هۆکاری پێکهاتنی هەور چییە؟!

هۆکاری پێکهاتنی هەور چییە؟!

بە گشتی زۆربەی مادەکانی دەورووبەری ئێمە بە شێوازی سێ فازی [Phase]خۆگر[Solid]، تراو[Liquid] و گاز بەدیدەکرێن. بۆ وێنە H2O (ئاو) لەهەر سێ فازی خۆگر (سەهۆڵ)، تراو (ئاو) و گازدا (هەڵماو[Steam]) خۆ دەنوێنێت. گۆڕانی فازی مادە زۆربەیکات وێڕای وەرگرتن یان لە دەستدانی گەرمایە. بە گۆڕانی مادەیەک لە فازی خۆگرەوە بۆ گاز(یاخود هەڵم) هەڵمان[Vaporization] دەوترێت.

لە ڕاستیدا ڕووپێوی[Surface] (هەراوی) ئازادی هەر تراوێک گشتکات و لەهەر پلەیەکی تیندا ڕەوتی هەڵمانی دەبێت. بەو دیاردەیە هەڵمانی هەراوی(ڕووپێوی)[ Evaporation]دەڵێن. ئاوی زەریاکان و ڕووبارەکان بە هۆی تیشکی خۆرەتاو گەرم دەبێت و پلەی تینەکەی زۆر دەبێت. بە هۆی زۆربوونی تینی ڕووپێوی زەریاکان و ڕووبارەکان بەشێک لە ئاوی ڕووپێو دەست بە هەڵمانی ڕووپێوی دەکات و دەبێت بە هەڵماو. ئەو هەڵماوە لە ئاکامی گەرمبووندا و بە هۆی کەمبوونەوەی چڕی[Density]، بەرەوە چینە بانەکانی کەش(ئەتمۆسفێر) هەڵدەکشێت. هۆکاری بوونی مژ لەسەر زەریاکان و تەنانەت ڕووبارەکان لە کاتی بەیانییان و ڕۆژی فێنک، نەبوونی گەرمای پێویست و نزم بوونی تینی کەش بۆ هەڵکشانی ئەو هەڵماوەیە، بە چەشنێک کە بەشێکی زۆر لەو هەڵماوە هەر لە نزیک ڕووپێوی زەریا و ڕووبارەکە تنۆکە دەکات[Condense] و ورکە دڵۆپەی[Drop] زۆر ورد پێک دەهێنێت. هەر بەم هۆیەشەوە کاتێک لە ناو پەڵە مژێک تێدەپەڕن هەست بە خاوایی دەکەن. پاش هەڵکشانی ئەو هەڵماوە لە ئاکامی کەمبوونەوەی گوشاری کەش و دابەزینی پلەی تینی کەش لە چینە بانەکاندا، ئەو هەڵماوە تنۆکەدەکات و بە شێنەیی دەبێت بە دڵۆپەگەلێکی زۆر بچووک و لە ئاکامی هەندێک هێزی تایبەت (هێزی نووسەکی[Cohesive Forces]، هێزی ڕاکێشی ڕووپێوی[Surface tension] و هێزگەلی ئەلکترۆکیمیایی[Electrochemical driving force]) ئەو دڵۆپە بچووکانە کۆدەبنەوە و دڵۆپەگەلی گەورەتر پێکدەهێنن. بە کۆمایەکی گەورەی ئەو دڵۆپە بچووک و مامناوەندییانە هەور دەوترێت. لەگەڵ ساردتربوونەوەی هەور، دڵۆپەکان تا ئاستێک گەورە دەبنەوە کە قورساییەکەیان و هێزی ڕاکێشی زەوی دەبێتە هۆی بەربوونەوەیان و بەم شیوەیە باران سازدەبێت و ئەو بازنە دیاردەیە دووپات دەبێتەوە.