پاشماوە پلاستیکییەکان لەسەر زەوییەوە بۆناو دەریا

لە چەند ساڵی ڕابردوودا دنیا وای لێهاتووە کە گریمانەکردنی ژیان بێ پێکهاتە پۆلیمەرییەکان یاخود هەمان پلاستیکەکان ئەستەمە. پێکهاتەیەکی وەرگیراو لە نەوت کە تەمەنی تەنیا بۆ کەمتر لە سەد ساڵ دەگەڕێتەوە. ئێستاکە بەرهەمهێنانی ئەو ماددە بەكەڵکە تا ئاستێک ڕووی لە زیاد بوونە کە لە چوار قوڕنەی جیهان بەدی دەکرێت. بەم تێبینییانە ئایا پێتان وایە بکرێت پاشماوەگەلی ئەو ماددانە لە ڕووی زەوی بسڕینەوە؟ ئایا دەکرێت پاشماوەکانی ئەو ماددەگەلە کەمتر کەینەوە؟ ئایا دەکرێت بەشێک لەو پاشماوانە دیسان بهێنینەوە سووڕی وەبەرهێنان و کەڵکیان لێ وەرگرین و ئایا بە گشتی پلاستیکەکان یەکێک لە مەترسیدارترین دوژمنانی داهاتووی مرۆڤ و زەوین؟

بە گشتی ئێمەی مرۆڤ ساڵانە پتر لە ۳۲۰ ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێنین و پێشبینی کراوە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو ماددەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بێت و تا ساڵی ۲۰۲۵ بگات بە پتر لە ۴۰۰ ملیۆن تۆن. کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی ئەو ماددەگەلە لە ساڵی ۱۹۵۰وە تاکوو ئێستا پتر لە ۸۳۰۰ ملیۆن تۆن بووە و سەیرییەکەی لێرەدایە کە نیوەی ئەو ژمارە مەزنە تەنیا لە ۱۳ ساڵی ڕابردوودا بەرهەم هاتووە. ئامارەکان دەریدەخەن کە ۶۴۰۰ ملیۆن تۆن لەو بڕە پلاستیکە بەرهەمهاتووە دەبێت بە پاشماوەی پلاستیکی و ۷۹٪ ئەو پاشماوەگەلە ئێستاش هەر لە سروشتدا ماون، ۱۲٪ دەسووتێن و تەنیا ۹٪  ئەو بەرهەمانە گەڕاونەوە ناو سووڕی بەرهەمهێنانەوە.  بەڵام لەناو سروشتدا چی بەسەر ئەو پلاستیکە فڕێدراوانەدا دێت؟ چەند دەخایەنێت تا ئەو پلاستیکانە لەناو بچن؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارانە بۆ وێنە بوتڵێكی پلاستیکیی ئاسایی نزیک بە ۴۵۰ ساڵ دەخایەنێت تا لەناو بچێت و ئەو ماوەیە بۆ هەندێک پلاستیکی تر نزیک بە ۱۰۰۰ ساڵ و زۆرترە.

هەندێک لە پلاستیکەکان بە چەشنێک لەگەڵ سروشت ئاوێتە دەبن کە تەقریبەن کۆکردنەوە و جیاکردنەوەیان ناڕەخسێت و ناکرێت. بۆ وێنە لە ساڵی ۲۰۱۴دا زانایان لە هۆوایی چەشنێکی نوێی بەردیان دۆزییەوە کە تێکەڵکاوەیەک لە ڕڵم و بەردئاگرینە و پاشماوەی ئۆرگانیک بوو کە بە یارمەتیی پلاستیکێکی تواوە بەیەکەوە نووسابوون.

ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هەڕمانی ئاوە ئازادەکان بە پۆلیمەرەکان یەکەم جار لە کۆبوونەوەی زانستی لە سەرەتاکانی دەیەی ٧٠ هاتە ئاراوە و لەو کاتەدا تێبینی دەکرا ساڵانە ڕژان و هاتنی پاشماوەکان بۆ ناو ئاوە ئازادەکان  بە پلاستیکەکان و ناپلاستیکەکانەوە  نزیکەی ۵٫۸ ملیۆن تۆن بێت.  توێژەران پاش تێپەڕێنی ۳ ساڵ و لە ساڵی ۲۰۱۰دا پاش لێکۆڵێنەوەکان ڕایانگەیاند کە شتێک نزیک بە ۴-۱۲ ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە ناوچە کەناراوییەکانی گۆی زەوی کۆ کراوەتەوە کە ئەو بڕە تەنیا ۱٫۵ تا ۴٫۵٪ کۆی گشتیی پلاستیکی بەرهەمهاتووەکانی جیهانە. بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو ژمارەیە دەتوانین بڵێین تەنیا پێویستە پلاستیکە کۆکراوەکان لەسەر یەک کۆکرێتەوە تا گشت ناوچە کەناراوییەکانی جیهان داپۆشێت.

کارەساتەکە کاتێک باشتر ڕوون دەبێتەوە کە بزانین توێژەران و زانایان ئێستاش نازانن کە ۹۹٪ی ئەو پلاستیکانەی دەچنە ناو ژینگەوە چییان بەسەر دێت و ئەو بڕە پلاستیکە چ کاردانەوەیەکی دەتوانێت لەسەر ژیانی ناو ئاوە ئازادەکان و هەروەها سەرچاوەی خواردمەنیی مرۆڤ هەبێت.

 

ئامادەکردنی:  مەسعوود قەلەندەری

سەرچاوە:

[۱] http://csuk.org/clean-seas/great-british-beach-clean-2017-report

[۲] http://wedocs.unep.org/bitstream/handle/20.500.11822/17969/Plastic_waste_inputs_from_land_into_the_ocean.pdf?sequence=1

[۳] http://www.bbc.co.uk/news/science-environment-42264788

[۴] https://www.mcsuk.org/clean-seas/great-british-beach-clean-2017-report

[۵] http://bbc.in/2AGUjlS‌

بەشداریکردن لە هەواڵنامەی ماڵپەڕدا

بۆ ئەوەی بە بەردەوامی لە بابەتە نوێیەکانی ماڵپەڕی هۆژان ئاگادار ببنەوە،
ناونیشانی ئیمەیلەکەتان بنووسن. ئیمەیلەکەتان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە.

بە سەرکەوتوویی بوونە ئەندامی هەواڵنامە.

هەڵەیەک ڕووی دا، دیسان ئەنجامی بدەوە.

ڕێکخراوەی زانستی فەرهەنگیی هۆژان will use the information you provide on this form to be in touch with you and to provide updates and marketing.