لە باکووری کوردستان ئاسەواری قوربانیکردنی مرۆڤ لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر دۆزرایەوە!

نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی مێزۆپۆتامیا دوو منداڵی دوازدەساڵان –کچێک و کوڕێک- نێژراون کە دەوریان بە پارچەی بچوکی برۆنز داپۆشراوە، بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ دەرکەوتووە کە ژمارەی قوربانیان هەشت کەس بوون.

توێژەران دەڵێن تەمەنی ٦ کەس لەو ٨ کەسەیان بەراورد کردووە کە لە نێوان یازدە تا بیست ساڵ تەمەنیان بووە. ئەم شوێنەوارە لە پارێزگای سێرت لە باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە.

لە توێژینەوەکەدا کە دوێنێ بڵاو بووەتەوە توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم قوربانیانە یەکجێ نێژراون و گۆڕەکانیان بە کەلوپەلی ڕازێنەر خەمڵێنراون.

برێنا هاسێت توێژەری کەونارناسی لە مۆزەخانەی مێژوویی سروشتیی لەندەن و هالوک ساگلامتیمور پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئێگ لە ئزمیر دەڵێن کە ئەم گۆڕە ساڵی ٢٠١٤ دۆزراوەتەوە.

هاسێت دەڵێت کە لەپەنا ئەم دوو منداڵەدا گۆڕی کەسێکی بەتەمەنیش هەیە کە پێشتر بە خاک سپێردراوە. توێژەران دەڵێن کە بەڵگەی ئازار گەیاندن بە جەستەی دوو قوربانییەکەیان دۆزیوەتەوە، هەرچەند هەر کوشتنێکی توندوتیژانە مەرج نییە کە لەسەر ئێسکی قوربانی نیشانەی دەربکەوێت.

بە داپۆشین و بە خاکسپاردنی وردیان، دەردەکەوێت کە هەر هەشت کەسەکە کراونەتە قوربانی و قوربانییەکی بەختکراون. مەبەست لە “قوربانیی بەختراو” ئەوەیە کە کەسانێک قوربانی دەکرێن تا بتوانن یارمەتیی ژیانی پاش مەرگی کەسانی دیکە بدەن.

پێشتریش لە ناوچەی مێزۆپۆتامیا ئاسەواری قوربانیکردنی مرۆڤ دۆزراوەتەوە. بۆ وێنە لە ئەرسەلان تەپە لە پارێزگای مەلاتیە ئاسەواری قوربانیکردنی مرۆڤ لە نزیک ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوە.

لە داهاتوودا تیمەکە پلانیان ئەوەیە شیکاریی ئیزۆتۆپی سەقامگیر (جۆرێک خوێندنەوە کە زانیاری لەسەر شوێنی لە دایکبوون و خواردنی کەسانی مردوو دابین دەکات) و شیکاریی دی.ئێن.ئەی لەسەر ئەم قوربانیانە ئەنجام بدەن. چاوەڕێ دەکرێت ئەم دەستکەوتە یارمەتیی زیاتری چۆنیەتیی پێکهاتنی کۆمەڵگاکان لە درێژایی مێژوودا بخاتە بەر دەستی مرۆڤایەتی.

وشەکان:

Stable isotope analysis شیکاریی ئیزۆتۆپی سەقامگیر

 

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/62954-human-sacrifices-mesopotamia.html

 

 

سەرنج بنووسن