هەڵکردنی تۆفان لە مەریخ پەیوەندیی گەڕۆکی نێردراوی ناسا لەگەڵ زەوی دەپچڕێنێت!

لە ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانەوە پەیوەندیی ئەم گەڕۆکە لەگەڵ زەوی پچڕاوە. وزەی ئاپرچونتی لە ڕێگەی خۆرەوە دابین دەبێت. بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە پێیان وایە، بە هۆی نەگەیشتنی خۆرەوە گەڕۆکەکە چووەتە دۆخی هێزی-نزمەوە کە لەم دۆخەدا تەنیا کاتژمێرەکەی ناکوژێتەوە. توێژەران چاوەڕێن دوای نیشتنەوەی تۆفانەکە دیسان ئاپرچونتی بتوانێت لە خەو هەستێتەوە.

کاڵاس بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: “وەک ئەوە وایە کەسێکی خۆشەویستت لە کۆمادا بێت و دوکتورەکان پێت بڵێن چاوەڕێ بە ڕەنگە هۆشی بە بەردا بێتەوە. بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە دایەگەورەی ٩٧ ساڵانی ئێوە بێت، زۆر زیاتر نیگەران دەبن، هەروەک ئێمە هەین”.

ڕۆژی ٩ی جۆزەردان ناسا دیاری کردبوو کە تۆفانێک هەزار کیلۆمەتر دوورتر لە ئاپرچونتی لە ئارادایە و بە بەرەو شوێنی گەڕۆکەکە دەڕوات. لە دوو ڕۆژدا بەرهەمهێنانی وزەی گەڕۆکەکە نیوە بووەوە و لە ڕۆژێکی دیکەدا دیسان ئەو بڕەش نیوە بوو.

لە دوایین زانیاریدا کە گەڕۆکەکە ناردوویەتی زانراوە کە لێڵیی بەرگەهەوای مەریخ دوو بەرامبەری تۆمارکراوەکانی پێشووتر بووەتەوە. لێڵیی بەرگەهەوا پێوەرێکە دەریدەخات کە چەندە خۆڵ لە هەوادا هەیە.

تۆفانی خۆڵ ئێستا لایکەمی چارەکێکی هەسارەکەی داپۆشیوە. چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەموو هەسارەکە ببڕێت.

 

وشەکان:

Rover گەڕۆک

Opportunity ئاپرچونتی

atmospheric opacity لێڵیی بەرگەهەوا

 

سەرچاوە:

https://www.nature.com/articles/d41586-018-05425-1