بنەماکانی ھاوبەشکردنی بابەتی زانستی لە تۆڕە کۆمەلاتییەکاندا

ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی وەک ئینفۆدێمیک (واتە پەتای زانیاری) ڕاگەیاندووە [۱]. لەبەر ئەوەی کە جگە لە ڤایرۆسەکە بەشێکی زۆر زانیاریی ڕاست و درۆ لە ماوەیەکی کورتدا بڵاو بووەتەوە. ئەم زانیارییە درۆیانە زۆرجار دەبنە ھۆی مەرگی مرۆڤەکان. بۆ نموونە لە ئێران، بەھۆی بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست هەندێک کەس بەهەڵە وایانزانیوە کە ئەلکول خواردنەوە بۆ دەرمانی کۆرۆنا باشە و مێتانۆلیان خواردووەتەوە و مردوون [۲]. لە حاڵێکدا ئەلکول خواردنەوە یارمەتیدەر نییە و تەنانەت مێتانۆل بۆ خاوێنکردنەوەی ڤایرۆسیش نییە (ئەوە ئێتانۆلە کە بۆ خاوێنکردنەوەی ڕووبەرەکان بەکار دێت). زۆرجار ئێمە بەھۆی کەمتەرخەمی یا بێئاگابوون، دەبینە ھۆی بڵاوبوونەوەی ھەواڵی نادروست و دەبین بە بەشێک لە زنجیرەی ھەواڵی نادروست.

ھەر بەم ھۆیەوە، کاناڵی گۆڤاری زانستی ھۆژین هەندێک لە بنەماکانی ھاوبەشکردنی زانیاریی زانستی باس دەکات:

١. تەنیا و تەنیا کاتێک بابەتێکی زانستی بڵاو بکەنەوە کە سەرچاوەی بڕواپێکراوی ھەبێت و سەرچاوەکە داندرابێت بۆ خوێنەر.

٢. ھیچکات دروستبوونی ھەواڵێک بەپێی ھەستی خۆتان ھەڵمەسەنگێنن و تەنیا بە گەڕان لە سەرچاوە بڕواپێکراوەکان یان پرس بە پسپۆڕەکان لە دروستیی بابەتەکان دڵنیا ببنەوە.

٣. بەشدار مەبن لە کاناڵێکدا کە ھەواڵی درۆ و بێسەرچاوە بڵاو دەکاتەوە و یارمەتیی پەرەگرتنی مەدەن.

٤. بابەتێک کە دەزانن دروست نییە بەڵام دەتانەوێت لە کۆڕێکدا بۆ باسکردن بڵاوی بکەنەوە، باشتر وایە وێنەیەکی لێ بگرن و وێنەکە بڵاو بکەنەوە. یارمەتیدەر مەبن لە زۆرتر بینرانی پۆستی ھەڵە.

٥. کاتێک بابەتێکی زانستی دەنووسن و بڵاوی دەکەنەوە، حەتمەن سەرچاوەی بڕوا پێکراو دابنێن.

٦. ئایا ھەموو بنکەکانی زانستی بڕواپێکراون؟ بە دڵنیاییەوە نا. بۆ دەستڕاگەیشتن بە لیستێک لە ماڵپەڕە بڕواپێکراوەکانی ئینگلیسی زمان سەردانی ئەم لینکە بکەن:
http://Hojan.org/reliable-source

٧. ھیچکات دەنگێک کە دڵنیا نین ئی کێیە و بۆ نموونە بانگەشەی پزیشک بوون دەکات بڵاو مەکەنەوە.

٨. لە زانستدا شتی شاراوەمان نییە. ئەگەر لە شوێنێکدا بانگەشەی ئەوە دەکرێک کە زانیارییەکی زانستیتان پێ دەدرێت کە لە ھیچ کوێ نییە، ئەوە دیارە کە ئەو بابەتە ناڕاستە و لە بڵاوکردنەوەی خۆ بپارێزن.

۹. ھەواڵی تۆقێنەر زۆرتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە. بە چاوێکی ڕەخنەگرانەتر سەیری ئەو بابەتانە بکەن.
١٠. مێشکی مرۆڤ تیۆریی پیلانگێڕی (تیۆریی تەوتەئە) ئاسانتر قەبووڵ دەکات چون ھەمیشە شیکارییەکی سادە پێشکەش دەکات بۆ شتە ئالۆزەکان. ئاگادار بن کە زۆربەی ئەم تیۆرییانە ھیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و لە بڵاوکردنەوەیان خۆ بپارێزن.

١١. سەرچاوە باشەکان بناسن و بۆ وەرگرتنی زانیاری، لەپێشدا سەردانی ئەوان بکەن.

[۱] https://www.technologyreview.com/s/615184/the-coronavirus-is-the-first-true-social-media-infodemic
[۲] https://www.bbc.com/news/world-middle-east-51801968

ئامادەکردن: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان