مارمێلکەکان دوای ڕووکردنە نیشتمانێکی نوێ خێرا پەرە دەستێنن!

کورتە: ساڵی ١٩٧١؛ زیندەوەرناسەکان چوار جووتە مارمێلکەی گەنجی ئیتاڵییان لە دوورگەی “پۆد کۆپستێ”ی زێدی خۆیان گواستەوە، کە لە “دەریای باشووری ئەدریاتیک”ە. دەریای ئەدریاتیک بەشێکی دەریای ناوەڕاستە لەنێوان ئیتاڵیا و یوگسلاڤیا، پاشان لە دوورگەی “پۆد مکاروو” نیشتەجێیان کردن، دواتر توێژەرەکان دەریانخست ئەو مارمێلکە بچووک و پشتسەوزانەی بە “پۆدارسس سیکیولا” ناو دەبرێن؛ کە دەبرێنە ژینگەیەکی نوێ بە شێوەیەکی خێرا و بەرفراوان پەرە دەستێنن.

“دەنکان ئیرشیک”ی پڕۆفیسۆری زیندەوەرناسی لە زانکۆی “ماسەچووسێتس” دەڵێت: “دوای تەنها ٣٦ ساڵ کە ماوەیەکی یەکجار کورتە؛ جیاوازیی سەرسوڕهێن لە قەبارە و شێوەی سەر و زیادبوونی توانستی گەستن و گەشەسەندنی پێکهاتەی نوێ لە ڕێڕەوی هەرسی مارمێلکەکە تێبینی کراوە، ئەو گۆڕانە لاشەییانەش شانبەشانی گۆڕانی لەناکاوی چڕیی تاکەکان و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ڕوویان داوە”.

توێژەرەکان ساڵانە دوو جار بۆ ماوەی سێ ساڵ دەگەڕانەوە بۆ دوورگەکە لە بەهار و هاوینی ساڵەکانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦، مارمێلکەکانیان دەگرت و دەیانگواستنەوە بۆ تاقیگەیەکی مەیدانی، درێژیی لمووز تا قنگیان و ڕەهەندەکانی سەریان و بارستایی لەشیان دەپێوان، کلکە قرتاوەکانیان کە بۆ شیکاری DNA وەریانگرتبوون؛ پشتڕاستیان کردەوە مارمێلکەکانی “پۆد مکاروو” بۆماوەیان هاوتای باوانە ڕەسەنەکانی “پۆد کۆپستێ”یە.

گۆڕانە بەرچاوەکانی شێوەی سەریان؛ ئاکامی خۆگونجاندنیان بووە لەگەڵ سەرچاوەیەکی جیاوازی خۆراک، بەپێی قسەکانی ئیرشیک؛ مارمێلکەکان لە دوورگە بێبەرەکەی “پۆد کۆپستێ” بە باشی لە گرتنی نێچیرە بزۆکەکانیان ڕاهاتوون، خواردنی سەرەکییان مێرووە، بەڵام ئەو ژیانەی “پۆد مکاروو” کە وەک چوونە بەهەشت وا بووە بۆیان؛ خواردنێکی ڕووەکیی بێژماری بۆ دابین کردوون، لەوانەش گەڵا و قەدی دەوەنە ڕەسەنەکان، شیکاری پێکهاتەکانی گەدەی مارمێلکەکانی “پۆد مکاروو”؛ نیشانی دا بەپێی وەرز تا نزیکی دوو سێیەکی خۆراکەکانیان ڕووەکی بووە، ئەمەش بۆ تاکەکانی “پۆد کۆپستێ” زیادبوونێکی گەورە بووە.

“ئیرشیک” دەڵێت: “لە ئاکام تاکەکانی “پۆد مکاروو” سەر و کلکیان لەوانەی “پۆد کۆپستێ” درێژتر بووە و هەم کلکیشیان پانتر بووە، ئەمەش لە زیادبوونێکی گەورەی توانستی گەستنیاندا ڕەنگی داوەتەوە، لەبەر ئەوەی ڕووەکەکان تۆکمە و ڕیشاڵین؛ گەستنی زۆر بەهێز ڕێگە بۆ مارمێلکەکان خۆش دەکات؛ پارچەی بچووکتر لە ڕووەکەکان بکەنەوە، ئەمەش لە تێکشکاندنی دیواری خانەی هەرسنەکراویان هاوکاریان دەبێت”.

توێژینەوەی ڕێڕەوی هەرسی مارمێلکەکان شتێکی سەرسوڕهێنتریشی دەرخستووە، خواردنی ڕووەکی زۆرتر بووەتە هۆی گەشەسەندنی پێکهاتەی نوێ؛ کە “زمانەکانی ڕیخۆڵە کوێرە”یان پێ دەگوترێت، بۆ خاوکردنەوەی تێپەڕینی خۆراک نەخشاون و لەناو هەناودا لە شێوەی ژوورۆچکەی ترشاندندا دروست بوون، زیندۆکەکان لەوێدا دەتوانن ئەو بەشانەی ڕووەکەکان تێک بشکێنن؛ کە هەرسکردنیان دژوارە، زمانەکانی ڕیخۆڵە کوێرە؛ کە لە بێچووەکان و لاوەکان و تاکە پێگەیشتووەکانی “پۆد مکاروو” دۆزرانەوە؛ پێشووتر هەرگیز لەم چەشنە زیندەوەرە باس نەکراون، بگرە لە تاکە ڕەسەنەکانی “پۆد کۆپستێ”ش.

ئیرشیک دەڵێت: “لە ڕاستیدا ئەو پێکهاتانە لە کەمتر لە سەدا یەکی هەموو جۆرە ناسراوکانی خشۆکەکاندا هەن، داتاکانمان ئەوە نیشان دەدەن؛ کەوا پەرەسەندنی پێکهاتەی نوێ دەکرێت لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا ڕوو بدات، پەرەسەندنی زمانەکانی ڕیخۆڵە کوێرە دەشێت شانبەشانی پەیوەستبوونێکی نوێی نێوان مارمێلکەکانی “پۆد مکاروو” و “کرمۆکە بازنەییەکان” ڕووی دابێت، کرمۆکە بازنەییەکان زیندۆکەن، لە پشتەوەی هەناودا هەن و سلیلۆز تێک دەشکێنن”.

هەروەها گۆڕان لە خۆراکەکانیاندا کاری لە چڕیی تاکەکان و ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی تاکەکانی “پۆد مکاروو” کردووە، چونکە ڕووەکەکان بڕە خۆراکێکی زۆر دابین دەکەن، ڕووبەرێکی دیاریکراوی “پۆد مکاروو” مارمێلکەی زیاتری لێ دەژیێت وەک لە “پۆد کۆپستێ”، لەوێدا لە ڕێی لەوەڕینەوە خۆراک دەست دەخەن نەک ڕاونانی نێچیر، چی دیکەش بەرگری لە خاکی خۆیان ناکەن.

“ئیرشیک” دەڵێت “ئەوەی لەم دۆزینەوەیەدا بێهاوتایە ئەوەیە؛ پەرەسەندنی خێرا هەر بە تەنیا کار لە پێکهاتە و فەرمانی چەشنەکان ناکات، بەڵکو کار لە ڕەفتاری ژینگەیی و مێژووی سروشتیش دەکات”.

 

ئامادەکردنی: عەبدورڕەحمان ئەبوبەکر و ماهیر حەسەن

 

سەرچاوە: https://www.sciencedaily.com/releases/2008/04/080417112433.htm