یەکەم هارددرایوی یەک بیتیی کیمیایی جیهان

چیت یەکەم هارددرایوی یەک بیتیی کیمیایی جیهان

“چیت”، یەکەم هارددرایوی یەک بیتیی کیمیایی جیهان

لە ژماردنی ئاساییدا زانیاری[۱]یەکان لە بیت[۲]ەکاندا ئەنبار دەکرێن کە لە ڕێگەی هەندێک دیاردەی فیزیکی لە چەشنی ئیلێکتریسیتە دەخوێنرێنەوە. ڕەنگە ئەم دیاردەیەتان بە ناوی سفر و یەک (۰,۱) ناسیبێت، کە هەروەها بە کۆدی دوودووییش[۳] ناسراون. لە ژماردنی کوانتۆمی[۴]دا، زانیاری لە بیتە کوانتۆمییەکان یاخود کیووبیت[۵]ەکاندا تۆمار دەکرێت کە دەتوانین بە زمانی سادە بڵێین پێکهاتەیەکی دووانەیی کوانتۆمییە کە نە تەنیا دەتوانن وەک شێوازی بیتە کلاسیکەکان(نەریتییەکان) دۆخی سفر و یەکیان هەبێت بەڵکوو دەتوانن لە دۆخێکی مامناوەندیشدا بوونیان هەبێت. بە هەر حاڵ، ئەو دوو شێوازەی ئەنبارکردنی زانیاری تەنیا ڕێگەگەلێک نین کە ئێمە دەتوانین زانیارییەکانی پێ ئەنبار بکەین. بەگشتی بیتەکان وەک یەکێک لە سەرەتاییترین شێوازەکانی ئەنبارکردن و ڕاگرتنی زانیاری ئەوڕۆکە بەشی هەرەزۆری پێکهاتەی تۆمارکراوی زانست و زانیاریی مرۆڤ لە خۆ دەگرن، بەڵام کیووبیتەکانیش لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی زۆر بەرچاویان هەبووە و تەنانەت چەندین کۆمپیووتەریش لەسەر بنەمای ئەنبارکردنی کوانتۆمی داڕێژراون و تاقی کراونەتەوە. هەروەها جگە لەو دوو شێوازە، ئێستاکە شێوازی تریش لە ئارادایە و لەو ناوەدا کیمیاش توانایی ئەو ئەرکەی هەیە و کیمیازانان توانیویانە شێوازێک بدۆزنەوە کە بە یارمەتیی کیمیا زانیارییەکان تۆمار بکەن و دواتریش بیانخوێننەوە.

هەر بەم پێیە، توێژەران لە ئەنستیتۆی کیمیا-فیزیکی ئاکادیمیای زانستی پۆلەندا[۶] لە وەرشۆ شێوازێکیان پەرەپێداوە کە تێیدا دڵۆپەگەلێکی بچووکی کیمیایی دەتوانن زانیاری بە چەشنی بیتەکان و کیووبیتەکان لە یەکەیەکی بیرۆگەیی[۷] یەک بیتی کیمیاییدا کە “چیت[۸]” ناوزەد کراوە ئەنبار بکەن.

چیت لە سێ دڵۆپەی بچووک ساز کراوە کە لەنێوان ئەو دڵۆپانەدا کیمیایی[۹] بە چەشنی سووڕانەوەی بازنەیی[۱۰] و بەردەوام ڕوو دەدات. ئەم بیرۆکەیە لەسەر بنەمای کارلێکی (وەرکرداری) بێلیسۆڤ-ژابۆتینسکییە[۱۱] کە بە شێوازێکی لەرەیی[۱۲] کارلێک (وەرکردار) دەکات. هەر کارلێکەی (وەرکردارەی) بەردەوام کارگێڕگەلی[۱۳] پێویست بۆ کارلێکی دوای خۆی بە دی دەهێنێت. ئەو کارلێکانە بە کەڵکوەرگرتن لە ڕاپەڕێنەرێکی فێرۆن[۱۴] کە هۆکاری گۆڕانی ڕەنگە، یارمەتی دەدرێن. هەروەها لە ڕاپەڕێنەرێکی تر لە ڕۆنیۆم[۱۵] کە هەستیاری بە ڕووناکی[۱۶] لە کارلێکەکەدا ساز دەکات کەڵک وەردەگیرێت. بە هۆی تایبەتمەندیی هەستیاری بە ڕووناکی کاتێک تیشکی شین[۱۷] دەدرێتە سەر کارلێکەکە، لەرەی کارلێکەکە دەوەستێنێت.

ئەم دیاردەیە گرینگە چونکە توانایی ئەوە بە توێژەران دەدات ڕەوتەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. بە پێچەوانەی بیتە نەریتییەکان گشت پاژەکانی چیت کیمیایین.

هاوکات کە ژماردنی کوانتۆمی لە پەرەسەندندایە، ئەو چەشنە نوێیەی ژماردنیش دەتوانێت شێوازێکی تەواو نوێ بۆ پاشەکەوت کردن و خوێندنەوە و گواستنەوەی زانیاری بێت. ئەو پێشکەوتنە نوێیە لە پاشەکەوت کردنی زانیارییەکان دەتوانێت شۆڕشێکی مەزن لە گشت بوارەکاندا لە تەکنۆلۆژیی مۆبایلە ژیرەکانەوە بگرە تا تەکنۆلۆژیی فەزایی و تەنانەت بەرگریکردن لە گۆڕانی بەردەوامی کەشوهەوا [۱۸] بە دی بهێنێت.

ئامادەکردن: فاڕووق ئەحمەدی

سەرچاوە:

  • Sciencealert, 23th May 2017
  • Gizynski, J. Gorecki, “Chemical memory with states coded in light controlled oscillations of interacting Belousov–Zhabotinsky droplets”, Physical Chemistry Chemical Physics, Issue 9, 2017

[۱] information

[۲] bit

[۳] binary code

[۴] quantum

[۵] Qubit

[۶]  Institute of Physical Chemistry of the Polish Academy of Sciences (IPC PAS)

[۷] memory unit

[۸] Chit

[۹]  chemical reaction

[۱۰] circulating cyclically

[۱۱] Belousov-Zhabotinsky (BZ) reaction

[۱۲] oscillatory

[۱۳] reagents

[۱۴] catalyst – ferroin

[۱۵] ruthenium

[۱۶] light-sensitive

[۱۷] blue light

[۱۸]  climate change

سەرنج بنووسن