دەرکەوتنی کۆشکێکی ٣٤٠٠ ساڵە دوای دابەزینی ئاستی ئاو لە هەرێمی کوردستان

دەرکەوتنی کۆشکێکی ٣٤٠٠ ساڵە دوای دابەزینی ئاستی ئاو لە هەرێمی کوردستان

دەرکەوتنی کۆشکێکی ٣٤٠٠ ساڵە دوای دابەزینی ئاستی ئاو لە هەرێمی کوردستان

 

شوێنەوارێکی ٣٤٠٠ ساڵە دوای دابەزین و داکشانی ئاستی ئاو لە کەنارەکانی چۆمی دیجلە دۆزرایەوە.

ئەم جێیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بڕۆنز لە کوردستان و باکووری عێراق نیشاندەری پاشایەتی میتانییەکانە کە لەو ڕۆژگارەدا بەسەر بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناویندا حکوومەتیان کردووە.

توێژەران دەریان بڕیوە کە نگارکێشییەکانی سەر دیواری ئەم کۆشکە دەتوانێت بە یەکێک لە گرینگترین دۆزینەوەکانی ئەم دەیە بێتە هەژمار و لە ڕوانگەی کەونینەناسییەوە زۆر هەستیارە.

تاقمێکی کوردی-ئاڵمانی کە ئەم شوێنەوارەیان پشکنیوە دەڵێن بەرزی بینای سەرەکی دەگاتە ٧ مەتر و پانایی دیوارەکان ٢ مەترە.

توێژەرێکی زانکۆی تۆبینگێنی ئاڵمان دەڵێت، ” ئەم بینایە پێدەچێت هی سەردەمی میتانییەکان بێت و ڕۆژگارێکی زۆر کەڵکی لێوەرگیراوە و دوو قۆناغی نیشتەجێبوونی تێپەراندووە.”

لە دڕێژەی هەڵکەندنەکە، چەند دانە ژووریان دۆزیوەتەوە کە بۆ هەشت دانەیان لێکۆڵینەوە ئەنجام دراوە و لەوحەی گڵییان دۆزیوەتەوە کە بە ڕێنووس و خەتی بزماری لە سەری نووسراوە کە لەوانەیە پێوەندی بە کۆنە‌شاری زاخیکۆوە هەبێت.

جێی سەرنج ئەوەیە بەسەر دیوارەکانی ئەم بینایە بە ڕەنگی شین و سوورێکی درەوشاوە نگار کێشراوەتەوە کە گەلێک بەنرخ و هەستیارن چونکە ئەمە ڕەنگە لە تایبەتمەندییەکانی نگارکێشی لە هەزارەی دووهەمی پێش زایینی خۆرهەڵات بێت کە لە جێگەکانی تر بە باشی نەپارێزراون.

ئیمپڕاتۆری میتانی یەکێکە لەو ئیمپڕاتۆریانەی کە کەمترین توێژینەوەی بۆ کراوە و هێشتا پایتەختەکەی جێی گومانە و ڕوون نییە کوێیە، بەڵام ئەوەندە ئاشکرایە کە پاشایەتی میتانییەکان لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای مەدیتەرانەوە بووە، بەشێک کە ئێستا لەناو خاکی سوریا و عێراق و تورکیە دایە.

ئەوان لە سەدەکانی چواردە و پانزدەی پێش زاییندا ژیاون.

ئامادەکردن: مەسعوود شێخولئیسلامی

سەرچاوەکان

 

  1. Ancient palace revealed after drought drains water from Iraq reservoir, Independent, ‹https://www.independent.co.uk/news/world/middle-east/ancient-palace-iraq-mosul-dam-tigris-kemune-mitanni-empire-a8979571.html›, ۲۸ June 2019 (accessed 10 August 2019).