تۆڕی جیهانیی دارەکان

تۆڕی جیهانیی دارەکان

تۆڕی جیهانیی دارەکان: تۆڕێکی جیهانی لە مایکرۆبەکان کە دارەکان پێکەوە دەبەستێتەوە
دارەکان لە هەر چەشنێک بن، بەبێ پەیوەندییان لە ڕێگەی مایکرۆبەکانەوە ناتوانن بژین. ملیۆنەها چەشنی کەڕوو و باکتریا مادە کانزاییەکان لە نێوان گڵ و ڕیشەی دارەکان دەهێنن و دەبەن و تۆڕێکی پێکبەستراوی ئۆرگانیزمەکان لە نێوان دارەکانی سەرانسەری جیهان دروست دەکەن. ئێستا، بۆ یەکەم جار، زانایان نەخشەی “تۆڕی جیهانیی دار” یان لە ئاستی جیهانیدا کێشاوە و بۆ ئەم کارەش کەڵکیان لە زانیاریی زیاتر لە ٢٨،٠٠٠ جۆر دار لە زیاتر لە ٧٠ وڵاتی جیهان وەرگرتووە.
بیرۆکەی ئەم کارە لە ڕێگەی وتارێکەوە دروست بووە کە ساڵی ٢٠١٢، ژینگەناس تۆماس کراوسێر لە زانکۆی ئی.تی.ئێچ زوریخ بڵاوی کردووەتەوە و زانیارییەکی زۆری لە ناوەندە حکومەتییەکان و توێژەرانی سەربەخۆ لە سەرانسەری جیهان وەرگرتووە و لە وتارەکەیدا پاش دەرهێنانی نەخشەی بڵاوبوونەوەی دارەکان، ژمارەی سەرجەم دارەکانی سەرزەوی بە ٣ تریلیۆن دار دەخەمڵێنێت.
لە بنکەدراوەکەی کراوسێردا، زانیاری ئەوە هەیە کە هەرکام لە دارەکان لەگەڵ کام چەشنە لە مایکرۆب و کەڕووەکان پەیوەندییان هەیە. بۆ وێنە ڕیشەکانی داربەڕوو و سەروو بە ectomycorrhizal) EM) دەوریان گیراوە کە جۆرێک کەڕووە و لە ژێر زەویدا دەتوانێت تۆڕێکی گەورە بە مەبەستی گەڕان بە دوای مادە خۆراکییەکاندا ساز بکات. دارکەوت و دارسنەوبەر بە پێچەوانەوە arbuscular mycorrhizae) AM) لە دەوریان هەیە کە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ڕەگی دارەکانەوە و تۆڕێکی بچوکتر لەناو خاکدا ساز دەکات. درەختەکانی بنەماڵەی legume، لەگەڵ جۆرێک بەکتریا پەیوەندییان هەیە کە نایترۆجین لە بەرگەهەوا دەگۆڕێت بۆ خواردنێکی بەکەڵک بۆ گیاکان و بەم کارە دەوترێت جێگیرکردنی نایترۆجین.
توێژەران ئەلگۆریتمێکی کۆمپیوتەرییان نووسی بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان EM، AM و جێگیرکەری نایترۆجین بدۆزنەوە. پاشان لە پەیوەندیی نێوان ئەوانە کەڵکیان وەرگرت بۆ ئەوەی پێشبینی بکەن کە لەو شوێنانەی زانیارییان نییە چ جۆرێک کەڕوو دەژێیت، دەرەنجامیش ئەوە بوو کە زۆربەی ئەو شوێنانە دەکەونە ئاسیا و ئەفریقاوە.
لەو شوێنانەدا کە کەش ساردە و دار و مادە ئۆرگانیکەکان درەنگتر دەڕزن تۆڕی پێکهاتوو لە کەڕوی EM زیاترە. بە پێچەوانەوە لەو شوێنانەدا کە هەوا گەرمترە و دار و مادە ئۆرگانیکەکان خێراتر دەڕزن کەڕووی AM زیاتر هەیە. جێگیرکەری نایترۆجینیش زیاتر لە شوێنی گەرم و وشک وەک بیابانەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا هەیە.
کەڵکی ئەم توێژینەوەیە چییە؟ ئەم کارە یارمەتیی توێژەران دەدات بۆ ئەوەی مۆدێلی کۆمپیوتەری دروست بکەن تاوەکوو پێشبینی بکەن کە دارستانەکان چەندە کاربۆن هەڵدەمژن.
کراوسێر هەروەها پێشبینییەکی دیکە دەکات. ئەنجامەکانی ئەو پێمان دەڵێت کە لەگەڵ گەرمبوونی زەوی، دەکرێت نزیکەی ١٠ لەسەدی ئەو دارانەی EM لە دەوریانە جێگەیان بدرێت بەوانەی کە AM لە دەوریانە. مایکرۆبەکان لەو دارستانانەی کە کەڕووی AM زۆرە، خێراتر بەناو مادە ئۆرگانیکەکاندا دەگەڕێن، و خێراتر کاربۆن دایۆکساید ئازاد دەکەن و ئەوەش لە ئاکامدا دەبێتە هۆی گەرمبوونی خێراتری زەوی.

سەرچاوە:

https://www.sciencemag.org/news/2019/05/wood-wide-web-underground-network-microbes-connects-trees-mapped-first-time