بابەتتەندروستی

نەخۆشیی ئەنفلوەنزا ؛ هۆکارەکان، نیشانەکان، دەرمانەکان

ئەنفلوەنزا نەخۆشییەکی سیستەمی هەناسەکێشانە کە لەسەر گەروو، لووت، بۆریی هەناسەکێشان و هەندێک جار سییەکان کاریگەرە. چەند جۆری جیاوازی ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا هەن کە ساڵەوساڵ پێش دەکەون و دەگۆڕێن.
هۆکارەکان:
سێ جۆری سەرەکیی ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا کە دەبنە هۆی نەخۆشی لە مرۆڤەکاندا ناویان A و B و C ە. ڤایرۆسەکانی ئەنفلوەنزای A و B هۆکاری نەخۆشییە وەرزییە پەتاییەکانن کە زۆربەی کات لە وەرزی زستاندا ڕوو دەدەن. بەڵام ئەنفلوەنزای C تەنها دەبێتە هۆی نیشانەکانی هەناسەکێشان و ناگاتە پەتا بوون. هەرکامە لە ئەنفلوەنزاکانی A و B بە چەند جۆر دابەش دەبن. توێژەران دەریان خستووە کە ڤایرۆسەکان لە ڕێگەی کۆخە و پشمەوە دەگوازرێنەوە و تەنیا لە ڕێی هەناسەکێشانەوە دەگوازرێنەوە.

نیشانەکان:
خەڵک زۆربەی کات نیشانەکانی سەرمابوون و ئەنفلوەنزایان پێکەوە هەیە، هەر بۆیە جیاکردنەوەی ئەنفلوەنزا و سەرمابوون ئەستەمە بەڵام بە گوێرەی ناوەندی بەرگری و کۆنترۆلی نەخۆشییەکان (CDC) بەگشتی نیشانەکانی ئەنفلوەنزا زۆر لە سەرمابوون قورسترن. ‌هەندێک لە نیشانەکانی ئەنفلوەنزا بریتین لە سەرئێشە، ئێشی ماسولکەکانی بەتایبەت هی پشت و باڵ و لاق، تاو، ئارەقە و موچوڕک، گەرووئێشە، کۆخەی وشک و بەردەوام، بێهێزی و لاوازی و لووتگیران.

دەرمان:
زۆرینەی ئەو کەسانەی تووشی ئەنفلوەنزا دەبن لە یەک تا دوو حەوتوودا بێ دەرمانی پزیشکی چاک دەبنەوە. زۆر گرینگە کە کەسێک کە زانراوە ئەنفلوەنزای هەیە ئاگاداری خۆی بێت و کاتی پێویست، خواردنەوە و پشووی پێویست بۆ خۆی تەرخان بکات تا چاک ببێتەوە.
هەندێک دەرمانی وەکوو ئیبۆپرۆفێن، ئاسپیرین، دڵۆپی دژەلووتگیران و دۆشاوی(شەربەت) کۆخە دەتوانن نیشانەکان هێور بکەنەوە. بەڵام بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە بۆ منداڵان پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکردرێت.
هەندێک کەس لە دۆخی مەترسیدارتردان بۆ نەخۆشیی ئەنفلوەنزا کە بریتین لە کەسانی خاوەن تەمەنی سەرووی ٦٥ ساڵ، منداڵانی ژێر ٥ ساڵ، ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی خاوەن نەخۆشیی دیکە وەکوو نەخۆشیی دڵ، ئاسم، گورچیلە و شەکرەن. بەڵام لە هەندێک دۆخدا (وەکوو ئەنفلونزای ئیسپانی) کەسانی تەندروست و باڵغی تەمەن ٢٠ تا ٥٠ ساڵ زۆرتر لە مەترسیدان کە هۆکارەکەی نادیارە.
هەندێک نیشانە هەن کە پێویستییان بە فریاکەوتنی خێرایە و بریتین لە:
– کێشەی هەناسەکێشان و هەناسەبڕکێ.
– ئێشی زگ و سینگ.
– سەرەخولێی کتوپڕ.
– سەرلێشێواوی.
– ڕشانەوەی بەردەوام و قورس.
– نیشانەکانی وەکوو ئەنفلوەنزا بەرەو باشتربوون دەچن بەڵام دواتر بە تاو و کۆخەی خراپترەوە دەگەڕێنەوە.
– هەوکردنی ناو دەم و گەروو.
لە منداڵاندا ئەم نیشانانە ئەمانەن:
– کێشەی هەناسەکێشان و هەناسەکێشانی خێرا.
– شینهەڵگەڕانی ڕەنگی پێست.
– نەخواردنەوەی پێویست.
– هەڵنەسان لە خەو و نەبوونی کاردانەوە.
– منداڵەکە ناسرەوێت.
– نیشانەکانی وەکوو ئەنفلونزا بەرەو باشتربوون دەچن بەڵام دواتر بە تاو و کۆخەی خراپترەوە دەگەڕێنەوە.
– تاو وێڕای پەڵەی سەر پێست.

لە نەخۆشخانە ئەم دەرمانە دژەڤایرۆسییانە دەدرێت بە نەخۆشەکان:
– ئامانتانەکان وەکوو ئامانتادین و ڕیمانتادین(فلوومادین)
– ڕێگرەکانی ئەنفلوەنزا کە بریتین لە ڕێگرکانی نۆرۆئامینیداز وەکوو تامیفلوو، ڕێلێنزا، پێرامیڤیر و ئیناڤیر.

بەرگری:
سەرەڕای ئەوەی کە شۆردنی بەردەوامی دەستەکان و ڕاهێنانی باشی تەندروستی ڕێکارگەلێکی باشن بۆ بەرگری لە ئەنفلوەنزا، باشترین ڕێگەچارە وەرگرتنی کوتانی ئەنفلوەنزا بە شێوازی ساڵانەیە. ساڵانە، توێژەران جۆرێکی ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا کە زۆر چالاکە دیاری دەکەن و کوتانەکانی بەرگری لەوە ساز دەکەن.

ئامادەکردن: ئەیوب مەحموودی

وشەکان:
بۆریی هەوا bronchi
پەتایی epidemic
لووتگیران nasal congestion
ڕێگر inhibitor
کوتان vaccine

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/54509-flu-influenza.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button