“هێلکەدانی دەستکرد” ھاریکاری ئافرەتان دەبێت تا لەپاش چارەسەری کیمیاییش، دووگیان ببن!

 پزیشکان لە شانە و ھێلکەخانەی مرۆڤەوە، هێلکەدانێکی دەستکردیان وەبەرھێناوە  تاوەکوو یارمەتیی ئافرەتان بدات لە پاش چارەسەری شێرپەنجە و ئەو چارەسەرییانەی دی کە زیان بە توانای وەچەخستنەوەیان دەگەیەنێت، منداڵیان ببێت.
کومەڵە لێکۆڵەرەکەی کۆپنھاگن، ئەوەیان دەرخستووە کە هێلکەدانێکی دروستکراو لە تاقیگە، دەتوانێت چەند ژمارەیەک لە ھێلکەخانەکانی مرۆڤ لە ھەمان کاتدا بۆ چەند ھەفتەیەک بە زیندوویی بھێڵێتەوە، ئەمەیش ئەو ھیوایانە زیاد دەکات کە ڕۆژێک بێت ئەم وەپێشچوونە، ھاریکاری ئافرەتان بێت لە پاش چارەسەرییە سەختەکانی وەکوو چارەسەری کیمیایی و تیشکەچارەسەرکردن، خێزان دروست بکەن.

ھەروەھا دەشێت هێلکەدانی دەستکردی چێنراو، یارمەتیی ئەو ئافرەتانە دەدات کە نەخۆشییەکانی وەکوو ڕەقبوونی دەماری یان خوێنەتێکچوونی تالاسیمیی بێتایان ھەیە، کە پێویستییان بە چارەسەرییەکی توند و بەزیان ھەیە بۆ توانای وەچەخستنەوە، لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی دی کە تووشی وەستانەوەی زووی سوڕی مانگانە بوون .
دەشێت ئەو ئافرەتانەی بە ھەبوونی شێرپەنجە دەستنیشان کراون، لە پێش دەستپێکردنی  چارەسەری بەزیان بۆ توانای وەچەخستنەوەیان، شانەی هێلکەدانیان دەربھێنرێت و
 ببەسترێت (
(Frozen.

وەختێک شێرپەنجەکە چارەسەر دەکرێت، شانەکە ھەمدیس دەخرێتەوە شوێنی خۆی، ئیدی ئافرەتەکە دەتوانێت بە شێوەی سروشتی منداڵی ببێت.
ئەم کردەیە بۆ زۆر لە نەخۆشەکان سەلامەتە ، بەڵام ھەندێک شێرپەنجەی دیاریکراو، بۆ نموونە شێرپەنجەی هێلکەدان و خوێن، دەتوانن خودی شانە مناڵدانییەکە تووش بکەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەو وەختەی کە شانە بەستووەکە دەتوێننەوە و دەیخەنەوە شوێنی خۆی، مەترسی ئەوە ھەیە ھەمدیس نەخۆشییەکە سەر ھەڵبداتەوە. لەبەر ئەم ھۆکارە، بە دەگمەن چارەسەرکردن بە بەستنی شانەکانی هێلکەدان پێشنیار دەکرێت بۆ ئەوانەی نەخۆشیی مەترسیداریان هەیە.


پزیشکان پێیان وایە هێلکەدانی دەستکرد سەلامەتترە.

لێکۆڵەران بۆ دروستکردنی هێلکەدانێکی دەستکرد، ماددەی کیمیاییانبە کار هێنا بۆ لێکردنەوەی ھەموو خانەکان- بە خانە متبووە شێرپەنجەییەکانیشەوە – لە شانەیەکی وەرگیراو لە هێلکەدانەوە. ئەمەیش شانەیەکی ڕووتی وەدەست خست، کە پەیکەرەکەی لە کۆلاجین – ئەو پڕۆتینەیە ھێز بە پێست دەبەخشێت – دروست کراوە. پاشان پەیکەرەکە بە سەدان ھێلکەتوورەکەی مرۆڤ (قۆزاخەئاسا) دەپیتێنرێت، ئەم توورەکە چکۆلانە ئەوانەن ھێلکەخانە سەرەتاییەکان لە خۆ دەگرن.
(سوزان پۆرس)ی سەرکاری ئەم کردە پزیشکییە، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵگای ئەورووپی بۆ وەچەخستنەوە و کۆرپەلەزانی لە شاری بارسێلۆنا ، ئەوە دەخاتەڕوو کە چۆن تیمەکەی هێلکەدانێکی دەستکردیان بە بیست ھێلکەی مرۆڤەوە، لە مشکێکدا چاندووە و دەرئەنجام ئەوە دەرکەوتووە کە چارەکێکی ھێلکەکان بە لایەنی کەمەوە بۆ سێ ھەفتە قووتاریان بووە. لەم ماوەیەشدا موولوولەکانی خوێن بە دەوری هێلکەدانەکەدا لە دروستبووندا بوون، بەو ئارمانجەی خواردنی پێویستی لە گیانلەبەرەکدا بۆ وەدەست بخرێت. پۆرس ئەوەیشی زیادکرد کە ئەمە یەکەم بەڵگەی پاڵپشتیکردنی ئەو ھێلکەخانانەیە و ھەنگاوێکی گرنگە بەڵام چەندین ساڵ ئیشکردنی گەرەکە- پێنج بۆ دە ساڵ- تاوەکوو بۆ مرۆڤ کەڵکی لێ وەربگیرێت.

(نیک ماکلۆن)ی سەرپەرشتیاری پزیشكی لە لەندەن دەڵێت: ” بەستن و تواندنەوەی شانەکانی هێلکەدان، لە ھەندێک شێرپەنجەی تایبەتدا نەختێک مەترسیی دووبارە تووشبوونەوەی ھەیە، ھەر ھەمان ھۆکارە وا دەکات بۆ ھەندێک شیرپەنجەی دیاریکراو نەتوانرێت ئەم کردەیە بە کار ببرێت،  ئەمەیش کێشەیەکە پزیشکان بە ھەندی وەردەگرن. ئەمە ڕۆژانی سەرەتای کارەکەیە ، بەڵام سەلماندنێکی سەرنجکێشکەری بیرۆکەکەیشە”.
گەر کارەکە بە ئەنجام بگات، نەخۆشەکان دەتوانن چاندنی هێلکەدان بەجێ بگەیەنن، بە دڵنیاییەکەوە لەوەی مەترسیی دووبارە گواستنەوەی شێرپەنجەکەیان لەسەر نییە.



فەرھەنگۆک:


chemotherapy: چارەسەری کیمیایی
radiotherapy: تیشکەچارەسەر

Multiple sclerosis : ڕەقبوونی دەماریی
follicle: ھێڵکەتوورەکە.
ovary: هێلکەدان

سەرچاوە:
https://www.theguardian.com/science/2018/jul/01/artificial-ovary-could-help-women-conceive-after-chemotherapy-fertility

ئامادەکردنی: شەنیا جەلال

 

سەرنج بنووسن