ئایا بۆ گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە بەرەو وزەی خاوێن وەک هەتاو یان با، ماددەی پێویست لەبەردەست دایە؟

ئایا بۆ گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە بەرەو وزەی خاوێن وەک هەتاو یان با، ماددەی پێویست لەبەردەست دایە؟

ئایا بۆ گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە بەرەو وزەی خاوێن وەک هەتاو یان با، ماددەی پێویست لەبەردەست دایە؟

 

کاتێک باسی ژینگە دەکرێت، ڕۆژەڤی میدیا و بڵاڤۆکە بەناوبانگەکانی جیهان دێتەوە سەر “گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا”. گرینگیی ئەم باسە تا ئەو جێگایە پەرەی سەندووە کە وڵاتانی زلهێزی جیهان، کۆبوونەوەی گەورە دەبەستن تا پێش بەم گۆڕانکارییانە بگرن. یەکێک لە ڕێکارەکانی پێشگرتن لە گۆڕانکاریی کەشوهەوا بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی خاوێن وەک وزەی هەتاو یان وزەی بایە لە هەمبەر بەکارهێنانی وزە فۆسیلییەکان. بەڵام ئایا دەکرێت بە تەواوی جێگوڕکێ بەم وزانە بکرێت؟ لێکۆڵینەوەیەکی نوێ وەڵامی نەرێنی هەیە بۆ ئەم پرسیارە.

بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە “وەزارەتی ژێرخانەکان”ی هۆلەندا کراوە، ئەگەر بمانهەوێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەرهەڵستی بەکارهێنانی وزە فۆسیلییەکان ببینەوە، تا ساڵی ٢٠٥٠ بڕیی پێویست لەو ماددە گرینگانە لە بەردەستدا نییە کە بۆ دروست کردنی خانە هەتاوییەکان یان تۆرباینە باییەکان پێویستە.

ئەگەر ئێمە بمانهەوێت پێش بە “گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا” بگرین، نابێت کەربۆن دایۆکسید بنێرن بۆ تەوشک یان ئەتۆمۆسفێر. بۆ ئەم مەبەستەش پێوستە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنەری کەربۆن دایۆکسید وەک نەوت و سەرجەم ئەو کەرەسانەی بەم جۆرە وزەگەلە کار دەکەن بگۆڕین بۆ وزەی خاوێن و جێگرەوە. بەڵام لێرەدا کێشەیەک دێتە ئاراوە؛ زۆربەی ئەو پاژانەی بۆ دروستکردنی کەرەسەی ئەلەکتریکی بەکارهاتوو لە خانە هەتاوییەکان یان تۆرباینە باییەکان بەکار دێن پێویستییان بە کانزاگەلی دەگمەنە وەک “نیۆدیۆم، ئیندیۆم و زیو” و هەروەها زۆر کانزای تر کە کەمتر ناسراون وەک “پرەیزیدیمیۆم، دیسپرۆزیم و تریبیۆم”. ئەم کانزایانە لە کانگاکانی وڵاتانی جیاوازدا بەرهەم دێن و لە کەرەسە ئەلەکتریکییەکان بەکار دێن. بەڵام ئێستا ئەم لێکۆڵینەوە باس لەوە دەکات کە ئەگەر بمانهەوێت بەم خێراییە پەرە بە سەرچاوە وزە جێگرەوەکان بدەین، پێویستیمان بە چەند ئەوەندەی ئەم کانزایانەیە کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا و ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەگەر هەر لەم کانزایانە کەڵک وەربگیرێت، قەیرانێکی دیکەش بکەوێتە سەر قەیرانەکانی تر. بە پێی ئەو نوانەی کە لەم لێکۆڵینەوەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٥٠دا بۆ بەرهەمهێنانی خانە هەتاوییەکان و تۆرباینە باییەکان پێویستیمان بە ١٢ ئەوەندەی ئیندیۆم هەیە کە لە ئێستادا بەرهەم دێت. دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم بڕە تەنیا بۆ بەشی وزە پێویستە و پێوستییەکانی بەشەکانی دیکە لە خۆ ناگرێت و بۆیە ئەگەر بە گشتی بڕوانین ئەم ژمارەیە زۆرتر لەوە بەرزتر دەبێتەوە.

ڕێگاچارەی ئەم کێشەیە ئەوە نییە کە مرۆڤ دەست بکات بە کردنەوەی کانگای زیاتر و دەرهێنانی زۆرتری ئەم کانزایانە. بەڵکوو دەکرێت چارەسەرێک ئەوە بێت کە وڵاتەکان زۆرتر زەخت بخەنە سەر کۆمپانیاکان بۆ “دووبارە بەکارهێنانەوە”ی ئەم کانزایانە. زۆربەی کەرەسە ئەلەکتریکییەکان پاش بەکارهێنان فڕێ دەدرێن و ڕەنگە وەک پاشماوەیەک ژێرخاک بکرێن، بەڵام دووبارە بەکارهێنانەوە دەتوانێت ببێتە چارەی قەیرانی کەمبوونی کانزاکان لە داهاتوودا. هەروەها چارەسەرێکی دیکە ئەوە کە لێکۆڵینەوە بکرێت بۆ دۆزینەوەی ماددەی تر وەک کامپۆزیتەکان و بەکارهێنانی ئەوان لە جێگەی کانزاکان.

 

وشەکان:

گۆڕانکاریی کەشوهەوا: تغییرات آب و هوا- Climate change

کانزای دەگمەن: فلز نادر- Rare metal

دووبارە بەکارهێنانەوە: بازیافت- Recycle

وەزارەتی ژێرخانەکان: Ministry of Infrastructures

خانەی هەتاوی: سلول خورشیدی- Solar panel

تۆرباینی بایی: توربین بادی-  Wind turbine

 

ئامادەکردن: ئەمیر پەرغازە

سەرچاوە:

https://www.metabolic.nl/publications/metal-demand-renewable-electricity-generation-netherlands/

https://www.popularmechanics.com/science/energy/a25576543/renewable-limits-materials-dutch-ministry-infrastructure/