ژمارە ٢

ژمارە دوو

لەم ژمارەدا…

ئەمڕۆکە زانست بووەتە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانمان. لە نووسینی نامەیەکەوە بگرە تا پێشبینیی کەشوهەوا، سەفەر، گواستنەوە، هەواڵپرسیی خۆشەویستەکانمان و جلوبەرگ و هتد؛ هەموو چالاکییەکانمان جێ پەنجەی زانست و تەکنۆلۆژییان بەسەرەوەیە. زانست و تەکنۆلۆژی پێکەوە جیهانێکی نوێیان بۆ ئێمە ساز کردووە کە ڕاکردن لەو جیهانە واتە ڕاکردن لە بەشی هەر زۆری ژیانی ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین. چیتر زانست وەک شتێک سەیری ناکرێت کە بوونەکەی بۆ کۆمەڵگا باشە، بەڵکوو زانست بووەتە پێویستییەکی بناخەیی و لە سات بە ساتی ژیانی هەمووماندایە. ئەگەر گەشبینانە بڕوانین، بەرەو ئاراستەیەک دەچین کە شۆفێری کردن و شێعر نووسین و نیگارکێشان و چێشت لێنان و ژەنیاری -کە لە کارە هەرە ئاڵۆزەکانی ژیانی ئێمەن و پێویستییان بە ژیری و شارەزایی مرۆڤ هەیە- بەشێکیان یان بە تەواوەتی دەکەونە ئەستۆی زانست. بزانین هۆژین لەم ژمارەیەدا کام لایەنی ئەم جیهانە پەلهاویشتووەی زانستی بەسەر کردووەتەوە؟

وای دانێن دەتانهەوێت بە ئەپێکی مۆبایل لەگەڵ خزمێکتان لە شوێنێکی دوور قسە بکەن. چەندە ئەو پەیوەندییەی ئێوە لە پەیوەندیی ڕاستەقینە دەچێت؟ ئایا بینینی کەسێکی خۆشەویستتان لەسەر شاشەی مۆبایلەکەتان ئەو هەستەتان پێدەدات کە ئەو کەسە لەلاتان دانیشتووە؟ هۆژین هەوڵ دەدات باسی هەموو ئەو زانستانە بکات کە ئەو دەرفەتە دەدات بە تۆ کاتی قسەکردن بە ئەپێکی مۆبایل هەست بکەیت بەرامبەرەکەت لەگەڵت دانیشتووە. “پیشاندەرە ٣-ڕەهەندییەکان” یەکەم پێویستین بۆ سازبوونی هەستێکی وەها، بە شێوەیەک کە تۆ تەنیا هەست نەکەی وێنەیەکی ٢-ڕەهەندی لە بەرامبەرەکەت دەبینیت. ئەگەر ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکەیت کەسێکی ڕازداری تۆ بێت، ئایا دڵنیایت ڕازەکانی بەینتان لە ڕێگە نەبیستراون و کەسانی دیکە گوێبیستی قسەکردنی نێوانتان نەبوون؟ بۆ ئەوەی بزانیت ئەو ئەپەی بەکاری دەهێنیت پەیوەندییەکی پارێزراوی بۆ ساز کردوویت، “بازاڕی شێواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” بخوێنەوە. ئایا لە کاتی پەیوەندییەکەدا لە ماڵەوە دانیشتووی یان لەناو ئۆتۆمۆبیلدایت؟ “ڕایەڵەی نێوان ئۆتۆمۆبیلەکان” ئەو دەرفەتەتان بۆ دەڕەخسێنێت کە لە هەر شوێنێک لە سەفەردان پەیوەندیتان بەردەوام بمێنێت.

ڕەنگە ئێستا پەیوەندییەکەتان کۆتایی هاتبێت و پێتان وا بێت کە پێویستیتان بە بەرهەمە زانستی و تەکنۆلۆژیکەکان نییە، ماندوون و حەز بە چاییەکی تازەدەم دەکەن، چی دەبوو ئەگەر ڕۆباتێکتان ببوایە و چایی بۆ دەم بکردنایە؟ “ڕۆباتە سەرنجڕاکێشەکان” بۆ کاری لەو شێوە و زۆر کاری تر داهاتوون،  چۆن ئەو ڕۆباتە تێبگەیەنین کە حەز بە چایی دەکەین؟ ئایا ئەو لە زمانی مرۆڤ تێدەگات؟ دەبێت بە چ زمانێک قسەی بۆ بکەین؟ ئایا لە کوردی تێدەگات؟ دەتوانن لە هۆژیندا بخوێننەوە کە ڕۆباتەکان تا ئێستا چەندە لە کوردی تێدەگەن، بۆیە ڕەنگە خوێندنەوەی “کۆمپیووتەرەکان لە قسەکردن بە زمانی کوردی تێدەگەن!” بۆتان سەرنجڕاکێش بێت.

ژیان لە جیهانێکی وا پێشکەوتوودا ئاواتی هەموومانە، ئەم جیهانە خەریکە بەدی دێت، بەڵام تا کەنگێ دەرفەتمان هەیە لەم جیهانەدا بمێنینەوە، لە کاتێکدا ڕۆژ نییە مەرگ و پیری بەرۆکمان پێنەگرن و دانەچڵەکین کە لەو جیهانە دادەبڕێین. هۆژین وڵاممان دەداتەوە کە “ئایا مردن دەمرێت؟”. یەکێک لەو نەخۆشییانەی بۆ تەمەنی درێژ و بەرەنگاربوونەوەی مەرگ دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە “جەڵتەی دڵە”، لە هۆژیندا دەتوانن زانیاریی ورد لەسەر ئەم نەخۆشییە و ڕیگەکانی بەرگری لە تووشبوون و چارەسەری ئەم نەخۆشییە بخوێننەوە.

وای دانێن ئێمە دەمێنینەوە و کۆمەڵێک تەکنۆلۆژی لەبەر دەستماندا هەن ئایا سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەو ژیانە ڕەنگاوڕەنگە هەتاهەتایین و ئەو ژیانەی بەدیمان هێناوە هەروا درێژە دەکێشێت؟ وەک دەزانین یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە بۆ هەموو ئەم تەکنۆلۆژییانە “نەوت و سووتەمەنییە بەردینەییەکان”ن بۆیە باسکردن لە چییەتی و چۆنیەتی پێکهاتنی ئەم سەرچاوەیە بایەخێکی زۆری هەیە بۆمان. تێگەیشتن لە بابەتە ئاڵۆزەکانی ئەم بوارە و کیمیا بە گشتی زانایانی هان داوە کە بە مەبەستی فێرکاری، کۆمەڵێک پێکهاتەی مۆلوکولی دابڕێژن، یەکێک لەو پێکهاتانە زۆر لە هەڵپەڕکێی کوردی دەچێت و بابەتی سەرنجڕاکێشی “نانۆهەڵپەڕکێ” باس لەو پێکهاتە مۆلوکولییانە دەکات.

لە درێژەی ئەم ژمارەدا دەتوانن بە وردی لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی ئاماژەیان پێ کرا و چەندین بابەتی تر بخوێننەوە. لە کۆتاییدا سپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەین کە لە ئامادەکردنی ئەم ژمارەدا بەشدار بوون و هەروەها داوا کە هەموو خوێنەرانمان دەکەین کە بە پێشنیار و ڕەخنەکانیان یارمەتیمان بدەن بەرهەمێکی شیاوتریان پێشکەش بکەین.

موحەممەد موحەممەدئەمینی

editor@hojan.org

بابەت نووسەر
سەروتار موحەممەد موحەممەدئەمینی
جەڵتەی دڵ نەسیبە بارانی
سەمای هەنگ یاخود ژێنی زمان؟! قادر ئەڵڵاوەیسی
لۆکە سورەییا ئەحمەدی
ئایا مردن دەمرێت؟ هادی ڕەحمانپەنا
ئەگەر خوازیاری گۆڕینی جیهانی، زانستی مەعریفی زۆرتر بخوێنەوە! موحەممەد ساوجبڵاغی
سککه بێ نرخەکە بدۆزه‌ره‌وه: تاقیکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌یی د. حوسێن جەوهەری
نەوت و سووتەمەنییە بەردینەییەکان،گەورەترین شۆڕشی وزە لە مێژووی مرۆڤدا فاڕووق ئەحمەدی
نانۆهەڵپەڕکێ؛ مۆلوکولگەلێک بە شێوەی مرۆڤ مەسعوود بایەزیدی
جیهانی ئەمڕۆ، جیهانی دەنگ و ڕەنگە. ئەمە واتای چییە؟ کامران قادری
کۆمپیووتەرەکان لە قسەکردن بە زمانی کوردی تێدەگەن!(بەشی دووەم) د. هادی وەیسی- موحەممەد موحەممەدئەمینی
چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیی مۆبایل لە GPRSـەوە تا ۵G مەهدی سەربازی
ڕایەڵەی تایبەتی نێوان ئۆتۆمۆبیلەکان مەجید قاسم ئەحمەد
بازاڕی شێواوی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئارام درەخشانی
ڕۆباتە سەرنجڕاکێشەکان ئەمیر پەرغازە
گه‌شتێک به‌سه‌ر گۆڕانکارییەکانی که‌ره‌سته‌ و بیناسازی سارا زینەتی
گرتنەوەی ئاو لە هەڵماوی ناو هەوا فاڕووق ئەحمەدی
ئەلگۆریتمێکی خوێندنەوەی مێشک دەزانێت بیر لە چی دەکەیتەوە! ئارام درەخشانی
فیزیکزانان تراوێک بە قورسایی کاریگەریی نەرێنی دروست دەکەن! ئاسۆ ڕەحیمزادەگان
لە هەر زانستێک چەمکێک
دەنگی خوێنەر – وەڵام و پرسیار