میکرۆسکۆپێکی ڕیکۆردشکێنی نوێ بۆ وێنەگرتن لە ئەتۆم

میکرۆسکۆپێکی ئەلەکترۆنی پەرەی پێدراوە کە دەتوانێت بە ڕێزڵوشنی بەرزتر لە شێوازەکانی پێشووتر، وێنە بەرهەم بهێنێت و بۆ سەیرکردنی ئەو ماددە ناسکانە بەکەڵکە کە بە گورزەتیشکەکانی ئەلەکترۆن زیانیان پێدەگات.

لە توێژینەوەیەکی نوێدا میکرۆسکۆپێک ناسێنراوە، لەم توێژینەوەیەدا، وێنەی ئەتۆمەکانی ماددەیەکی نیمچەگەیەنەر تۆمار کراوە کە ڕێزڵوشنەکەی ٣٩/٠ ئەنگسترۆمە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تیرەی زۆربەی ئەتۆمەکان، ٢ تا ٤ ئەنگسترۆمە. ئەم شێوازە نوێیەی بە کار هاتووە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە بە وردبینییەکی زۆرەوە، وێنەی ماددە دوو ڕەهەندییەکان تۆمار بکات. هەروەها لەوە دەچێت کە ببێتە هۆی داهاتنی بیرۆکەیەک بۆ پەرەدانی شێوازێک بۆ وێنەگرتنی سێ ڕەهەندی لە ئەتۆمەکان.

بۆ بەرهەمهێنانی ئەم وێنەیە، توێژەران کەڵکیان لە شێوازێک بە ناوی تایکۆگرافی وەرگرت کە لەم شێوازەدا تیشکدانەوە –لەم حاڵەتەدا ئەلەکترۆنەکان- لە ماددەیەکەوە تێپەڕ دەبێت کە چەندین نەخشی لادان دروست دەکات. بنەمای سەرەکیی ئەم شێوازە نزیکەی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن فیزیکزان، واڵتێر هاپەوە پێشنیار کراوە و بەڵگەکەی بەم شێوەیە کە کاتێک ماددەیەک ڕووناکی لێدەدرێت لە لادانی ڕووناکییەکە دەبێت زانیاریی پێویست بۆ بەرهەمهێنانەوەی ئەو تەنە بە دەست بێت. بەڵام ئەو دەم ئەلگۆریتم و ئامرازی کۆمپیوتەریی گونجاو بۆ ئەو کارە لەبەر دەستدا نەبوو.

وێنەکانی لە ڕێگەی تایکۆگرافییەوە بەرهەم دێن لە لایەن کۆمپیوتەرەوە و بە کۆمەڵێکی زۆر دراوە لە بڵاوبوونەوەی ناڕاستەوخۆی ئەلەکترۆنەکان ساز دەکرێن. کەڵکێکی گرینگی ئەم ڕوانگەیە لەهەمبەر شێوازەکانی پێشووی میکرۆسکۆپی ئەوەیە کە سنوورداریی ڕێزڵوشنی وێنەگرتن بە لێنز بوونی نییە و لە ڕاستیدا دەتوانێت بە تەواوەتی بەبێ هەبوونی لێنزیش کار بکات.

 

تێبینی: ماددەی دوو ڕەهەندی بەو ماددانە دەوترێت کە تەنیا لە یەک چین ئەتۆم پێکدێن و بە ماددەی یەک چینیش دەناسرێن.

وشەکان:

۲D Material ماددەی دووڕەهەندی

Diffraction pattern نەخشی لادان

Scattering data دراوەی پەخشبوونەوە

Angstrom ئەنگسترۆم

 

 

سەرچاوە:

https://www.nature.com/articles/d41586-018-05711-y

1 comment

  1. دەستتان خۆش