ئایدز: نیشانەکان، هۆکارەکان و دەرمانەکان

ئایدز: نیشانەکان، هۆکارەکان و دەرمانەکان

ئایدز: نیشانەکان، هۆکارەکان و دەرمانەکان

ئەمڕۆ واتە ١ی دێسەمبر ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی ئایدزە، هەر بەم بۆنەیەوە کورتە بابەتێکمان سەبارەت بە ئایدز ئامادە کردووە.
ئایدز نەخۆشییەکە کە هۆکارەکەی ڤایرۆسێکە بە ناوی HIV. هەندێک لە خەڵک بە هەڵە ئایدز و HIV بە یەک شت دەزانن، بەڵام لەڕاستیدا دوو شتی جیاوازن و هەر وەک باس کرا ئایدز یەک نەخۆشییە بەڵام HIV ڤایرۆسێکە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو نەخۆشییە. ئەم ڤایرۆسە هەمووکات خۆی نیشان نادات و نابێتە هۆی تووشبوونی کەسێک بە ٸایدز. دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە و کاریگەرییەکەی لەسەر لەش ڕەنگە لە ٦ مانگەوە هەتا ٢٠ ساڵ بخایەنێت. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە کەسێک ڕەنگە ڤایرۆسەکە لە لەشیدا ببێت بەڵام تا چەندین ساڵ نەخۆش نەکەوێت و ڕەنگە تا کۆتایی ژیانی تووشی ئایدز نەبێت. هەر ئەمەش مەترسیی ئەوە ساز دەکات کە ئەم کەسە بێ ئەوەی بزانێت کەسانێکی دیکەش تووشی ئەم نەخۆشییە بکات.

گواستنەوەی ڤایرۆسەکە

ڤایرۆسی HIV ڤایرۆسێکە کە بەس لە ڕێگەی خوێن و تراوەکانی لەش وەک تراوی زێ و تراوی تۆماوی دەگوازرێتەوە. کەوایە ڕێگەکانی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:
– جووتبوونی مەترسیدار: جووتبوونێک کە ڕێکاری تەندروستیی تێدا ڕەچاو نەکرێت یان ئاگاداری ئەوە نەبن کە کەسی بەرانبەر ڕاگوێزەری ئەو ڤایرۆسەیە.
– منداڵبوون بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکاری تەندروستی: ئەگەر دایک خاوەنی ئەم ڤایرۆسە بێت و ڕێکاری تەندروستی نەگیرێتە بەر ئەگەریی تووشبوونی منداڵ هەیە.
– وەرگرتنی خوێن: ئەگەر بە هەر هۆکارێک خوێنێک کە وەریدەگرن، خوێنی خاوەنی ئەو ڤایرۆسە بێت ئەگەریی تووشبوون هەیە.
– بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە ڕێگەی دەرزی لێدان: ئەگەر دەرزییەکە بە هاوبەشی کەڵکی لێ وەربگیرێت و یەک لەوانەی کەڵکی لێوەردەگرن ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا بێت ئەگەریی تووشبوون هەیە.
ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی دەم و پێست و شتەوە ناگوازرێتەوە، واتە ئەگەر کەسێک تووشبووی نەخۆشیی ئایدز بێت و ٸێوە لە ئامێزی بگرن یان یەکتریش ماچ بکەن، تووشی ڤایرۆسەکە نابن.

نیشانەکانی ئایدز

نیشانەکانی ئایدز کاتێک دەردەکەون کە ڤایرۆسەکان لە لەشدا چالاکی بکەن و هێرش ببەنە سەر خڕۆکە سپییەکانی خوێن و لەناویان ببەن. ئەمە دەبێتە هۆی لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگریی لەش و تووشبوون بە هەندێک نەخۆشیی زۆر ئاسایی کە ڕەنگە بە هۆی لاوازیی کۆئەندامی بەرگریی لەش زۆر کوشندە بن. چەند لەو نیشانانە وەک برینی دەم و زێ و …، کەمکردنەوەی کێش، ماتبوون و لەبیرچوونەوەن.

دەرمانی ئایدز

بۆ ئەم نەخۆشییە لە هەندێک دەرمانی دژەڤایرۆس کەڵک وەردەگیرێت. ئەم نەخۆشییە چاکبوونەوەی هەمیشەیی نییە، بەڵام ڕەنگە کەسێک بە پاراستنی خۆی لە نەخۆشیی سادە و بەکارهێنانی دەرمان تا ساڵانێکی زۆر ژیانی ٸاسایی هەبێت. بۆ بەرگریی لە تووشبوون بەم نەخۆشییەش تا ٸێستا هیچ کوتاوێک ساز نەکراوە. هۆکارەکەشی بۆ گۆڕانی بەردەوامی جینۆمی ڤایرۆسەکە دەگەڕێتەوە.

نووسین و ئامادەکردن: ئەیوب مەحموودی
وشەکان:

زێ vagina
تۆماوی seminal
تراو/شلە fluid
کۆئەندامی بەرگری/بەرگرییە کۆئەندام immune system
کوتاو vaccine

سەرچاوەکان:

https://www.livescience.com/34699-hiv-aids-symptoms-treament-prevention.html
Medical Microbiology, Jawetz, Melnick, & Adelberg’s, Twenty-Seventh Edition, McGraw-Hill