چۆن بەتەمەنداچوون کۆنترۆڵ بکەین؟!

کورتە: کتێبێکی نوێ حاڵەتی درێژکردنەوەی تێلۆمەرەکان ڕوون دەکاتەوە. کە ڕەنگە سەربکێشێ بۆ درێژکردنەوەی تەمەن.

زیندەناسی مولکولی ئێلیزابێس بلاکبێرن بە توێژینەوەکانی لە بارەی تێلۆمەرەکان بە هاوبەشی خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت-تێلۆمەر پێکهاتەیەکە لە کۆتاییەکانی کڕۆمۆسۆمەکان دایە کە ڕۆڵێکی کاریگەر لە بەتەمەنداچوونی خانەدا دەگێڕێت- بەڵام بلاکبێرن هەستی بە دڵتەنگی دەکرد لەبەر ئەوەی خەڵکی گشتی لە دەرەوەی ئەکادێمیا زانیارییان دەربارەی کاریگەرییە تەندرووستییەکانی تێلۆمەر نەبوو.

لەبەر ئەوە لەگەڵ دەروونناس ئێلیسا ئێپیل دۆزینەوەکانی خۆی لە کتێبێکی نوێدا بڵاو کردەوە کە زیاتر بۆ خوێنەری گشتی نووسیبوی-هەستا بە ڕوونکردنەوەی کەیسێکی زانستی “دەربارەی درێژبوونەوەی تەمەن” کە ڕەنگە هانی خوێنەرانی بدات لە ساڵانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی بدەن لەسەر جگەرەنەکێشان، خواردنی باشتر، خەوتنی پێویست، وەرزشی بەردەوام، کەمکردنەوەی فشارەکان لەبەر ئەوەی دەزانن بەو جۆرە تەمەن درێژتر دەبن.

کتێبەکە بە ناوی پەیامە سەرەکییەکەی”کاریگەری تێلۆمەرەکان”ە دەربارەی ئەوەیە کە مرۆڤ توانای هەیە کۆنترۆڵی بەتەمەنداچوونی بکات زیاتر لەوەی وێنای دەکات. لەڕاستیدا تۆ دەتوانی تێلۆمەرەکانت درێژبکەیتەوە -ڕەنگە بتوانی تەمەنیشت درێژبکەیتەوە- بۆ ئەمە نووسەرانی کتێبەکە پشتیان بە پێداچوونەوەی هەزاران توێژینەوە بەستووە.

بلاکبێرن کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی پەیمانگای سالکە (Salk) بۆ توێژینەوە زیندەییەکان لە کالیفۆڕنیا، دەڵێت “تێلۆمەرەکان گوێ بۆ تۆ دەگرن، گوێ بۆ خوو و خوڕەوشتەکانت دەگرن، گوێ بۆ حاڵەتی هۆش و ژیریت دەگرن” تێلۆمەرەکان بە پێی کاریگەریی ئەو هۆکارانەی سەرەوە گۆڕانکارییان بە سەردا دێت و درێژ و کورت دەبنەوە.

تێلۆمەرەکان دەکەونە کۆتایی دەزووەکانی دی.ئێن.ئەی، هەروەکوو کۆتایی قەیتانی پێڵاو وان کە زۆر جار بە قەپاغێکی ڕەقی پارێزەر کۆتایی هاتووە. فشار لە ئەنجامی شێوە ژیانێکی ناڕێک تێلۆمەرەکان کورت دەکاتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی خانەکان لە دابەشبوون بوەستن و سەرەنجام بمرن.

هەردوو توێژەرەکە دەڵێن”ژمارەیەکی زۆر لەو خانە بە ساڵاچووانەی کە تێلۆمەرەکانیان کورت بووەتەوە دەبنە هۆی بەتەمەنداچوونی مرۆڤ”.
ئیپێل دەڵێت “کورتبوونەوەی تێلۆمەرەکان نابێتە هۆی هیچ نەخۆشییەکی دیاریکراو، بەڵام توێژینەوەکە پێشبینی ئەوە دەکات ببێتە هۆی خێراکردنی کاتی دەرکەوتنی جینێک کە لە جینۆمی مرۆڤەکەدا هەیە کە پەیوەستە بە نەخۆشییەک. بۆ نموونە ئەگەر تۆ لەبەردەم مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵدا بیت، ئەوا ڕەنگە تۆ لە تەمەنێکی گەنجتردا تووشی نەخۆشییەکە ببیت ئەگەر تێلۆمەرەکانت کورتتر بن.”

ئێپیل دەڵێت “ئێمە دەتوانین ڕێنماییەکان بە ئاستێکی نوێ لە دیاریکراوی پێشکەش بکەین و بە وردی لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانەی لە زانستی تێلۆمەر هەیە بە خەڵک بڵێین چ جۆرە وەرزشێک وابەستەیە بە تێلۆمەرێکی درێژەوە؟ بە دیاریکراوی چ جۆرە خۆراکێک پەیوەستە بە تێلۆمەرێکی درێژەوە؟ چ جۆرە خەوتنێک زیاتر وابەستەیە بە تێلۆمەرێکی درێژەوە

توێژەرەکانی تری ئەو بوارە ستایشی ئەو کارەی ئێپیل و بلاکبێرنیان کردووە بەوەی هەوڵیان داوە بابەتەکە زۆر سادە بکەنەوە بۆ خەڵکی گشتی.

جودیس کامپسی، شارەزای بەتەمەنداچوونی خانەیە لە پەیمانگای بەک لە کالیفۆڕنیا دەڵێت ” ئەگەر تۆ خواردنێکی زۆر خراپ بخۆیت و جگەرە بکێشیت، بەبێ گومانی تۆ ژیانی خۆت کورت دەکەیتەوە، هەروەها تێلۆمەرەکانت کورت دەکەیتەوە”

تێلۆمەری کورت ئەگەری پیربوونی خانە زیاد دەکات و ئەو مولکولانە بەرهەم دەهێنێت کە دەبنە هۆی هەوکردن، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەموو نەخۆشییە بە تەمەن بەستراوەکان. جودیس دەڵێت “کەواتە لێرە پەیوەندییەک هەیە لە نێوانیاندا”
خانەکان بە ڕێگەی جیاواز پیر دەبن، بۆیە دەکرێت کەسێک خانەی پیربووی زۆر بێت بەڵام تێلۆمەرەکانی ئاسایی دەربکەون. ئەو دەڵێت “ئەگەر بەتەمەنداچوون هەمووی بەهۆی تێلۆمەرەکان بووایە، ئەوا زۆر لەمێژ بوو ئێمە کێشەی پیربوونمان چارەسەر کربوو”

بلاکبێرن ئاماژە بەوە دەکات کەوا ڕاهێنانی زۆر قورس پێویست نییە بۆ ئەوەی تەمەنێکی درێژتر بە تەندرووستییەکی باشتر بکەیت وەک ئەوەی هەفتانە بەشداریی ماراسۆن بکەیت.

بلاکبێرن ئاماژە بەوەش دەکات کەوا توێژینەوەکەی ئەو پێشبینی ئەوە دەکات کەوا درێژکردنەوەی تێلۆمەرەکان بە دەرمان، دەکرێت ترسناک بێت- گۆڕانی شێوازی ژیان زیاتر سەلامەتترە لە دەنکە حەبێک.

کامپیسی دەڵێت “یەکێک لە بەرەنگارییەکانی توێژینەوەی تێلۆمەر ئەوەیە زۆربەی توێژینەوەکان پێوانەی درێژیی تێلۆمەر لە خڕۆکە سورەکانی خوێن دەکات. بەڵام دەکرێت جگەر زووتر یاخود درەنگتر بەتەمەندا بچێت. کەواتە ئێمە هەموو پێکهاتەکانی جەستەمان یەک تەمەنیان نییە.”

مات کێبەرلین، کە لە بنچینە مولکولییەکانی بەتەمەنداچوون دەکۆڵێتەوە لە زانکۆی واشنتۆن دەڵێت “بە پێوانەکردنی درێژیی تێلۆمەر لە خوێن لە ڕاستیدا تۆ لە توانای کارکردنی خانە بنچینەکانی بەرگریی لەشت کۆڵیوەتەوە” دەشڵێت” لە ڕاستیدا دەکرێت ئەمە ئەوەمان پێبڵێت کە سیستمی بەرگریی لەش زۆر هەستیارە بە شێوازی ژیان و هۆکارە ژینگەییەکان”.

کێبەرلین دەڵێت ئەوان تەنها لە لێواری توێژینەوەی تێلۆمەردان، بەڵام ئەوان لە دوودڵیدان لە بەهای ڕاست و دروستیی پێشبینیکردنی کاریگەریی تێلۆمەری کورت بە بەراورد بە تێلۆمەری درێژ.

کێبەرلین دەڵێت” من پێموایە تێلۆمەر توانای هەیە ببێتە زیندەنیشانەیەکی بەهێز بۆ پێشبینیکردنی داهاتووی تەندروستیی لەش، بەڵام من نازانم دەکرێت هەست بە ئاسوودەیی بکەم ئەگەر بڵێم خەڵکی پێویستە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیاندا بکەن بە پشتبەستن بە پێوانەی درێژیی تێلۆمەرەکانیان”.

وشەکان:

Telomer تێلۆمەر
Molecular basis بنچینەی مولکولی
Biomarker زیندەنیشانە

سەرچاوە:

www.scientificamerican.com/article/how-to-control-aging/