بیرکاری

کایەی «سۆدۆکۆ» چییە؟

کایەی «سۆدۆکۆ» چییە؟

پوختە: ئەم نووسراوەیە باسی یاسا و شێوازی یاریی سۆدۆکۆ کە یاریییەێکی هزرییە دەکات. کایەی سۆدۆکۆ یەکێکە لە کایە هەرە گرینگەکان کە بەپێی توێژینەوەکان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی مێشک و هەروەها بیرکردنەوە و بڕیاردان. لەم یارییەدا کە ژمارەکان ڕۆلێکی گرینگیان هەیە، دەبێت بە هێنانەوەی بەڵگە بڕیار لەسەر ژمارەکان بدرێت.

مێژوو و پێناسەی سۆدۆکۆ

 

«سۆدۆکۆ» وشەیەکی ژاپۆنییە و بە واتای «ژمارە دووپاتنەکراوەکان» دێ. وەک دەستەواژەیەک، بەو خشتە ژمارەیییە دەڵێن کە لە سەردەمی ئێمەدا وەک کایەیەکی بەناوبانگ و جێگای حەزی بیرمەندان لە سەرانسەری دونیادا ناسراوە. بە هەڵە تێ ‏مەگەن! بە پێچەوانەی ناوەکەی، ئەم کایە هزرییە لە لایەن بیرکارێکی ئەورووپی لە سەدەی ١٨ی زایینیدا دانراوە نەک لە لایەن بیرمەندێکی ژاپۆنییەوە. هۆکاری ئەم ناوە ژاپۆنییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٨٤ی زایینی کۆمپانییەکی ژاپۆنی بە ناوی نیکۆلی ئەم یارییەی کە پێشتر لە گۆڤارێکی ئەمریکی بڵاو ببۆوە لە گۆڤارەکەی خۆیدا تۆمار کرد. ئەو کات ناوی ئەو یارییەیان نابوو  Suuji Wa Dokushin Ni Kagiru،  واتە ژمارەکان دەبێت یەک جار بوونیان هەبێ. بەڵام ئەو ناوە زۆر درێژ بوو و پێویستی بە کورتکردنەوە هەبوو. هەر بۆیە سەرۆکی کۆمپانیای نیکۆلی ناوی تازەی بۆ دانا. ئەو ناوە تازەیە پێک هاتبوو لە دوو وشەی ژاپۆنی SU واتە ژمارە و DUKU واتە تاک. لەبەر ئەوەی ئەو یارییە لە ژاپۆن خواستی زۆری لەسەر بوو، ئەو ناوەی هەر لەسەر مایەوە. سۆدۆکۆ لە خشتەیەک پێک هاتووە کە ئەم خشتەیە لە ڕاستیدا دەتوانرێ بە سێ شێواز یان لە سێ ئاسـتدا دابڕێژرێ. لە سێ ئاستی دژوار، مامناوەندی یان سادە و ساکار و تەنانەت هەڵگری نەخشاندن لە ئاستی منداڵاندایە. دەروونناسان باوەڕیان وایە شی‏کردنەوەی ئەم خشتەیە دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی مێشکی مرۆڤ، گەرچی بەگشتی وەک چەمکێکی بیرکاری دێتە ئاراوە. لەسەر ئەو بابەتە چەندین توێژینەوە کراوە کە بۆ نموونە دەتوانین باسی توێژینەوەی لوئیز لی و جانسن لێرد و گوودوین لە ژۆرناڵی Thinking & Reasoning بکەین . 

هەروەها توێژینەوەیەکی تر بە ناونیشانی خشتەی سۆدۆکۆ و کاریگەری لەسەر بیر و کارکردنی مێشک  لەسەر بەسالاچووان و گەنجەکان . لەم توێژینەوەیەدا شێوازی کارکردنی مێشکی مرۆڤەکان پێش یاریکردن بەراوردی بۆ کرا، دواتر بۆ ماوەی ٤ مانگ گەنجان و کەسانی بەتەمەن بەردەوام یاریی سۆدۆکۆیان کرد کە لەلایەن تاقیگەەوە دیزاین دەکرا، لە کۆتایی ئەم ٤ مانگەدا که دیسان پشکنین بۆ مێشکیان کرا و بینرا بەرەوپێشچونیان پێوە دیار بوو.

شێوازی کایەی سۆدۆکۆ

جۆری گشتی کایەی «سۆدۆکۆ» پێک هاتووە لە خشتەیەک بە ٩ ڕیزی ئەستوونی و ٩ ڕیزی ئاسۆیییەوە، کەواتە ٨١ خانە بەگشتی. هەر ڕیزێک، جارێکی تر بە ٩ بەش دابەش کراوە. هەر وەک لە وێنەی ژمارە ١دا دەبینن، ئەم ٨١ خانەیە دابەش دەبن بە ٩ چوارگۆشەی ٣٣ (لە وێنەکەدا، هەر چوارگۆشەیەکی ٣٣ بە ڕەنگێکی جیاواز نیشان دراوە).  یاریزان، لە کاتی کایەدا دەبێ هەوڵ بدات خشتە بچـووکە ٣٣کان بەژمارەگەلی ١ هەتا ٩ پڕ بکاتەوە بەبێ ئەوەی ژمارەکان دووپات ببنەوە. جگە لەوە، ژمارەکان نابێ لە هەر ڕێزێکی سەرەکی ئەستوونی و ئاسۆیییەوەش دووپات ببنـەوە. واتە لە ژمارەکان، بەگشتی، دەبێ بەبێ دووپاتبوونەوە کەڵک وەرگیرێت و زۆربەی کاتەکان، بەمەبەستی ڕێنوێنی یاریزان، هەندێ لە ژمارەکان پێشتر دیاری ‏کراون هەتا بەپێی ئەوان ژمارەکانی دیکە بدۆزرێنەوە.

بەر لە دەستپێکردنی کایە، دەبێ هەندێک زانیاری لەبەر چاو بگیرێت. ڕیزە ئاسۆیییەکان بە ژمارەگەلی ١ هەتا ٩ و ڕیزە ئەستوونیییەکان بە پیتگەلی A بۆ I دیاری کراون. هەروەها، خانە بچووکەکانی ٣٣ بە ڕەنگی جیاواز نەخشێندراون. کاتێک ئێمە بمانهەوێت خانەیەکی بچووک ناو بەرین لە هەر دووی ژمارەکان و پیتەکان کەڵک وەردەگرین. بۆ نموونە خانەی بچووک لە ڕیزی ٣ و ئەستوونی ٤ دەبێتە C٤.

 ئێستا بۆ نموونە دەمانهەوێ ژمارەی ١ لە چوارگۆشەی بچووکی یەکەم واتە ABC١٢٣ دابنێین و بڕیار بدەین لە کوێ دروستە ئەم ژمارەیە دابنێین. پێشەکی ژمارە یەکەکانی ئەم خشتەیە بە ڕەنگی پەمەیی دیاری دەکەین. هێڵە زەردەکان لەو شوێنانە ئاگادارمان دەکەنەوە کە ناتوانین ژمارەی ١ لەوێ دابنێین چونکە ئەگەر دایبنێین وەک ئەوەیە ٢ جار لەم ژمارەیە کەڵکمان وەرگرتبێ لە ڕیزێک یان ئەستوونێک و ئەمە بەپێچەوانەی یاسای کایەکەیە! ژمارەی ١ لە ئەستوونی ٢ و ٣ دا دەبینرێت و ناتوانین ژمارەی ١ لەم دوو ئەستوونەدا دابنێین. هەمان بیرکردنەوە و یاسا بۆ ڕیزی یەکەم بەکار دێنین تا دیاری بکەن کە ناکرێت ژمارەی یەک لە خانە A١ بە کار بێنین واتە تەنیا خانەیەک کە دەمێنێتەوە خانەی C١ کە دەتۆانین ژمارەی ١ لەوێدا دابنێین کە بە ڕەنگی نیلی دیاریمان کردووە.

 

دەتزانی؟!

ئێستا پێم باشە باسی هەندێک زانیاریی زیاتر لەسەر یاریی سۆدۆکۆ بکەم کە دەتوانێ بۆ ئێوەی خوێنەر سەرنجڕاکێش بێت:

١. بۆ دیزاینی خشتەی سۆدۆکۆ پێویست ناکات کە ئێوە شارەزا بن. بەڵکوو هەر تاکێک دەتوانێت بە تۆزێک بیرکردنەوە و کەڵکوەرگرتن لە لۆژیک خشتەی سۆدۆکۆ لە چەند خولەکێکدا دروست بکات.

٢. بۆ ئەوەی کە خشتەکە تەنیا یەک وەڵامی هەبێت، دەبێت لانیکەم ١٧ خانەی خشتەکە دیاریکراو بن. واتە، گەر خشتەکە کەمتر لە ١٧ خانەی دیاریکراوی هەبێت، بۆ نموونە تەنیا ١٦ خانەی دیاریکراوی بێت، ئەوە دەتوانی بە زیاتر لە یەک جۆر خشتەکە پڕ بکەیتەوە.

٣. یاری سۆدۆکۆ یارییەکی لۆژیکییە کە پێویستی بە هیچ جۆرە زانیاریی بیرکاری یان شارەزایی لە زمان نییە.

٤. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٥ یاریی سۆدۆکۆ بڵاو بۆوە و خواستی لە هەموو شوێنەکان هەبوو، بەراوردی بۆ کرا کە دەبێتە گەورەترین یاری لە جیهان لە دوای ڕۆبیک کیوب (Rubik’s Cube) کە لە ساڵی ١٩٨٠بەدواوە نەبینراوە.

٥. لە دوای ساڵی ٢٠٠٦،  کێبەرکێی جیهانیی سۆدۆکۆ بەڕێوە دەچێ کە یەکەم کێبەرکێی ئەو یارییە لە شاری لۆکا لە وڵاتی ئێتالیا بەڕێوە چوو.

٦.سۆدۆکۆ لەو یارییانە هەژمار دەکرێ کە خووی پێوە دەگری و گیرۆدەی دەبی، بەڵام چونکە نابێتە هۆکاری هیچ شتێکی خراپ، کێشە نییە گەربێت و گیرۆدەی بیت!

جۆرەکانی دیکەی سۆدۆکۆ

خشتەی ٩٩ سەرەتایەک بوو بۆ دەستپێکی کایەی سۆدۆکۆ. هەر ئێستا جۆرەکانی دیکەی سۆدۆکۆ لە قەبارە و فۆڕمی جیاوازدا بەکار دێت. بۆ نموونە سۆدۆکۆی بازنەیی یان سۆدۆکۆی بە وێنە کە لە وێنەی ژمارەی ٢دا نیشان دراون. یان گەر دەتهەوێت ژمارە و پیتی زمانێکی دیکە فێر بیت، ئەوە دەتوانی لە ژمارە و پیت بە هەر زمانێکی دیکە بۆ کایەی سۆدۆکۆ کەڵک وەرگری. هەرکام لەم جۆرە سۆدۆکۆیانە یاسای خۆیان هەیە و تا ڕادەیەک هاوشێوەی سۆدۆکۆی سەرەکین. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر جۆرەکانی دیکەی سۆدۆکۆ و یاساکانیان، سەردانی وێبگە و ماڵپەڕە ئیننتەرنێتییەکان، وەکوو سەرچاوەکانی ئەم دەقە بکە.

وێنەی ژمارە ٢ –

جۆرەکانی دیکەی سۆدۆکۆ: 

١) سۆدۆکۆی بازنەیی،

(٢) سۆدۆکۆ بە وێنە،

(٣) سۆدۆکۆ بە پیتی ئینگلیزی،

(٤) سۆدۆکۆ بە ژمارەی چینی

نووسەر: مەسعود نەقشبەندی

هەڵەگر: حەسەن موسازادە

پێداچوونەوە: ئەمیر ئارمانی

سەرچاوەکان: ١،٢

  1. Grabbe JW. Sudoku and changes in working memory performance for older adults and younger adults. Activities, Adaptation & Aging. 2017 Jan 2;41(1):14-21.
  2. Lee NL, Goodwin GP, Johnson-Laird PN. The psychological puzzle of Sudoku. Thinking & Reasoning. 2008 Nov;14(4):342-64.

 

وەڵامێک بنووسە

Back to top button