چۆن کەمێک دڵەراوکێ یادەوەریت باشتر دەکات؟!

چۆن کەمێک دڵەراوکێ یادەوەریت باشتر دەکات؟!

چۆن کەمێک دڵەراوکێ یادەوەریت باشتر دەکات؟!

هەندێک شتی سادە وەک چوونەدەرەوە بۆ هێنانی قاوەیەک لەوانەیە ئەزموونێکی لەبیرنەکراو نەبێت-بەڵام دڵەراوکێ دەکرێ ئەمە بگۆڕێت. توێژینەوەیەکی نوێ ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە کەسانێک بە دڵەراوکێیەکی بەرزترەوە دەشێت هەندێک ڕووداوی دیاریکراویان باشتر وە بیر بێتەوە لە کەسانێک بە دڵەراوکێی نزمتەرەوە.

توێژینەوەکان دەڵێن، دڵەراوکێی بەرزتر وا لە مرۆڤ دەکات زۆرتر هەستیار بێت بۆ هەستە نەرێنییەکان، دڵەراوکێ هەستە نەرێنییەکان دەخاتە دۆخێکی نەرێنیتر لە بیر و هۆشدا. کە لە کاردانەوەدا وا لە هەندێک رووداو دەکات زیاتر لە بیرنەکراو بێت.

بە دەربڕینێکی تر، کەمێک دڵەراوکێ دەکرێ هێز ببەخشێت بە توانای بیرکەوتنەوەت.

کریستۆفەر لیی کە یاریدەدەرێکی نووسەری توێژینەوەیە، و خوێندکاری دکتۆرای دەروونناسییە لە زانکۆی واتەرلوو لە کەنەدا دەڵێت “ئەو سیناریۆیە بێنە پێش چاوت: ئەگەر کەسێک رۆژێکی ناخۆشی هەبێت پاشان بچێت بۆ قاوەخانەیەک، کاتێک گارسۆنەکە پرسیارێکی ئاسایی لێ بکات، وەکوو: «ئایا حەزت لێیە شیر لە قاوەکەتدا هەبێ؟» ئەوە رەنگە بە شتێکی نەرێنییانە لێکیبداتەوە، ئەگەر کەسەکە لە حاڵەتێکی خراپی دەروونیدا بێت. دواتر، کەسەکە ڕەنگە سەردانەکەی بۆ قاوەخواردنەوە وەک ئەزموونێکی نەرێنی وە بیر بێتەوە، لەبەر ئەو شێوازە بیرکردنەوە نەرێنییەی هەیبووە”.

دڵەراوکێی بەرز و یادەوەری
لە توێژینەوەکەدا، توێژەرەکان هەستان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەک بۆ ئاستی دڵەراوکێی ٨٠ خوێندکاری زانکۆ. ئەوەیان بۆ دەرکەوت کەسانێک کە بە پلەیەکی بەرزتر دڵەراوکێیان هەبوو لە تێستەکەدا- ئەو تێستە ئاستی دڵەراوکێی دەپێوا لە دوو هەفتەی پێشتردا- زیاتر هەستیارن بۆ هەستە نەرێنییەکان لە کەسانێک کە پلەی دڵەراوکێیان نزمتر بوو. ئەمە لە کاتێکدا بەشداربووەکانی توێژینەوەکە هیچ نەخۆشییەکی دیاریکراوی دڵەراوکێیان نەبوو.

پاشان، بۆ تاقیکردنەوەی یادەوەرییان، بەشداربووەکان ڕیزبەندییەک لە وشەی ئاساییان پیشان درا، هەر وشەیە و لە کاتێکدا پێشانیان دەدرا، هاوڕێ لەگەڵ وێنەیەک یان دیمەنێکی نەرێنی- بەو مانایەی هەندێک شت کە کار لە هەست و سۆزیان بکا، وەکوو ڕووداوێکی هاتوچۆ یان گۆڕستانێک- یاوەخود دیمەنێکی ئاسایی، وەکوو دیمەنی دەریاچەیەک یان درەختێک. وشە ئاساییەکان هەروەکوو وشەی “مێز” یان “تەپڵەک” کە هەست و سۆز ناجووڵێنن.

نووسەری توێژینەوە مایرا فێرناندێز کە پڕۆفیسۆری دەروونناسییە لە زانکۆی واتەرلوو لە کەنەدا دەڵێت” دواتر، بەشداربووەکان داوایان لێکرا ئەو وشانە بەبیرخۆیان بهێننەوە کە پێشتر پیشانیان درابوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بکەونە ناو هەمان شێوازی بیرکردنەوەی ئاسایی یان نەرێنی کە پێشتر هەیانبووە.” پاشتر بەشداربووەکان کۆمەڵە وشەیەکی ئاساییان پێ گوترا، وە یادەوەرییان بۆ ئەو وشە نوێیانە تاقیکرایەوە.

توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت ئەو وشە نوێیانەی بە شێوازێکی نەرێنی بە خەڵک دەگوترێن باشتر بەبیر دێنەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە پلەیەکی دڵەڕاوکێی بەرزتریان هەیە وەک لەو کەسانەی پلە دڵەڕاوکێیەکی نزمیان هەیە.

بە دەربڕینێکی تر، کاتێک سەرنج لەو کەسانە دەدەین کە دڵەڕاوکێیان زۆرە کاتێک زانیارییەکی ئاساییان پێ دەگوترێ، ئەوا زانیارییەکە ڕەنگڕێژ دەبێت بەو شێوازە بیرکردنەوە نەرێنییەی کە هەیانە، وا لە زانیارییەکە دەکات زۆرتر لەیادنەکراو بێت. بەڵام لەو کەسانەدا کە دڵەڕاوکێیان کەمترە هەمان کاریگەری نابێت.

چۆن وا بکەین شتێک لە بیرنەکراو بێت؟
فێرناندێس ئاماژە بەوە دەکات ئەوە بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە کە چۆن دڵەڕاوکێ دەکرێ یادەوەری بەهێز بکات. ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت کە کەسانی دوودڵ ڕووداو و زانیارییە ئاساییەکان تۆمار دەکەن لە یادگەیاندا لە کاتێکدا زانیاریەکانییان بە هۆی شێوازە بیرکردنەوە نەرێنییەکەیان بە “هەست و سۆزەکانیان نەخشاوە”. دەبێتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لەبیرنەکراو بێت.

هەروەها فێرناندێس ئاماژە بەوەش دەکات کە توێژینەوەکانی پێشتر ئەوەیان بۆ دەرکەوتبوو دڵەڕاوکێی زۆر، وەکوو دڵەڕاوکێی ئەو کەسانەی بە دەست نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ دەناڵێنن، ڕەنگە بەتەواوی زیان بە یادگە و توانای ناسینی بگەیەنێت. بەڵام فێرناندێس بۆی دەرکەوتبوو کە کەسانی دوودڵ لەو توێژینەوەدا ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە دەیانتوانی کۆنترۆڵی دڵەڕاوکێیەکەیان بکەن، هەروەها مایەی زیان و بێ توانایی نەبوو بۆ ئەوان.

هەروەها دۆزینەوەکان ئاماژە بە گرنگیی وریابوون لە کاریگەریی مەیلی بیروبۆچوون دەکەن کاتێکە خەڵک زانیارییەکان وەردەگرن و بەبیریان دێتەوە.

فێرناندێس ئاماژە بەوەش دەکات یەک لەو شتانەی وا لەم توێژینەوە دەکات سنووردار بێ ئەوەیە کە ئەمە تەنها لە یادکەوتنەوەی “وشەکان” تێبینی کراوە، لە یادکەوتنەوەی جۆرەکانی تری زانیاری وەک ڕووخساری مرۆڤ و دیمەنە جیاوازەکان و ڕەنگە جۆربەجۆرەکان تێبینی نەکراوە. هەر بۆیە تا ئێستا نەزانراوە تاچەند لەمەودوا دۆزینەوەکان کاریگەری ئەمە لەسەر جۆرەکانی تری یادەوەریش پشتڕاست دەکەنەوە.

شتێکی تر لەو شتانەی ئەم توێژینەوە سنووردراو دەکات ئەوەیە بەشداربووەکان هەموویان قوتابیی زانکۆ بوون، لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیان بوون، ڕوون نیە کە تا چەند هەمان بەرەنجام لە تەمەنەکانی تریش دەبینرێت.

وشەکان:
Anxiety:دڵەراوکێ
Memory: یادەوەری
cognitive performance: توانای ناسینی

سەرچاوە:
www.livescience.com/61898-anxiety-memory.html

ئامادەکردنی: عەبدوڕەحمان ئەبوبەکر