تاقیکردنەوەی پێکوتەی (ڤاکسین) ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ لە ئەمریکا

تاقیکردنەوەی پێکوتەی (ڤاکسین) ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ لە ئەمریکا

تاقیکردنەوەی پێکوتەی (ڤاکسین) ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ لە ئەمریکا

لە سیاتێلی ئەمریکا، کەسێکی خۆبەخش یەکەم پێکوتەی کۆرۆناڤایرۆسی لێدرا کە ئەمە قۆناغێکە لە تاقیکردنەوەی کلینیکالی ئەم پێکۆتەیە. لێکۆڵەران بە مەبەستی تاقیکردنەوەی تەندروستی و هەروەها توانای بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی لەش، لە ماوەی ٦ حەوتەی داهاتوودا ناونووسی بۆ ٤٥ خۆبەخش دەکەن. تاقیکردنەوەکان لە ئەنیستیتۆی تاقیکردنەوەی تەندروستی (KPWHRI) لە سیاتێل بەڕێوە دەچێت.
ئەنیستیتۆی نەتەوەیی ئالێرژی و نەخۆشییە هەودارەکان (NIAID) ڕێگەی بەمە داوە کە ئەم پێکوتەیە بە شێوەی خێرا لەسەر مرۆڤ تاقی بکرێتەوە، ئەمە لە کاتێک دایە کە تاقیکردنەوەی پێکۆتە لەسەر ئاژەڵ پێشمەرجێکە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ.
بۆ ئەوەیکە دەرمانێکی نوێ وەک دەرمانی تەندروست و کارا پێناسە بکرێت و دواتر بڵاو بکرێتەوە، پێویستە ٣ قۆناغی تاقیکردنەوەی کلینیکاڵی تێپەڕ بکات. ئەگەر وای دابنێین کە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان بەباشی بەڕێوە بچن، ١٢ بۆ ١٨ مانگ دەخایەنێت تا ئەو دەرمانە بۆ بەکارهێنانی گشتی ئامادە بکرێت.

تاقیکردنەوەی “قۆناغی ۱” چییە؟

ئەم تاقیکردنەوەی کە ئەم دواییانە لەسەر پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە، بە تاقیکردنەوەی “قۆناغی ۱” ناسراوە. مەبەستی سەرەکیی ئەم قۆناغە، کۆکردنەوەی زانیارییە لەمەڕ چۆنییەتی کاردانەوەی پێکوتە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ. لە تاقیکردنەوەکانی “قۆناغی ۱”دا تەنیا گرووپێکی بچووک لە نێوان ٢٠ بۆ ٨٠ کەس وەک بەربژێر دەستنیشان دەکرێن و دۆزی جیاوازی پێکوتەکە لەسەریان تاقی دەکرێتەوە. لێکۆڵەران لە ماوەی چەند مانگدا چاوەدێری دۆخی تەندروستیی بەربژێرەکان دەکەن تا بزانن کاردانەوەی هەر بەربژێرێک بۆ دۆزە جیاوازەکان چۆنە. لە تاقیکردنەوەی پێکوتەی کۆرۆنای نوێشدا کە بە mRNA-1273 ناسراوە، ٤٥ خۆبەخش بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە ژێر چاوەدێریدا دەبن. لە ماوەی ٢٨ ڕۆژدا، ٢ دەرزی پێکوتەکە لە باسکی (قۆڵ) خۆبەخشەکان دەدرێت. بەپێی وتەی NIAID، یەکەم بەشداربوو کەمترین دۆزی پێکوتەکەی لەسەر تاقی دەکرێتەوە کە ٢٥ میکرۆگرامە بۆ هەر جار دەرزیلێدانێک. ٣ کەسی دیکەش هەمان دۆزیان لەسەر تاقی دەکرێتەوە و ٤ کەسی دواتریش ١٠٠ میکرۆگرامیان لەسەر تاقی دەکرێتەوە و بەرلەوەی دۆزی دووهەمیان لێ بدرێت، دۆخی ئەم چەند کەسە دەخرێتە ژێر چاوەدێری. ئەگەر کاردانەوەی بەربژێرەکان جێی ڕەزامەندی بێت، ئەوجار دۆزی ٢٥٠ میکرۆگرام لەسەر تاقمی سێهەم تاقی دەکرێتەوە.

قۆناغەکانی دواتر

بە پێی ڕێنماییەکانی ناوەندی بەرگری و کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC)، دوابەدوای “قۆناغی یەک”، قۆناغەکانی ٢ و ٣ لەسەر تاقمێکی زۆرتر و لە ماوەیەکی درێژتردا بەڕێوە دەچێت. لە “قۆناغی ٢”دا، سەدان کەس بۆ ماوەی چەند مانگ تا ٢ ساڵ دەکەونە بەر تاقیکردنەوە. ئەم قۆناغە یارمەتیی لێکۆڵەران دەدات تا باشترین دۆز بۆ چارەسەری بدۆزنەوە. لەم قۆناغەدا بارودۆخی تەندروستی و هەروەها تەمەنی بەشداربووانیش ڕەچاو دەکرێت و بەم پێیە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزەکان دەکرێت.
بەپێی ڕێنماییەکانی FDA لە “قۆناغی ٣”دا، ٣٠٠ بۆ ٣٠٠٠ خۆبەخش و لەماوەی یەک بۆ چوار ساڵ دەکەونە بەر تاقیکردنەوە. بەشداربووی زۆرتر وادەکات کە لێکۆڵەران لایەنە نائاساییەکانی ئەم پێکۆتەیە بدۆزنەوە و ماوەی زۆرتریش دەبێتە هۆی هەڵسەنگاندنی کاردانەوە درێژخایەنەکانی. کەواتە دوابەدوای تێپەڕکردنی ئەم سێ قۆناغە، FDA پێکوتەی کۆرۆنای نوێ بۆ بەکارهێنانی گشتی پەسەند دەکات.
دوابەداوی پەسەندکردنی پێکوتەکە لەلایەن FDAەوە، “قۆناغی ٤” دەست پێدەکات کە بە قۆناغی تاقیکردنەوەی “چاوەدێری دوای بەبازاڕکردن” دەناسرێت. ئەمجارەیان لێکۆڵەران چەندین هەزار کەس دەخەنە بەر چاوەدێری تا لایەنە نەناسراوەکانی پێکوتەی نوێ دەرکەوێت.
کەواتە پێناچێت کە پێکوتەی کۆرۆناڤایرۆسی نوێ بۆ ئەم ساڵ بخرێتە بەردەست، بەڵام هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێراتر هەروا بەردەوامە.

وشە کورتکراوەکان:

KPWHRI= Kaiser Permanente Washington Health Research Institute
NIAID= The National Institute of Allergy and Infectious Diseases
CDC= Centers for Disease Control and Prevention
FDA= Food and Drug Administration

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/first-person-coronavirus-vaccine-clinical-trial.html