ئەندازیاریی مکانیک

پێناسە

زانستی مکانیک یەکێک لە لقەکانی زانستی فیزیکە کە لەسەر جووڵەی ماکەکان و هێزێک کە دەبێتە هۆکاری ئەم جووڵەیە لێکۆڵینەوە دەکات. زانستی مکانیک لەسەر بنەمای جووڵەزانی (سینماتیک) و داینامیک لێکدانەوە و شیکاریی دۆخەکانی خۆگر، تراو و گاز دەکات. جیاوازیی جووڵەزانی و داینامیک لەوەدایە کە لە جووڵەزانیدا تەنیا لێکدانەوە بۆ جووڵەی مادەکان دەکرێت بەبێ ئەوەی کە ئەو هێزە کە بۆتە هۆکاری ئەم جووڵەیە ڕەچاو بکرێت، بەڵام لە داینامیکدا ئەم هێزەش ڕەچاو دەکرێت. هەر لەم پەیوەندییەدا، ئەندازیاریی مکانیک بوارێکی ئەندازیارییە کە بە کەڵکوەرگرتن لە بنەماکانی زانستی ئەندازیاری، فیزیک و زانستی مادەکان[۱]، هەوڵ دەدات داڕشتن[۲]، لێکدانەوە[۳] و بەرهەمهێنانی[۴] سیستمە مکانیکییەکان بکات. هەروەها ئەندازیاریی مکانیک بوارێکە کە ئاوێتەیە‌ لەگەڵ داڕشتن، کارپێکردن و بەرهەمهێنانی مەکینه[۵]‌ و ئامرازە جۆراوجۆرەکان. ئەم بوارە یەکێک لە کۆنترین و بەربڵاوترین بوارەکانی ئەندازیارییە.

ئەندازیارێکی مکانیک پێویستی بە زانینی بنەماکانی داینامیک[۶]، جووڵەزانی[۷]، ستاتیک[۸]، تێرمۆداینامیک[۹]، زانستی ماکەکان، لێکدانەوەی پێکهاتەکان[۱۰] و کارەبا[۱۱] هەیە. سەرەڕای ئەم زانستە بنەڕەتییانە کە ئاماژەیان پێکرا، ئەندازیاری مکانیک لە ئامرازگەلێک وەک داڕشتن بە یارمەتیی کۆمپیووتەر[۱۲] (CAD)، بەرهەمهێنان بە یارمەتیی کۆمپیووتەر[۱۳] (CAM) و هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی خولی تەمەنی بەرهەم[۱۴] بۆ داڕشتن و لێکدانەوەی کارگەکانی بەرهەمهێنان، مەکینە و کەرەستەکانی پیشەسازی، سیستمەکانی گەرمکردنەوە[۱۵]‌ و فێنککردنەوە[۱۶]‌، سیستمەکانی گواستنەوە، فڕۆکەکان، پاپۆڕەکان، ڕۆباتەکان، کەرەستەی پزیشکی، چەک و کەرەستەی سەربازی و هتد کەڵک وەردەگرێت.

ئەندازیاریی مکانیک لە ماوەی شۆڕشی پیشەسازی ئەورووپادا وەک بوارێکی زانستیی سەربەخۆ سەری هەڵدا، ئەگەرچی دەکرێت مێژووی ئەم بوارە بۆ هەزاران ساڵ پێشتریش بگەڕێنینەوە. لە سەدەی نۆزدەیەمی زایینیدا، پێشکەوتنی زانستی فیزیک بوو بە هۆکارێک بۆ پێشکەوتنی ئەندازیاریی مکانیک و ئەم بوارە بەردەوام لە پێشکەوتندا بووە تا ئەو جێگایەی‌ کە ئێستا لە بەشەکانی کامپۆزیت، مێکاترۆنیک و نانۆتەکنەلۆژی دەستکەوتی بەرچاوی هەبووە‌. ئەندازیاریی مکانیک هەروەها هاوبەشییەکی زۆری لەگەڵ بوارەکانی ئەندازیاریی گەشتی ئاسمانی[۱۷]، ئەندازیاریی مێتالۆرژی[۱۸]، ئەندازیاریی بیناسازی[۱۹]، ئەندازیاریی کارەبا[۲۰]، ئەندازیاریی بەرهەمهێنان[۲۱]، ئەندازیاریی کیمیا[۲۲]، ئەندازیاریی پیشەسازی[۲۳] و زۆربەی بوارەکانی دیکەی ئەندازیاریدا هەیە. ئەندازیارەکانی مکانیک هەروەها دەتوانن لە بوارەکانی ئەندازیاریی بایۆپزیشکی[۲۴]، بایۆمکانیک[۲۵]، بایۆنانۆتەکنەلۆژی[۲۶] و بایۆمکاترۆنیک[۲۷]یشدا چالاکی بکەن.

بوارەکانی ئەندازیاریی مکانیک

مەکینە و ئامرازگەلێک کە هەموو جۆرە کەرەستەیەک بەرهەم دەهێنن.

کەرەستە و ئامێرگەلی خولاوە وەکوو تۆربۆمەکینەکان، تۆرباینەکان، پۆمپەکان، کۆمپرێسۆرەکان و هتد.

موتۆڕەکانی سووتانی ژوورەکی، موتۆڕی جێت و موتۆڕی مووشەک.

دەرمەکانی بەرزە-گوشار[۲۸]، ڕاکتۆرەکانی کیمیایی[۲۹] و ڕاکتۆرەکانی ناوەکی[۳۰].

گۆڕەرەکانی تین[۳۱] (بۆیلێرەکان، کۆندانسۆرەکان، ئێواپڕاتۆرەکان و …).

سیستمەکانی پایپینگ[۳۲].

کەرەستەکانی گواستنەوە وەکوو ئوتۆمۆبیل، لۆری، باس، فرۆکە، شەمەندەفەر، پاپۆڕ و هتد.

کەرەستەکانی گواستنەوەی کەلوپەل وەکوو گەیێنەری قایشی[۳۳]، ڕۆباتەکان یان هتد.

داڕشتنی کۆنتڕۆلێر بۆ سیستمە داینامیکییەکان.

داڕشتنی سیستمەکانی خۆشکردنی هەوا[۳۴]، هەوا گۆڕین (باگۆڕی)[۳۵]، فێنککردنەوە و گەرمکردنەوە لە بیناسازیدا.

– شەکەتی[۳۶]، خوشین[۳۷] و شکانی[۳۸] ئامێرەکان.

– شێوازی فاینایت ئێلێمێنت[۳۹] (FEM) و داینامیکی شلگازەکان بە شێوازی ژماردنی[۴۰] (CFD).

– گواستنەوەی تین[۴۱]، مکانیکی شلگازەکان[۴۲].

– لەرینەوەی مکانیکی[۴۳]، ئاکۆستیک[۴۴].

-چەمانەوەی کۆڵەکەکان[۴۵]، کاریتەکان[۴۶]، شێڵ و پلەیتەکان[۴۷].

– تاقیکردنەوەی کتۆیی، باشترکردنی کارامەیی[۴۸] و بڕواپێکراویی[۴۹] ئامێرەکان و پرۆسەکان.

– تاقیکردنەوەکانی تێکنەدەر[۵۰].

– پرۆسەکانی لە مەکینەدانی[۵۱] نەریتی و پێشکەوتوو.

– پرۆسەکانی شێوەپێدانی[۵۲] مادەکان.

– داڕشتن و بەرهەمهێنانی قالب[۵۳] و بەستنەوەی قالبەکان.

– شێوازەکانی لکاندن[۵۴] یان لەحیم کردن[۵۵].

– کردارگەلی گەرمایی[۵۶].

– شێوازەکانی داڕشتەکردنی[۵۷] کانزاکان.

– میترۆلۆجی[۵۸] و سیستمەکانی پێوان.

– تەکنۆلۆجیی نانۆ.

– سیستمەکانی میکرۆئێلێکترۆمکانیکی و سیستمەکانی نانۆئێلێکترۆمکانیکی.

– سیستمەکانی میکڕۆ و نانۆ تایبەت بە شلگازەکان.

– نانۆکامپۆزیتەکان، نانۆکریستاڵەکان، نانۆبۆرییە کەربۆنییەکان.

– نانۆڕۆباتەکان.

بوارەکانی خوێندنی ئاکادمیک

ئەندازیاری مکانیک لە زانستگەکانی هەر وڵاتێک بە پێی گەڵاڵە و پرۆگرامی خوێندن و پەروەردەی ئەم وڵاتە، وەک بوارێکی سەرەکیی ئەندازیاری دەناسرێت. بەڵام بە شێوەی گشتی بواری ئەندازیاری مکانیک ئەم لقانەی خوارەوە لە خۆ دەگرێت.

شارەزایانی ئەم لقە دەتوانن لە بواری داڕشتنی ئامێرە پیشەسازییەکان، مەکینەکان، هێڵی بەرهەمهێنانی کارگەکان، داڕشتنی سیستمەکانی گواستنەوەی هێز[۶۰] و هتد چالاکی بکەن.

ئەندازیارەکانی مکانیکی شلگازەکان لە تایبەتمەندیی مکانیکیی دۆخی تراو و گاز شارەزا دەبن و دەتوانن لە بوارەکانی داڕشتنی موتۆڕەکانی سووتانی ژوورەکی[۶۱]، موتۆڕەکانی جێت، ئایرۆداینامیک، داڕشتنی سیستمەکانی هیدرۆلیک و پێنۆماتیک، هێزگەکانی کارەبا[۶۲]، پاڵاوگەکانی نەوت و گاز، دامەزراوەگەلی مکانیکی[۶۳] بیناکان و هتد چالاکی بکەن.

ئەندازیارانی ئەم لقە لە بوارەکانی بەرهەمهێنان وەک کارگەکانی سازکردنی قالب و بە گشتی بەرهەمهێنانی مەکینە و ئامێرە پیشەییەکان چالاکی دەکەن.

لقە تایبەتییەکانی ئەندازیاریی مکانیک

ئەندازیاریی مکانیک چەند لقێکی تایبەتیش لە خۆ دەگرێت کە لە هەندێک پۆلێنکردندا دەخرێنە ناو لقە گشتییەکان کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە. ئەم لقە تایبەتییانە بریتین لە:

  • مکانیک – ئوتۆمۆبیل
  • مکانیک – گەشتی ئاسمانی
  • مکانیک – دەریا
  • مکانیک – شەمەندەفەر
  • مکانیک – دامەزراوەکانی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە
  • مکانیک – هێزگەی کارەبا
  • مکانیک – بیۆمکانیک
  • مکانیک – مکاترۆنیک
  • مکانیک – سیستمەکانی وزە
  • مکانیک – بایۆسیستم (بواری جووتیاری)

[۱] Materials science  علم مواد

[۲] Design  طراحی

[۳] Analyze

[۴] Manufacturing  ساخت و تولید

[۵] Machinery  ماشین

[۶] Dynamics  دینامیک

[۷] Kinematics  سینماتیک

[۸] Statics  استاتیک

[۹] Thermodynamics  ترمودینامیک

[۱۰] Structure analysis  تحلیل سازه

[۱۱] Electricity  الکتریسیته

[۱۲] Computer-aided design  طراحی به کمک کامپیوتر

[۱۳] Computer aided manufacturing  ساخت به کمک کامپیوتر

[۱۴] Product life cycle management  مدیریت چرخه عمر محصول

[۱۵] Heating  گرم کردن

[۱۶] Cooling  خنک کردن

[۱۷] Aerospace engineering  مهندسی هوافضا

[۱۸] Metallurgical engineering  مهندسی مواد

[۱۹] Civil engineering  مهندسی عمران

[۲۰] Electrical engineering  مهندسی برق

[۲۱] Manufacturing engineering  مهندسی ساخت و تولید

[۲۲] Chemical engineering  مهندسی شیمی

[۲۳] Industrial engineering  مهندسی صنایع

[۲۴] Biomedical engineering  مهندسی بیوپزشکی

[۲۵] Biomechanics  بیومکانیک

[۲۶] Bionanotechnology  بیونانوتکنولوژی

[۲۷] Biomechatronics  بیومکاترونیک

[۲۸] High pressure vessels  مخازن تحت فشار

[۲۹] Chemical reactors  راکتورهای شیمیایی

[۳۰] Nuclear reactorsراکتورهای هسته ای

[۳۱] Heat exchanger  مبدل حرارتی

[۳۲] Piping  پایپینگ

[۳۳] Conveyor  تسمه نقاله

[۳۴] Air conditioning  تهویه مطبوع

[۳۵] Ventilation  تهویه

[۳۶] Fatigue  خستگی

[۳۷] Creep  خزش

[۳۸] Failure شکست

[۳۹] Finite element method  روش اجزا محدود

[۴۰] Computational fluid dynamics  دینامیک سیالات محاسباتی

[۴۱] Heat transfer  انتقال حرارت

[۴۲] Fluid mechanics  مکانیک سیالات

[۴۳] Mechanical vibration  ارتعاشات مکانیکی

[۴۴] Acoustic  آکوستیک

[۴۵] Columns buckling  کمانش ستونها

[۴۶] Beam  کاریتە

[۴۷] Shell and plate  ورق و پوسته

[۴۸] Performance عملکرد

[۴۹] Reliability   قابلیت اطمینان

[۵۰] None destructive testing  آزمایش غیرمخرب

[۵۱] Machining  ماشینکاری

[۵۲] Forming  شکلدهی

[۵۳] Mold  قالب

[۵۴] Connections  اتصالات

[۵۵] Welding  جوشکاری

[۵۶] Thermal heating  عملیات حرارتی

[۵۷] Casting  ریخته گری

[۵۸] Metrology  مترولوژی

[۵۹] Solid design  طراحی جامدات

[۶۰] Power transmissionانتقال قدرت

[۶۱] Internal combustion engine  موتورهای احتراق داخلی

[۶۲] Power plant station  نیروگاه

[۶۳] Mechanical installations  تأسیسات مکانیکی