسینی سروشتی ماک و چۆن گۆڕینیان، چۆنیەتی پێکەوەلکانی ئەتۆم[۱] و مالکیول[۲] بیر و هۆشت دەبا بۆ بەشی زانستی کیمیا. وڵام دانەوە بە پرسیارەکانی سەبارەت بە ژیان و چۆنیەتی بەدیهاتنی لەسەر زەوی لە چوارچێوەی زیندەوەرزانی بەدی دێت.

لەو کاتەوە کە مرۆڤ لەسەر زەوی بۆ مانەوە ھەوڵی داوە، پێویستی بە ناسین و کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە ڕووەکەکان و ئاژەڵەکان بووە تا بتوانێت دەستەمۆیان بکات و یان خود لە کاتی ڕاوکردن سوود لەم زانیارییانە وەرگرێت. کشتوکاڵ هەوەڵین و گرنگترین هەنگاوی مرۆڤ بەرەو پێشکەوتن و شارستانیەتی بووە و پزیشکی و دەرمانکردنی نەخۆشییەکانیش هەر لە سەرەتاوە گرنگی خۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی هەبووە، بە جۆرێک کە کۆنترین دەقەکان سەبارەت بە پزیشکی لە چین دەگەڕێتەوە بۆ ۲۵۰۰ ساڵ بەر لە زایین، لە مێزۆپۆتامیا ۲۰۰۰ ساڵ بەر لە زایین، و لە میسر بۆ ۱۸۰۰ ساڵ بەر لە زایین. بەڵێ بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە تەمەنی زیندەوەرزانی بە درێژایی تەمەنی ژیانی مرۆڤە. بەڵام زیندەوەرزانییەک کە ئەمرۆکە ئێمە باسی لێدەکەین دەگەڵ ئەوەی دنیای کۆنی[۳] چین، مێزۆپۆتامیا و میسر یان زەمانی بوقرات[۴]، ئەرەستوو[۵]، گالین[۶]، چارلز داروین[۷] و گرێگۆر مەندل[۸] جیاوازییەکی زۆری ھەیە، بەڵام ئامانج یەک شتە و ئەویش گەیشتن بە زانیاری لەسەر ژیان، بە پێی ئەوەی کە لەسەردەمی خۆمان لەدەستمان دێت. زیندەوەرزانی بە گشتی یانی ناسین و لێکۆڵینەوە لەسەر تەواوی زیندەوەرانی سەر زەوی. زیندەوەرزانان لەسەر پێکهاتە، کار و چالاکی، سەرچاوە، گەشەکردن، گۆڕان، گووران[۹] و بڵاوبوونەوەی زیندەوەران لێکۆڵینەوە دەکەن.

بە پێی کات و زانیارییەکان، زیندەوەرزانەکان بە درێژایی مێژووی زیندەوەرزانی کۆمەڵێک بابەتی سرنجڕاکێشیان خستۆتە بەردەست و بە پێی ئەمە لقە جۆراوجۆرەکانی زیندەوەرزانیان پێناسە کردووە، و زانایان لە بواری زیندەوەرزانی لە سەردەمی ئێستاش سەرەڕای بابەتەکانی پێشووتر سرنجیان خستۆتە سەر بابەتگەلێکی نوێی دیکەش، و ھەموو ئەوانەش پێکەوە وایان کردووە کە لقگەلێکی جیاواز و جۆراوجۆر لە بواری زیندەوەرزانی پێناسە بکردرێن.

[۱] Atom اتم

[۲] Molecule ملکول

[۳] Ancient دنیای باستان

[۴] Hippocrates بقراط

[۵] Aristotle ارسطو

[۶] Galen جالینوس

[۷] Charles Darwin چارلز داروین

[۸] Gregor Mandel گرگور مندل

[۹] Evolution تکامل، فرگشت

گیانەوەرزانی[۱]: لێکۆڵینەوە لەسەر ژیانی ئاژەڵەکان کە تاوتوێکردنی هەڵسوکەوتی ئەوانیش لەخۆ دەگرێت.

ڕووەک‌زانی[۲]: لێکۆڵینەوە لەسەر ژیانی ڕووەکەکان.

توێکارزانی[۳]: لقێک لە زیندەوەرزانی کە سرنج دەداتە پێکھاتەی زیندەوەران.

کارئەندام­زانی[۴]: لەسەر ڕەوت و کارکردی کۆئەندامان دەکۆڵێتەوە.

تۆل­زانی[۵]: لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی گەشەی زیندەوەر لە تۆم دەکات.

ژینگەزانی[۶]: لە چۆنیەتی پەیوەندیکردنی زیندەوەران لەگەڵ ژینگە دەکۆڵێتەوە.

زیندەوەرزانی گووران[۷]: توێژینەوە لەسەر سەرچاوە و ڕەگەزی زیندەوەران بە درێژایی مێژووی ژیان.

میکرۆب­زانی[۸]: لقێک لە زیندەوەرزانی کە دەپڕژێتە سەر میکرۆب.

ڤایروس­زانی[۹]: لقێک لە زیندەوەرزانی کە دەپڕژێتە سەر ڤایرۆس.

ژیوکیمیا[۱۰]: کیمیای ژیان باس لەمە دەکات کە چۆن کاردانەوەی مالیکیولگەلی ژیان لەسەر یەکتر دەبنە ھۆی بەدیھاتنی تایبەتمەندییەکانی بوونەوەران.

زیندەوەرزانی خانەیی[۱۱]: تیشک دەخاتە سەر پێکھاتە و ھەرمانی خانە و لە ئاقاری ئەم ڕاستییە کە خانە یەکەی بنەڕەتی ژیانە دەسووڕێتەوە.

زیندەوەرزانی مالیکیولی[۱۲]: لێکۆڵینەوە لەسەر مالیکیولەکان لە ڕوانگەی زیندەوەرزانییەوە دەکات.

جنێتیک[۱۳]: باس لە دیاردەی بەمیراتگرتنی تایبەتمەندییەکان و ھۆکارە میراتییەکان دەکات.

[۱] Zoology جانورشناسی

[۲] Botany گیاه شناسی

[۳] Anatomy کالبدشناسی

[۴] Physiology فیزیولوژی

[۵] Embryology جنین شناسی

[۶] Ecology بوم شناسی

[۷] Evolution تکامل، فرگشت

[۸] Microbiology میکروبیولوژی

[۹] Virology ویروس شناسی

[۱۰] Biochemistry بیوشیمی، زیست شیمی

[۱۱] Cell biology زیست شناسی سلولی

[۱۲] Molecular biology زیست شناسی مولکولی

[۱۳] Genetics ژنتیک

زیندەوەرزانی تەنە ئاسمانییەکان[۱]: تیشک دەخاتە سەر گووران، بڵاوبوونەوە و داھاتووی ژیان لەناو گەردووندا.

بیۆئەنفۆرماتیک[۲]: بەکارھێنانی زانیاری تەکنۆلۆژی بۆ توێژینەوە، کۆکردنەوە و ڕاگرتنی ژێنۆمێک[۳]، پرۆتیۆمیک[۴] و زانیاریگەلی تری ژینی.

ژیوفیزیا[۵]: لقێک لە زانستی فیزیا کە دەپڕژێتە سەر وەگەڕخستنی بنەما و شێوازگەلی فیزیا لە بابەتگەلی سەر بە زیندەوەرانەوە.

بیرکاری ژیان[۶]: توێژینەوە لەسەر دۆخەکانی ژیان لە ڕوانگەی چەندایەتی و بیرکاری، وێڕای پێداگری لەسەر مۆدێلسازی[۷].

بێگومان لە بوارەکانی تەندرووستی و کشتوکاڵیش کە زۆر لە زیندەوەرزانی نزیکن لقگەلێکی جیاوازی بەرفراوانی زانستی هەبوونیان هەیە کە هەرکامەیان بە چاوی خۆی دەڕوانێتە پرسی ژیان.

[۱] Astrobiology

[۲] Bioinformatics بیوانفورماتیک

[۳] Genomic ژنومیک

[۴] Proteomic پروتئومیک

[۵] Biophysics بیوفیزیک، زیست فیزیک

[۶] Biomathematics ریاضیات زیستی

[۷] Modeling مدل سازی

گشت لقگەلی زیندەوەرزانی لەسەر زانیاریگەلێک کە لەهەمبەر پێنج چەمکی بنەڕەتی خوارەوە دەسکەوتوون، داڕێژراون:

بیردۆزی خانەیی[۱]: بیردۆزی خانەیی لە سێ بەش پێکھاتووە: ۱) خانە یەکەی بنەڕەتی ژیانە، ۲) ھەر زیندەوەرێک لە یەک یان گەلێ خانە پێکھاتووە و ۳) ھەر خانەیەک لە ئاکامی دابەش بوونی خانەیەکی ترە.

وزە[۲]: گشت زیندەوەران پێویستیان بە وزە و ئاڵوگۆڕیی لەگەڵ خۆیان و ھەروەھا لەگەڵ ژینگە ھەیە.

میراتگری[۳]: زیندەوەران گشت تایبەتمەندییەکانیان لە ڕێگای دی-ئێن-ئێییەوە، کە یەکەی بنەڕەتی گواستنەوەی زانیارییەکانە، لە چینێکەوە بۆ چینێکی­تر دەگوازنەوە.

هاوسەنگی[۴]: زیندەوەران دەبێ بۆ بەردەوامبوون لە ژیانکردندا ھاوسەنگی ناوەکییان و ھەروەھا ھاوسەنگیان لەگەڵ ژینگە بپارێزن.

گووران[۵]: گەڕان بە دوای گۆڕانکاریگەلێک کە بە سەر زیندەوەران بە درێژایی مێژووی ژیان ھاتووە بە گووران پێناسە دەکرێت کە دەتوانین بە بزوێنەری ژیانیش نێوی لێبەرین.

[۱] Cell Theory تئوری سلولی

[۲] Energy انرژی

[۳] Heredity توارث

[۴] Equilibrium تعادل

[۵] Evolution تکامل، فرگشت

1. عەبدوڕرەحمان شەڕەفکەندی (هەژار)، هەنبانەبۆرینە (فەرهەنگی کوردی- فارسی)، ۱۳۸۴‌ ه.ق

۲٫ ماجد مەردووخ ڕووحانی، فەرهەنگی فارسی-کوردی، ۱۳۸۶ ه.ق

[۳] http://www.macroevolution.net

[٤] E. Žuškin, “Ancient Medicine – a Review,” Acta Dermatovenerol Croat, vol. 16(3), pp. 149-157, 2008.

[٥] P. Mazzarello, “A unifying concept: the history of cell theory,”. Nat Cell Biol., vol. 1, pp. E13–E15, 1999.