ژمارە ١

ژمارە یەک

پێداویستییه‌ک به‌ نێوی زمانی زانست

هێمن عەبدوڵاپوور

hemin2021@gmail.com

 

نوام چامسکی[۱] دەڵێ: هەر زمانێک کاری بۆ بکرێ، دەتوانێ گەشە بکات و ئەگەرەکان و تواناکانی خۆی وەک زمانێکی بەهێز، بنوێنێ.

زمانی فارسی دەری لە سەردەمی ڕەسمی بوونی لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا، بۆ به زمانی زانستی بوون، زۆر لاواز بووه؛ تا ڕادەیەک کە یەکێک لە گەورەترین پیاوانی زانست واتە “ئەبووڕەیحانی بیروونی” لە پێشەکی کتێبی “دەرمانناسی لە پزیشکی­[۲]“، کە به زمانی عەڕەبی نووسیویەتی، دەڵێت: “کاتێک بابەتێکی زانستی بە فارسی بکەوێتە نێو زمانم ئەوەندە لام سەیره، وەک ئەوەی وشترێک لە سەربان ببینم یا زەڕافە لە ژێر کورتاندا”. لە جێگایەکی­تر نووسیوییەتی:”بە عەڕەبی لۆمەم بکەن باشتره تا به فارسی پەسەندم بکەن”. کەچی ئەو زمانه کە بە قەولی ئەبووڕەیحان زمانی زانست نەبووه، بەڵکوو زمانی مەتەڵ و چیرۆک بووه، دوای خزمەت و بەخێوکردنی لە لایەن هەزاران شاعیر و نووسەر و فەرهەنگنووس و وەرگێڕ، توانیویەتی ببێ به زمانی زانست و هونەر و فەلسەفە و … . ئەمە ڕەنگە وڵامێک  بۆ ئەو پرسیارە بێت کە ئایا زمانی کوردی دەتوانێ وەک زمانێکی زانستی بە کار بهێندرێ؟

پاشان لەوانەیە ڕووبەڕووی پرسیارێکی گرینگتر، وەک ئەم پرسیارە ببینەوە: بۆچی پێویستە زمانی کوردی زانستی پێ بنووسرێ یا وەک زمانێکی ئاکادێمی وانە و دەرسی پێ بگوترێتەوە؟

زانست  بەردەوام لە حاڵی پێشکەوت و گەشە دایە و بە بێ پێشکەوت واتای نییە، لە هەمان کاتدا، زانست زمانی تایبەت به خۆی هەیە، کە وایە زمانی زانست پێویسته نوێخواز و داهێنەر بێت و خۆی لە گەڵ پێشکەوت ڕێک بخات. بە ئاوڕ دانەوەیەک لە مێژوو دەبینین که ئایین و ئەستێرەناسی لە کۆنەوە زمانی تایبەت به خۆیانیان هەبووه و ئەم چەشنه زمانه تایبەتییانە له زۆر بابەتی ­تریشدا خۆیان نواندووە، ئەو زمانگەلە داهێنەر بوون و وشە و دەستەواژەی تایبەت و دیاری­کراو  به خۆیانیان بەدی هێناوە.  بەڵام هاوکات به لە ناوچوونی چالاکه زانستییەکان لە مەودای مێژوو، به کردوە زمانی زانستمان لە بیر کردووه و بەم شێوەیە خەساندوومانە. له بارودۆخی ئێستادا پێویسته بزانین که زانست و پێشکەوتی زانست واتای چییە و چ پەیوەندییەکی به زمان و داهێنان لە زماندا هەیە و لەو ڕێگایەوە چلۆن دەتوانین لە وڵاتەکەمان پەرە بە زانست بدەین، پەیوەندی نێوان هەناردەکردنی تەکنۆلۆژی و گۆڕانکاری زمان چییە، زمانی زانست لە ئابووریدا چ ڕۆڵێک دەگێڕێ؟

ئەو پرسه دوو کێشەی هەیە: یەکیان کێشەی بەکارهێنەر و ئەوی­ تریان کێشەی خودی زمانه. مەبەست لە بەکارهێنەری زمان، بێژەر و نووسەری زمانه، چ پسپۆڕ و شارەزایان لە ناوەنده زانستی و زانکۆکان و چ ئەاونەی کە به کار و پیشە جۆراوجۆەرەکانی ­ترەوە خەریکن. کەمترخەمی بە کار‌هێنەران سەبارەت به زمانی زانستی شوێنەوارێکی زۆر نەرێنی لە سەر خوێنەران و بیسەران هەیە. ئەو شوێنەوارە نەرێنییە دوو بواری هەیە: یەک ئەوەی کە ئەو هەستە لە خوێنەر و بیسەردا ساز دەکا کە زمانی کوردی توانایی دەربڕینی بابەتە زانستییەکانی نییه کە وایە ناچارە به دەستەواژە و وشەی سەراسەر نامۆ مەبەستگەلی زانستی و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی دەرببڕێ؛ هەروەها ئەو ڕوانگەیه ئاراستەی خوێنەر یا بیسەر دەکا که بابەتە زانستییەکان پڕ له گرێ ­و گۆڵن و دەربڕینەکەشیان بە هەمان شێوە سەخت و ئاستەمه، زانستخوازیش لەگەڵ زمانێکی سەخت و دژوار ڕووبەڕوو دەبێتەوە و پێی وایە سەختی زانستە کە لە زماندا ڕەنگی داوەتەوە، کە واتە بێ ­ئەوەی بچێتە ناخ و ناوەرۆکی زانستەوە له دژواری وشەکان و سەختی زماندا دەمێنێتەوە و هیچ­کات بەو جۆرەی کە پێویستە له ناخ و قووڵایی زانست ڕۆناچێت. ئەم پرسه دەتوانێ یەکێک لە هۆگەلی زۆر گرینگی دواکەوتوویی زانستی ئێمە لە زانکۆکان و بنکە لێکۆڵینەوەییەکان بێت. کاتێک خوێندکار لەگەڵ دەقێکی پڕ لە وشە و دەستەواژەی نامۆی زانستی ڕووبەڕوو دەبێتەوە لە بەر ئەوەی کە تێگەیشتنێکی ورد و ڕوونی لەو دەقه و له گوتنەوەکەی به زمانی کوردی نییە، به حسێبی دژواری زانست یا بێدەسەڵاتی زمانی کوردی دادەنێ، که هەردووکی دەتوانێ زیان به فەرهەنگ و پێشکەوتی زانستیی ئێمە بگەیێنێ.

له لایەکی ­ترەوە وێنەیەک کە بەم هۆیەوە بۆ خوێندکاران و هۆگرانی زانست ساز دەبێ، وێنەیەکی ڕاوەستاو لە زانستە و ئەو بۆچوونەی لێدەکەوێتەوە کە زانست دیاردەیەکی نەگۆڕ و ڕاوەستاوه. هەروەها هۆی ئەوەی ئێمە بە شوێن زانستی ڕۆژ داین بێ ئەوەی بچینه قۆناغی داهێنانی زانست و بەردەوام بەکارهێنەری زانست بمێنینەوە، دەتوانێ ئەمە بێ که نەچووینە قووڵایی زانستەوە؛ واتە کێشەی زمان،کێشەی وشە و دەستەواژە زانستییەکان، بۆتە هۆی ئەوەی کە هیچکات نەتوانین بەو شێوەیەی کە پێویسته، ناخ و ناوەرۆکی زانست بپشکنین و له قۆناغێک کە لەودا داهێنان دەستپێدەکا تێبگەین.

لەوانەشه بەردەوام ئەو کەسانەی کە وا دەستەواژە زانستییەکانیان داهێناوە و گەشەیان بە زانست داوە، پێشکەوتووتر و سەرتر لە خۆمانیان بزانین و به ئانقەست یا بێ­ئاگا لە ناخماندا، بە جۆرێک هەست بە کەمایەسی و پاشکەوتوویی بکەین. هەر بۆیە پێویسته وەک به­کارهێنەری زمان و مامۆستا یا وەک کەسێک کە له کارگایەک خەریکی پیشەیەکە و کارێک جێبەجێ دەکات یا پسپۆرێک کە لە قولینچکێکی وڵات به هۆی کارکردن لە گەڵ ئامێر و دەزگا نوێیەکان لەگەڵ وشە و دەستەواژەگەلی نوێ ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئەو گرینگە له بیر نەکەین که ئەوەی لە کاتی ئاخاوتن ئاراستەی کەسانی­ تری دەکەین، دەبێ لەگەڵ زمان و فەرهەنگی خۆمان بیخوێنێتەوە و بەم دوو پێوەرە زانیارییەکانمان بڵاو کەینەوە. بە داخەوە گەلێک جار مامۆستایان پێداگرن لە سەر ئەوەی خوێندکاران وشە و دەستەواژه لاتینەکان فێر بن و لە کاتی ئاخاوتن و نووسیندا بە کاری بێنن، خوێندکارانیش پێیان وایه ئەگەر وشەو و دەستەواژه لاتینەکان بە کار بێنن ئاستی زانستیان بانتر و سەوادیان زیاتره، هەر ئەوه له کاکڵ و پوختەی زانست دووریان دەخاتەوە و لەوانەیە تەنیا دەستکەوتی خوێندکار له بەکارهێنانی ئەم وشە و دەستەواژه بیانییانە خۆنواندن و خۆهەڵکێشان بێت.

گەلۆ؛ لە ڕاستیدا گەشە و پێشکەوتی هزر و زەینی مرۆڤی سەردەمی مۆدێڕنیته لە هەموو بوارەکان پەرەی به پانتا و جوگرافیایی زمانی ئەویش داوە، هەر وەکوو دەبیندرێت تەنیا لە دوو سەدەی ڕابردوودا به هەزاران هەزار وشەی زانستی و فەنی هێناوەتە نێو خەزێنەی وشەکانی و هەروەها لە بوارەکانی جۆراجۆری هونەر و فەرهەنگ و فەلسەفه و سیاسەت و ئابووری و پرس و پێوندی نێوان مرۆڤەکان بەم چەشنه هەوڵی داوه و تێکۆشاوه، جا ئەگەر بڕیاره ئێمەش میراتگری ئەو خەزێنەیە بین و سوودی لێ وەرگرین و بتوانین لەگەڵی هاوقسە بین و لە بارەی چۆنییەتی ئەو میراته هەڤپەیڤینمان هەبێ، جگە لەوەی دەبێ زمانی خۆمان بۆ ئەو گرینگە ئاماده و وێژا بکەین ڕێگایەکمان نییە. هەڵبەت ئەم ڕێگایه پڕ لە هەوراز و نشێوه و کەسی چالاک و کۆڵنەدەری گەرەکه. ڕێگایەکی ئاسانتر هەڵبژاردنی یەکێک لەو زمانە بیانیانە وەک زمانی زانستییه، هەر وەکوو چۆن هێندێک لە وڵاتانی ئافریقایی و  ئاسیایی ئەو کارەیان کردووه، بەڵام ئەو کارە زمانی زێد و زگماکی ئێمه کاڵ و لاواز و دواکەوتوو دەهێڵێتەوە و جۆرێک پاڕادۆکس و دژایەتی لە زمان و کردەوەمان بەدی دێنێت، کەواتە لە ڕاستیدا ڕێگای سەخت و دروستتر ڕاهێنانی زمانی خۆمان و داڕشتن و نوێژەن کردنەوەی لە ئاستی زانست و فێربوونە، کە ئەو کاره تەنیا بە تێگەیشتنێکی قووڵ و دوور لە هەموو چەقبەستوویی و وشکەڕۆییەک دەکرێت و پێویسته سەبر و زەبری هەموولایەک و هەستی بەرپرسیارەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای پشتیوان بێت.

خاڵێکی گرینگ کە لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبکەین و لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکەمان لە بیری نەکەین و بە قەولی مامۆستا هەژار نەچینه گرۆی چینێک “منداڵی ڕیش سپی و پیری بە لانک و دەسرازە” ئەوەیە کە پێمان وانەبێت هەرچی هەیە دەبێت بیکەینە کوردی و بەم شێوەیە ڕیشەی زمانەکەمان لە بن دەربێنین و دەستەواژە و وشەکان بکەینە دڕک و داڵ و نەهێڵین به خۆشی لە گەرووی هۆگران و زمان ­پارێزان بچێتە خوارێ و بەم شێوەیە ڕێگە لە گەشە و نەشەی بگرین. مامۆستا هەژار لە جێیەکی ­تردا دەڵێت: “پسپۆڕانی زمانزانی لە سەر ئەو بڕوایەن بەشێکی زۆر لە وشەگەلی لاوەکی کە تێکەڵ بە زمانێک بووه و زۆر لە هەواری تازەی­دا ماوەتەوە و نەخوێندەواری میواندار فێری بووه و لە سەر زار و زمان خۆش دێ، نابێ دەستی لێ­بدرێ و ناشێ هەرگیز وەلابندرێ؛ ئەو تازه بۆتە مڵک و بە کەڵک دێ و خزمەتکاری بێ مووچەیە. پێشینیانیش فەرموویانه: نۆکەری بێ مزە و خەڵات، تاجی سەری ئاغایەتی”.

لە کۆتاییدا سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەر لە ئێمە هەنگاوی بە خێر و بێریان بۆ گەشە و پێشکەوتی بوارە جیاجیاکانی زمان هەڵێناوەتەوە و ئێستا ئێمە لە سایەی زەحمەت و تێکۆشانی ئەوانە کە گەروو پڕ لە گوتن دەکەین و بە بانگ و سەڵا دەبێژین: زمانەکەمان لە هیچ ئاستێک کەم ناهێنێ و  بێگومان دەتوانێ بۆ گەشەی زانستیش بێتە ئاخاوتن و قسەی بۆ گوتن هەبێ. هەروەها له هەموو هۆگرانی زانست و شارەزایان دەخوازین به وردبینی و لە ڕووی دلسۆزییەوە هەڵە و کەم و کووڕییەکان بە ڕووماندا بدەنەوە و بەم شێوەیە ئاوڕمان لێ بدەنەوە و به ڕەخنە و ڕێنوێنییەکان گەورەمان کەنەوە.

 

سەرچاوەکان:

  1. عەبدوڕرەحمان، شەڕەفکەندی (هەژار). هەنبانەبۆرینە (فەرهەنگی کوردی- فارسی)، ۱۳۸۵ی کۆچی هەتاوی.
  2. کامران، ڕەحیمی. بنەماکانی وشەسازی و وشە ڕۆنان لە زمانی کوردیدا، ۱۳۸۸ی کۆچی هەتاوی.
  3. منصوری، رضا.چرا و چگونه‌ زبان فارسی باید زبان علمی باشد؟، نشر دانش، شماره‌‌۴، ۱۳۷۴، ص ۱۲

۴٫داریوش، آشوری. روح علمی و زبان علمی، دومین سمینار نگارش فارسی(زبان فارسی، زبان علم)، مرکز نشر دانشگاهی، ۱۳۶۳، ص ۱۵-۱۰      

[۱] Noam Chomsky

۲الصیدنة فی الطب

بابەت نووسەر
سەروتار – پێداویستییەک بە نێوی زمانی کوردی هێمن عەبدوڵڵاپوور
بەدوای شەپۆلی شینەوە: لە خەڵاتی نۆبێلی فیزیکەوە تا بازاڕی LCD ی بانە ئاسۆ ڕەحیمزادەگان
ڕێدۆزیی ڕایەڵە بە ئالگۆریتمی باشینەکردنی کۆمەڵە مێروولە  واحد پەری
گەشتێک بەسەر مێژووی گۆڕانکارییەکانی کەرەستە و بیناسازی(بەشی ١)  سارا زینەتی
زانیارییە سەرنجڕاکێشەکانی بەرزترین بورجی دونیا
گەنم  سورەییا ئەحمەدی
لە دڵی کوردستانەوە بۆ گەورەترین تاقیگەی مێژووی مرۆڤ
گەلاوێژی بەربەیان ئەنوەر‌ ئیسماعیلپووری
چۆن بچمە دڵتەوە هادی ڕەحمانپەنا
ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی ئاخاوتن و تایپی ئاخاوتنی کوردی د. هادی وەیسی- موحەممەد موحەممەدئەمینی
کێبەرکێی جیهانیی ئەی.سی.ئێم موحەممەد موحەممەدئەمینی
ماڵی زیرەک چییە؟ مەهدی سەربازی
ژیریی دەستکردیی گووگڵ زمانی تایبەت بە خۆی داهێنا موحەممەد موحەممەدئەمینی
شاڕژکردنەوەی بێتەل(وای.فای بۆ وزەبەخشین) پەرەستوو‌ عادڵی
ناسینەوەی ڕوخسار جەمال گوڵمحەممەدی
π (پی) چییە؟
بە سواری ماشێنەمولکولییەکان بەرەو داهاتوویەکی گەش فاڕووق ئەحمەدی
ساڵێک بە نێوی ساڵی نێونەتەوەییی ڕووناکی کامران قادری
دیتنی ڕووناکی هوشیار ئازەری
تێکنۆلۆژییە نوێیەکان دێنە یارمەتیی کەمئەندامان ڕەزا سووری
دەنگی خوێنەر – وەڵام و پرسیار