لەوانەیە ئاو تاکە هێمای ژیان لە دەرەوەی زەوی نەبێت!

لە گەڕان بە دوای ژیاندا، زانایان زیاتر جەخت لەسەر هەبوونی ئاو وەک هێمایەک بۆ هەبوونی ژیان دەکەن. ئێستا توێژەران پێشنیار دەکەن کە جگە لە ئاو، گەڕان بە شوێن هەندێک هێمانی پێویست بۆ ژیان وەک فۆسفۆر و مۆلیبدێنیوم دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.

هەر شوێنێک ئاوی لی بێت لە شوێنی هەورەکانەوە تا قووڵترین شوێنەکانی ژێر زەوی ژیانیشی لێیە. هەر بۆیە کاتی گەڕان بۆ ژیان جەخت دەکرێت کە دەبێت ئەو شوێنە پلەی گەرمییەکەی بە شێوەیەک بێت کە ئاوی بە شێوەی تراو (شل) لێ بێت.

ئاڤی لۆب سەرۆکی بەشی ئەستێرەناسی لە زانکۆی هارڤارد، دەڵێت “ماددەی دیکەش بۆ هەبوونی ژیان پێویستن”، بۆ وێنە ئەو هێمانەی کە بۆ ژیانی ئۆقیانووس لەسەر زەوی پێویستن بریتین لە فۆسفۆر و نیترۆجین. نیترۆجین بۆ دروستکردنی پرۆتین پێویستە و هەردووکی نیترۆجین و فۆسفۆر پێکهێنەری دی.ئێن.ئەی و ئاڕ.ئێن.ئەین. توێژەران دەڵێن کە زیادبوونی نیترۆجین لە ماوەی ٦٣٥ ملیۆن تا ٨٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لەناو ئۆقیانووسەکاندا یارمەتیی پەرەسەندنی ئاژەڵەکانی لەسەر زەوی داوە.

زانایان هەروەها دەڵێن کە ماددە کانزاییەکانی وەک مۆلیبدێنیوم و مەنگەنێز و کۆباڵت بۆ هەبوونی ژیان پێویستن. مۆلیبدێنیوم دەورێکی گرینگ لە چەندین ئانزیمدا دەگێڕێت، بەرچاوترینیان سەقامگیرکردنی نیترۆجینە. بە شێوەیەک کە جووتەکانی ئەتۆمەکانی نیترۆجین لە هەوادا کە پەیوەندییەکی بەهێزی کیمیایی لە نێوانیاندایە دەشکێنێت و تاکە ئەتۆمەکان دەورێکی گرینگیان لە  مۆلکولەکانی ئۆرگانیکیدا هەیە. هەروەها، مۆلیبدێنیوم لەسەر پێکهاتنی پرۆتین و مێتابۆلیزم و گەورەبوونی زۆر ئۆرگانیزمدا کاریگەری هەیە.

هەروەها مەنگەنێز دەورێکی گرینگی لە بەرهەمهاتنی ئۆکسیجن لە ڕێگەی فۆتۆسەنتز لە کلۆرۆپلاستدا هەیە. کۆباڵت چەندین دەوری بایۆلۆجیکیی لە مێتابۆلیسمدا هەیە، بەرچاوترینیان ئەوەیە کە بەشێکی پێکهێنەری ڤیتامین ب-١٢ پێکدێنێت.

وشەکان:

Alien life ژیان لە دەرەوەی زەوی

Phosphorus فۆسفۆر

Molybdenum مۆلیبدێنیۆم

Cobalt کۆباڵت

Manganese مەنگەنێز

Metabolism مێتابۆلیسم

 

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/62901-signs-of-alien-life.html

سەرنج بنووسن