هەستی بیستن: مێشک تایبەتمەندییەکانی ناو دەنگەکان جیا دەکاتەوە

هەستی بیستن: مێشک تایبەتمەندییەکانی ناو دەنگەکان جیا دەکاتەوە

هەستی بیستن: مێشک تایبەتمەندییەکانی ناو دەنگەکان جیا دەکاتەوە
بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت دەنگەکان بناسێتەوە و لەگەڵ ئەوانی تر پەیوەندی بگرێت، دەبێت کۆئەندامی بیستنی دەنگە جیاوازەکان لە یەک هەڵاوێرێت، بۆ وێنە وشەکان لەناو ئاخاوتنی بەردەوامی مرۆڤدا لە یەک جیا بکاتەوە. ئەم کارەش کاتێک کە شێوازی دەربڕینی کەسەکان دەگۆڕێت یان زاراوەکان دەگۆڕێن، سەختتر دەبێتەوە.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە گۆڤاری نەیچردا بڵاو بووتەوە، توێژەران بە شوێن مۆدێلێکی ژمێرکارییانە بۆ کۆئەندامی بیستنی مرۆڤ دەگەڕێن، تاوەکوو تێبگەن کە لە کرداری بیستندا چی ڕوو دەدات.
ساداگۆپان، بەرپرسی توێژینەوەکە دەڵێت “لەوانەیە وشەیەکی تایبەت بە شێوەی جیاجیا و بە دەنگی جیاواز بێژە بکرێت، بەڵام ئێمە دەتوانین ئەو دەنگانە لە یەک جیا بکەینەوە و دەزانین کە هەموویان یەک وشەن. لەم توێژینەوەدا، دەمانهەوێت لە ڕێگەی مۆدێلی زۆر سادەکراوەی بانگکردنی ئاژەڵەکان بزانین کە ئەم شتە چۆن ڕوو دەدات. جۆرەکانی ئاژەڵەکان وەک مارمۆزیت، مێشوولەکان و بەرازەکان چەندین جۆری دەنگ بەرهەم دەهێنن کە هەر کامی تایبەتە بە هەڵسوکەوتێکی جیاوازی واتادار، بەڵام کاتێک ئاژەڵەکان ئەم دەنگانە بە جیاوازیی زۆرەوە بەرهەم دەهێنن، لە ناسینەوەی دەنگەکاندا کێشەیان بۆ دروست دەبێت.”
وتارەکە کە بە ناوی “تایبەتمەندییە باشینەکان بۆ پۆلێنبەندیی دەنگەکان” بڵاو بووەتەوە لەسەر شێوازی دەربڕینی دەنگەکان لە مارمۆزیتەکان چڕ بوونەوە. مارمۆزیتەکان، جۆرێک مەیموونی بچوکن کە دەتوانن دەنگی جیاجیا بەرهەم بهێنن. پاش کۆکردنەوەی کۆمەڵە دەنگێکی زۆر لەم ئاژەڵانە و بە یارمەتیی ئەلگۆریتمێکی گەڕانی “بەرچاوتەنگانە” و بیردۆزەی زانیاری، ئەو تایبەتمەندییانەیان دۆزینەوە کە وێڕای جیاوازیی دەنگەکان، بەردەوام دووپات دەبنەوە.
لیو ئەندامێکی تری تیمی توێژەراند دەڵێت “بانکێکی زانیاریمان لە دەنگی مارمۆزیت، بە ئەلگۆریتمەکەمان دا، تاوەکوو ئەو تایبەتمەندییانە بدۆزینەوە کە زۆرترین زانیاریمان لە ناسینەوەی دەنگەکاندا پێ دەدەن. لە ئەنجامدا کۆمەڵێک ‘تایبەتمەندی پڕ زانیاری”مان دزۆینەوە کە یارمەتیمان دەدەن دەنگێکی تایبەت بناسینەوە، هەر وەک چۆن لە ڕێگەی چاو و لوت لە وێنەیەکدا دەتوانین ڕوخساری کەسێک بناسینەوە.”
دوای ئەوەی لە باری تیۆرییەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندییان دەستنیشان کردن، تیمەکە گەڕانەوە بۆ تاقیکردنەوەی مێشکی ئاژەڵەکان تاوەکوو بە دوای ئەو تایبەتمەندییە زانیاریبەخشانەدا بگەڕێن. کاتێک دراوەی مۆدێلەکەیان بە وەڵامی نۆرۆنی تۆمارکراو لە کۆرتێکسی بیستنی مارمۆزیتەکان بەراوکرد کرد، ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشیان بۆ دەرکەوت. لیو دەڵێت “کاردانەوە نۆرۆنییەکان پشتیوانی لە مۆدێلەکەمان دەکەن. مۆدێلەکەمان پێشبینییەکی وردبین و بەهێز دەدات کە مێشک لە کاتی پێواژۆی دەنگەکان بایەخ بە چی دەدات. ئەم توێژینەوەیە دەتوانێت لە بەرەوپێشبردنی تەکنۆلۆجیی ناسینەوەی ئاخاوتن و ئامێرەکانی یارمەتیدانی بیستن، یارمەتیدەر بێت.”

وشەکان:

Auditory system کۆئەندامی بیستن

Neural response کاردانەوەی نۆرۆنی

Marmoset مارمۆزیت

Greedy search algorithm ئەلگۆریتمی گەڕانی بەرچاوتەنگانە

Information theory بیردۆزیی زانیاری

Speech recognition ناسینەوەی ئاخاوتن

ئامادەکردن: محەممەد محەممەدئەمینی

سەرچاوە:

https://medicalxpress.com/news/2019-03-brain-distinctive-features.html