نۆرۆسێکسیزم: ئوستوورەی جیاوازییەکانی نێوان مێشکی ژن و پیاو

نۆرۆسێکسیزم: ئوستوورەی جیاوازییەکانی نێوان مێشکی ژن و پیاو

نۆرۆسێکسیزم: ئوستوورەی جیاوازییەکانی نێوان مێشکی ژن و پیاو

لە کتێبێکی نوێدا، بە ناوی “مێشکی زایەندی: زانستی دەماریی نوێ کە ئوستوورەی مێشکی ژن دەسڕێتەوە” کە لە لایەن پڕۆفیسۆر گینا ڕیپان مامۆستای زانکۆی ئەستۆن لە بیرمینگام نووسراوە، تیشک خراوەتە سەر ئەو ئووستوورەی کە پێی وایە مێشکی ژیان لە مێشکی پیاوان جیاوازە.

مێژوی توێژینەوە لەسەر جیاوازی زایەند (جنسیەت)، ژمارەیەکی زۆر ڕاڤەی هەڵە و وتاری لایەنگیرانەی تێدایە. پرۆفیسۆر ڕیپان کە دژبەری زانستی دەماریی جیاوازیی زایەندە لە کتێبەکەیدا پەردە لەسەر چەندین نموونە لەو توێژینەوانە هەڵدەداتەوە. نووسەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت کە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکیی زانستیی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە بتوانین لە ڕێگەیەوە مێشکی ژنان و پیاوان دابەش بکەینە سەر چەند پۆلی جیاواز.

ئەو بیرکردنەوەی کە پێی وابوو پێواژۆی زمان لە مێشکی ژنانی لە نێوان دوو نیوەگۆکەدا بە شێوەی یەکسان جێبەجێ دەبێت چیتر دروست نییە چونکە لە ساڵی ٢٠٠٨ شیکارییەکی گەورە ئەو شتەی ڕەت کردەوە کە ساڵی ١٩٩٥ لە توێژینەوەیەکی بچووکدا باسی لێ کرابوو.

یەکێک لەو ئوستوورانەی دیکە کە باس لە جیاوازیی مێشکی ژن و پیاو دەکات قەبارەی مێشک و ڕێژەی مادەی سپی و خۆڵەمێشیی مێشکی ژنان و پیاوانە. قەبارەی مێشک لەگەڵ قەبارەی جەستە گەورە دەبێت و هەندێک تایبەتمەندیی دیکە وەک ڕێژەی مادەی خۆڵەمێشی یان سپی تا ڕادەیەک پەیوەندییەکی ناهێڵی لەگەڵ قەبارەی مێشک هەیە.

پەیامی سەرەکیی ڕیپان ئەوەیە کە “جیهانێکی جنسیەتی، مێشکی جنسیەتی دروست دەکات”. ڕیپان لە مێژووی لاسەنگبوونی توێژینەوە پەیوەندیدارەکان بە جیاوازیی مێشکی ژنان و پیاوان لە ساڵی ١٨٩٥ و لە قسەیەکی دەروونناسی کۆمەڵایەتی، گۆستاڤ لی بۆن دەست پێدەکات، کە لە ڕێگەی ئامێری سیفالۆمیتر دیاری دەکات کە لە ژناندا “خراپترین فۆرمەکانی پەرەسەندن دەبینرێت”.

ڕیپان ئەم مێژینەیە تا ساڵی ٢٠١٧ باس دەکات کە ئەندازیاری گووگڵ جەمیز دامۆر، باسی لە “هۆکاری بایۆلۆجیکی” کردبوو بۆ دەگمەنبوونی ژنان لە جیهانی تەکنۆلۆژی و بەڕێوەبردندا.
وەک ڕیپان باسی دەکات ئەو تامەزرۆییەی بۆ سەلماندنی کەمتربوونی ژنان لە ئارادا بوو، ئێستا زیاتر بەرەو ئەوە چووە کە بڵێت ژنان و پیاوان “تەواوکەری” یەکترین. ئەم تێڕوانینەش دەڵێت کە توانایی مێشکی ژنان کەمتر نییە لە پیاوان بەڵکوو ئەوان جیاوازن و ئەوەش لەگەڵ دۆخی ئێستای ژنان و ئامۆژگارییە ئاینییەکاندا یەک دەگرێتەوە. بەم پێیە وایەربەندیی مێشکی ژنان بۆ سۆزداری و شهوود گونجاوە لە کاتێکدا مێشکی پیاوان بۆ بەڵگاندن و کارکردن. نموونەیەکی ئەو ڕوانگەیە توێژینەوەیەک بوو کە ساڵی ٢٠١٤ توێژەران لە زانکۆی پێنسیلڤانیا ئەنجام درا و ئەنجامی توێژینەوەکە ئەوە بوو کە پەیوەندیی نێوان نیوەگۆکان لە ژناندا زیاترە. بەڵام ئەو توێژینەوەیە ئەوە لەبەر چاو ناگرێت کە بەشی هەرەزۆریی پەیوەندییەکان جیاوازییەکی ئەوتۆ پیشان نادەن.

ئەگەر جیاوازییەک لە وایەربەندیی (سیمپێچی) لە مێشکی ژنان و پیاواندا نییە، چ شتێک بۆتە هۆی دروستبوونی جیاوازی لە نێوان حەزەکان و هەڵسوکەوتەکانی ژنان و پیاوان؟ لێرەدایە کە ڕیپان تێزەکەی خۆی باس دەکات و دەڵێت جیهانی جنسیەتییە کە کاریگەری لەسەر مێشکی مرۆڤ دادەنێت. ڕیپان باس لە ئامادەیی ژنان لە جیهانی زانست و تەکنۆلۆژیادا دەکات و پیشانی دەدات کە چۆن جیهانی جنسیەتی بووەتە ڕێگر لەوەی ژنان بێنە ئەم بوارانەوە. لە ئەنجامدا سەرجەم ئەم فاکتۆرانە کاریگەری لەسەر بازنەی دروستبوونی جیاوازیی مێشک، بڕوابەخۆیی و بوێریی مرۆڤەکان دادەنێت و لە ئەنجامدا لە بەشداریی ژنان و پیاوان و سەرکەوتنیان جیاوازی دروست دەبێت. ئامانجی کتێبەکە سڕینەوەی جیهانی جنسیەتییە، بەشێوەیەک کە لەمەودا مێشک بەقەدەر گورچیلە، سی یان دڵ جنسیەتی بێت.

وشەکان:

Neurosexism نۆرۆسێکسیزم

wiring وایەربەندی، سیمپێچی

empathy سۆزداری

سەرچاوە:

https://www.nature.com/articles/d41586-019-00677-x?utm_source=fbk_nnc&utm_medium=social&utm_campaign=naturenews&sf208537564=1