٦ شت کە زەوی گونجاو کردووە بۆ ژیان

٦ شت کە زەوی گونجاو کردووە بۆ ژیان

٦ شت کە زەوی گونجاو کردووە بۆ ژیان

هەروەک دەزانین زەوی بە باشی ئامادە کراوە وەک هەسارە و لە شوێنێکی زۆر نموونەییە لە کۆمەڵەی خۆر و گەلەئەستێرەکەماندا تا پاڵپشتیی پەیدابوونی ژیان بکات. زەوی بەرهەمێکی تەمەن ٤.٦ ملیارد ساڵەی پێکهاتنی گەردوونییە، خۆشبەختانە هەسارەکەمان خانەخوێ بووە بۆ ژیان بە هۆی رێکەوتنی هەندێک بارودۆخەوە.

یەکەم: شوێنی ئێمە لە زۆر مەترسی دوورە

کۆمەڵەی خۆر لە بەندەرێکی بێمەترسی لە نێوان باڵە لوولپێچیە سەرەکیەکان بە ئاسوودەیی لەنگەری گرتووە(وەک لە وێنەکەدا دیارە)، کە خولگە نیمچە بازنەییەکەی یارمەتی دوورخستنەوەی دەدات لە ناوچە پڕ مەترسییەکانی ناوەوەی گەلەئەستێرەکە. تەنها چەند ئەستێرەیەکی کەم لە نزیک خۆر هەیە، ئەمەش مەترسییەکانی سەر زەوی کە بەهۆی هێزی ڕاکێشانی ئەستێرەکانەوە، دەرپەڕینی تیشکی گاما، یان تێکشکانی ئەستێرەکان کە بە “سووپەرنۆڤا” ناسراوە، پەیدا دەبێت، کەم دەکاتەوە.

دووەم: خۆر ئەستێرەیەکی جێگیر و تەمەندرێژە

ئەو ئەستێرانەی کە لە خۆر گەورەترن لە خۆر گەرمترن و تەمەنیشیان کەمترە کە ئەوەندە کاتە بەشی پەیدابوونی ژیان لەسەر هەسارەکان ناکات. ئەوانەی لە خۆر بچووکتر و گەنجترن، بە شێوەیەکی گشتی ناجێگیرن و هەسارەکانیان بە دەڕپەرینی تیشکە زیان بەخشەکان، وێران دەکەن.

سێیەم: ئێمە بە ئەندازەی گونجاو دوورین لە خۆر

خولگەی زەوی بە دەوری خۆر (کە پێشی دەگوترێت ناوچەی ناوەندی)، لەو شوێنەیە کە رێگە بە هەسارەکە دەدات وزەی گەرمی پێویست لە خۆر وەربگرێت و لە هەمان کاتدا رێگە بە هەبوونی ئاو لە دۆخی شلیدا لەسەر ڕووی هەسارەکە، بدات. ئەگەر خولگەی زەوی زۆر دوور بوایە ئەوا هەموو ئاوەکە دەیبەست. ئەگەر زۆر نزیک بوایە، هەموو ئاوەکە دەبوو بە هەڵم و بە بەرگەهەوادا بڵاو دەبووەوە.

چوارەم: بۆ میوانداریکردنی ناوکێکی دینامیکی ئێمە ماددەی گونجاومان هەیە

ئەو هەوری گاز و تۆزەی لە نێوان ئەستێرەکاندا هەبووە و پاشان زەوی پێکهێناوە، بە ئەندازەی پێویست ماددەی تیشکاوەری تێدا بووە بۆ پەیدابوون و بەردەوامبوونی ناوکێکی بە شەپۆل و بە جوڵە بە درێژایی ملیاران ساڵ. ئەمەش بوارێکی موگناتیسی دروست کردووە کە هەسارەکەی لە مەترسیی وەک مەترسی بڵێسەدانی خۆر پاراستووە.

پێنجەم: ئێمە مانگێکی گەورەمان هەیە بۆ جێگیرکردن و ڕاگیرکردنی لاربوونەوە تەوەرییەکەی زەوی

زەوی بەرامبەر بە خۆر لار بووەتەوە و لاربوونەوەکەش بە خولانەوەی زەوی دەگۆڕێت. ئەو لارییە کەمە دەتوانێت هەموو ۴۱۰۰۰ ساڵێک، کەشوهەوا لە گەرمەوە بۆ سەهۆڵبەندان بگۆڕێت. ڕەنگە ئەگەر هێزی راکێشانی مانگ نەبووایە، جیاوازییەکە زۆرتریش بووایە.

شەشەم: ئێمە چینی ئۆزۆنمان هەیە بۆ پێشگرتن لە گەیشتنی تیشکە زیانبەخشەکان بە زەوی

ئەو زیندەوەرە دێرینە لە ڕووەکچووانەی کە لە زەریاکاندا دەژیان ئۆکسجینیان بۆ بەرگەهەوا زیاد کردووە و چینی ئۆزۆنیان لە بەشی سەرەوەی بەرگەهەوا دروست کردووە کە وشکاوەکییە سەرەتاییەکانی لە تیشکە کوشندەکان پاراستووە.

وشەکان
solar system: کۆمەڵەی خۆر
goldilock zone: ناوچەی ناوەندی

سەرچاوە
www.nationalgeographic.com/magazine/2018/03/one-strange-rock-interactive-earth-solar-system-milky-way-galaxy/
ئامادەکردنی: عەبدوڕەحمان ئەبوبەکر