هۆکارەکانی دەرکەوتنی ڕووناکی لە ئاسمانی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو

بە گشتی دیتنی ڕووناکی لە کاتی بوومەلەرزە بۆ زانستمەندان دیاردەیەکی زۆر ڕوون نییە، بەڵام توێژەران چەند تیۆرییەکیان خستووەتە بەردەست کە لەم بابەتەدا بە کورتی باسیان لێدەکەین.
“کۆرتز” کانزایەکه که لە بارستاییەکی بەرچاو لە توێکڵی زەویدا بوونی هەیە و تایبەتمەندیی پیزۆئێلێکتریکی هەیە. ناوی ئەم کانزایە بەسەر زۆربەی کاتژمێرەکانەوە دەبینن. ئەگەر کۆرتز لە ڕووبەرێکی بەرین و بە ئاقارێکی تایبەتدا بکەوێتە ژێر گوشارەوە (سترێسێک که له ڕێی هێزی تێکتۆنیکەوە بە ناوچەکە دەگات)، ڤۆڵتاژێک بەرهەم دەهێنێت که دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونێکی بچووکی تایبەتمەندیی هێڵی مەگنێتیکی دەوری گۆی زەوی. ئەم تێکچوونە خۆی بە شێوەی ڕووناکییەک لە ئاسمانی ناوچەکە یان لە جێی دیکە پیشان دەدات، هاوشێوەی ئەو دیاردەیەی کە لە دوو جەمسەری زەوی دروست دەبێت (ئاسۆی جەمسەرەکانی باشوور و باکووری زەوی).
تیۆرییەکی دیکه ئەوەیە که ئەو ئاکسیجێنەی که لەناو کەڤرەکانی زەوی هەن، یۆنیزە دەبن و لە ئاکامدا دەبنە ئانیۆن و کاتێک که لەسەر زەوی لە ڕێگەی قڵش و شکانگەکان دێنە دەر و لە ئەتمۆسفێر دەدرێن، دەبنە هۆی دروستبوونی ئەو ڕووناکییە؛ دیارە ڕوودانی ئەم دیاردەیە بارودۆخێکی تایبەت به خۆی دەخوازێت کە لەوانە دەکرێت ئاماژه بکەین بە جۆری کەڤرەکان، جۆری شکانگەکە، گەورەیی بوومەلەرزەکە و هتد.
میکانیزمێکی تر باس لەوە دەکات کە کاتێک سترێس یان هێزی سروشتیی تێکتۆنیک لە جۆرە کەڤرێکی تایبەت دەدرێت، هێزی ئەلکتڕۆنی کارا دەبێتەوە وەک ئەوەی باترییەکت لەناو توێکڵی زەوی هەڵکردبێت. بەڵام ئەم دیاردەیەش دیارە لە گشت شوێنێک ڕوو نادات و بە تایبەتی جۆری کەڤرەکان دەبێت باساڵت یا گابڕۆ بن، چونکە بە هۆی کەمایەسییەکی بچووک کە لە کریستاڵەکانیاندا هەیە، ئەگەر بکەونە ژێر گوشارەوە لەوانەیە هێزی ئەلکتڕۆنی ئازاد بکەن. لە هەندێک ناوچە ئەم کەڤرانە بە شێوەی پێکهاتەیەکی ئەستوونی کە لە زەویناسیدا پێیان دەگوترێت دایک دەبینرێن؛ دایکەکان لە ماگمای ساردەوبوو لە کەنار شکانگە ئەستوونیەکان دروست دەبن و لەوانەیە قووڵاییەکەیان بگاتە ٩٧ کیلۆمەتر. ئەم دایکانە دەتوانن ئەو هێزە ئەلکتڕۆنییە کە هاوشێوەی پلاسمایە بگەیەننە ڕووی زەوی و بە هۆی ئازاد کردنی ئەو هێزە بۆ ناو هەوا، ئێمە ئەو ڕووناکاییە لە ئاسمان بە رەنگی جۆراوجۆر دەبینین.
تیۆریگەلێکی تریش که لای زانستمەندانی زەویناسییەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە هەن، وەکوو چالاکیی هێمانە ڕادیۆئەکتیڤەکان و کاریگەرییان لەسەر تەوشک و کەشوهەوای زەوی.
لەم بوومەلەرزەیەی ئەم دواییانەدا ئەگەر ڕووناکاییەک دیترابێت دەتوانێت بە هۆی یۆنیزە بوونی ئاکسیجێن و لێکدرانی لەگەڵ تەوشک بێت، چونکە جۆری بەرد و نیشتووەکانی ئەم ناوچەیە بە گشتی ئاهەکییە و ئاهەکیش هەڵگری ئاکسیجێنه و یان هۆکارەکەی دەتوانێت تێکەڵەیەک بێت لە تەواوی ئەو تیۆرییانەی کە باسمان کرد.
بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە ئەمانە هەموویان چەند تیۆرییەکی ناتەواون کە پێویستیان بە توێژینەوەی زانستیی زیاتر هەیە و ئەگەر بە چڕوپڕی پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، ڕەنگە زانستمەندان لە داهاتوودا بتوانن بوومەلەرزەکان پێشبینی بکەن. جێی سەرنجه بزانین بوومەلەرزە نەک تەنیا ڕووناکی بەڵکوو جاری وایە دەنگێکی هاوشێوەی هەورەگرمەشی لەگەڵدایە.

ئامادەکردنی:
مەسعود شێخولئیسلامی- ماستەری زەویناسی، زانکۆی شەھید بێھێشتیی تاران

سەرچاوە:
https://news.nationalgeographic.com/news/2014/01/140106-earthquake-lights-earthquake-prediction-geology-science/
Earthquake بوومەلەرزە/ زلزله
Quartz کۆرتز/کوارتز
Mineral کانزا/ کانی
Crust توێکڵی زەوی / پوسته زمین
Piezoelectricity تایبەتمەندیی پیزۆئێلێکتریکی /خاصیت پیزوالکتریک
Tectonic stress گوشاری تەکتۆنیکی/ فشار صفحه‌ای
Magnetic field میدان مغناطیسی / هێڵی مەگنەتیک
Aurora شفق قطبی/ ئاسۆی جەمسەرەکانی زەوی
Oxygen اکسیژن / ئاکسیجێن
Rocks کەڤر/ سنگ
Ionization یونیزه شدن/ یۆنیزە بوون
Fault شکانگە/ گسل
Basalt باساڵت/ بازالت
Gabbro گابڕۆ/ گابرو
Dike دایک
Vertical fault شکانگەی ئەستوونی/ گسل عمودی
Plasma پلاسما
Radioactive element هێمانەی رادیۆئەکتیڤ / عنصر رادیواکتیو
Atmosphere تەوشک/ جو
Calcareous ئاهەکی/ آهکی

سەرنج بنووسن