چەندەتان کۆنترۆڵ بەسەر کارەکانتاندا هەیە؟

چەندەتان کۆنترۆڵ بەسەر کارەکانتاندا هەیە؟

چەندەتان کۆنترۆڵ بەسەر کارەکانتاندا هەیە؟
ئایا پێتان وایە مرۆڤ ئیرادەی ئازادی هەیە و ئەو ئیرادەی شتێکە لە سەرووی تواناییە زیندەوەرییەکانی یان ئەوەتا ئیرادەی مرۆڤ لە کۆنترۆڵی مێشکیدایە؟ وەڵامی فەیلەسووفان بۆ ئەو پرسیارە لە هەزاران ساڵدا چەندە ڕازیتان دەکات؟ ئایا زانست وەڵامێکی جیاوازی لە فەلسەفە هەیە بۆ ئەو پرسیارە؟ ئێستا زانایانی دەماری دەستیان کردووە بە دەرخستنی ئەو شوێنانەی مێشک کە پەیوەندییان بە ئیرادەی ئازادەوە هەیە.
کۆنیشانەی دەستی نامۆ شتێکی هێندە سەرسووڕهێنەر نییە. ئەو نەخۆشانەی بە دەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن دەڵێن کە یەکێک لە دەستەکانیان بەبێ ویستی ئەوان دەچێت بۆ شتەکان! ئێستا توێژینەوەیەکی نوێ تیشک دەخاتە سەر هۆکاری ئەم نەخۆشییە لەناو مێشکدا و هەروەها نەخۆشیی بێدەنگی ناجووڵەیی کە لەو نەخۆشییەدا، کەسەکە بەبێ ویستی خۆی پێستی دەخورێنێت یان بەبێ ئەوەی خۆی ئاگادار بێت خواردن دەجووێت. لەم توێژینەوەدا ئامانج ئەوەیە کە لە چۆنیەتیی ئاگاداربوونی مێشک لەوەی لە لەشماندا تێدەپەڕێت تێبگەین.
ئەم کارە پیشان دەدات کە چۆن زانستی دەماری پەردە لەسەر سروشتی زیندەوەریی ئیرادەی ئازاد هەڵدەداتەوە.
بۆ هەزاران ساڵ فەیلسووفەکان لەگەڵ ئەوەی پرسیاری “ئایا ئێمە ئیرادەی ئازادمان هەیە یان بە شێوەیەکی ناچالاکانە بڕیار دەدەین؟” زۆرانبازییان بووە و وەڵامێکی ئەوتۆیان بە دەست نەخەستووە. ئێستا پسپۆڕانی زانستی دەماری دەوری پرسیارەکەیان داوە، ئەوان لە جیاتی ئەوەی بپرسن کە ئایا ئیرادەی ئازادمان هەیە، دەپرسن کە بۆچی زۆربەی ئێمە وا هەست دەکەین کە ئیرادەی ئازادمان هەیە؟ بۆ وەڵامی پرسیارەکەش لەسەر ئەو حاڵەتە دەگمەنانە توێژینەوە دەکەن کە کەسەکان ئیرادەیان نەبێت.
ئەو نەخۆشانەی کۆنیشانەی دەستی نامۆ و بێدەنگی ناجووڵەیی هەیە، ناوچەگەلێک لە مێشکیاندا هەیە کە زیانیان بەر کەوتووە بەڵام ئەوە سەرمەشقێکی گونجاوی نییە بۆ ئەوەی لێیەوە بگەینە ئاکام، بۆیە توێژەران لەم کارە نوێیەدا لە شێوازێکی نوێ کەڵکیان وەرگرت.
لە توێژینەوەکەدا تۆڕێکیان لەو بەشانەی مێشک ساز کرد کە تا ڕادەیەکی زۆر بە شێوەی هاوکات چالاک دەبن. هەرچەند ئەو شوێنانەی مێشک کە بەرپرسن لە جووڵەی نائاسایی، پەتێرن و نەخشێکی ڕوونیان نییە بەڵام دەرکەوت کە هەر بەشێکی مێشک کە بەرپرسە لە ناسازییەکی جووڵەیی دەکەوێتە تۆڕێکی جیاوازەوە.
توێژەران ئەنجامەکانیان لەگەڵ ئەو کەسانە بەراورد کرد کە پاش ورووژاندنی کاتیی مێشک بە ئەلەکترۆدی ڤۆڵتاژ-نزم یان مەیدانی موگناتیسیی ئامانجدار توانایی جووڵەیان لە دەست دابوو. ئەو تۆڕانە کە ببوونە هۆی لەدەستچوونی جووڵەی ئازاد، لەگەڵ ئەو تۆڕە نوێیانە یەکیان دەگرتەوە. ئەمە دەریدەخات کە ئەو تۆڕانە بەپرسن لە جووڵەی ئازادانە و دەرکی ئێمە لەوەی کە پێمانوایە کۆنترۆڵمان هەیە بەسەر کارەکانمان و لێیان بەرپرسین.
پاتریک هاگارد پسپۆڕی زانستی دەماری لە زانکۆی لەندەن دەڵێت کە “وتارێکی زۆر بەنرخە، توانایی بڕیادان و ئەنجامدانی کارێک زۆر شتێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی مرۆڤ بزانێت کێیە و چۆن کۆمەڵگا کار دەکات” هەروەها دەڵێت “بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، وا دەزانرا کە ئەم کارە بۆ زانستی دەماری ناشێت، ئەم توێژینەوەیە نموونەیەکی باشە کە پیشان دەدات زانستی دەماری دەست کردووە بەوەی کە پیشانی بدات ئێمە چۆن کار دەکەین.”

وشەکان:
Alien hand syndrome کۆنیشانەی دەستی نامۆ
Akinetic mutism بێدەنگیی ناجووڵەیی
Neuroscience زانستی دەماری
Targeted magnetic filed مەیدانی موگناتیسیی ئامانجدار
Low-voltage electrode ئەلەکترۆدەی ڤۆڵتاژ-نزم
Movement disorder ناسازیی جووڵەیی

سەرچاوە:
https://www.sciencemag.org/news/2018/10/how-much-control-do-you-really-have-over-your-actions-these-brain-regions-provide-clues