بابەتمێشک

بۆچی جگەرەکێشەکان هەست بە خۆشی دەکەن؟

بۆچی جگەرەکێشەکان هەست بە خۆشی دەکەن؟
بەپێی توێژینەوەیەک جگەرەکێشەکان چێژ لەم خووەیان وەردەگرن، لەبەر ئەوەی جگەرەکێشان دەبێتە هۆی دەردانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە دەبنە هۆی هەستکردن بە خۆشی لە مێشکدا.

ئەو رێگەیەی جگەرە کار دەکاتە سەر سیستمی مێشک هەمان رێگەیە کە هێرۆین و مۆرفین کاری پێدەکەنە سەر مێشک.

توێژەرەکان باس لەوە دەکەن توێژینەوەکە یەکەمجارە ئەوە پیشان دەدات جگەرەکێشان کار دەکاتە سیستمی سروشتیی ماددە کیمیاییەکانی مێشک کە پێیان دەڵێن ئۆپیۆیدی ناوەکی، هەروەها یارمەتیی نەهێشتنی هەستکردن بە ئازار و بەرزکردنەوەی هەستە پۆزەتیڤەکان دەدات.

بەشداربووانی تێستەکە بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر پێش تێستەکە جگەرەیان نەکێشابوو. دواتر دوو جگەرەیان کێشا کە نیکۆتینەکەی لێ دەرهێنرابوو، دواتر دوو جگەرەی تریان بە نیکۆتینەوە کێشا.

بە درێژایی ئەو ماوەیە چاودێری مێشکیان دەکرا، پاشان پرسیاری ئەوەیان لێکرا کە هەستیان بە چی کردووە لە هەردوو جارەکەدا.

دەیڤید سکۆتت، دەرچوویەکی زانکۆی میشیگانە بۆ پرۆگرامی زانستی دەماری دەڵێت “وا دەردەکەوێت هەموو کات جگەرەکێشەکان بە بەراورد بەو کەسانەی جگەرە ناکێشن، لێشاوێکی جیاوازی ئۆپیۆیدیان هەیە و کێشانی جگەرەیەک بە ڕێژەی سەدا ٢٠ بۆ ٣٠ لێشاوی ئۆپیۆید لەو ناوچانەی مێشک کە بەرپرسن لە هەست و ئارەزووەکان دەگۆڕێت.” دەشڵێت “ئەو گۆڕانکارییە لە لێشاوی ئۆپیۆید هەروەکوو کە لە پشکنینی مێشکدا دەردەکەوت، هاوتەریب بووە بەو گۆڕانکارییانەی کە جگەرەکێشەکان پێش و پاش جگەرەکێشانەکان هەستیان پێکردبوو.

توێژینەوەکە تەنها ٦ جگەرەکێشی دەگرتەوە، هەموویان کوڕ بوون و لە بیستەکانی تەمەنیاندا بوون کە ڕۆژانە ١٤ جگەرەیان دەکێشا. سکۆت و هاوڕێکانی ئاماژەیان بەوە دەکرد کە سەرەڕای کەمیی بەشداربووان ئەوان سەرسام بوون بەو کاریگەرییە زۆرەی جگەرە لەسەر ئاستی ئۆپیۆید. توێژینەوەکە فراوان دەکرێ تا بەشداربووی زیاتر بگرێتەوە.

زاناکان پێشبینی ئەوە دەکەن بە توێژینەوەی زیاتر ئەوە دەربکەوێت کە بۆچی خوو بە گرانی وازی لێ دەهێنرێت.

جۆن-کار زوبێتا کە ڕابەڕی توێژینەوەکەیە و دەروونناس و دەمارناسە لە زانکۆی میشیگان دەڵێت “کارلێکی تووتن بە تایبەتی نیکۆتین لەگەڵ ماددە کیمیایەکانی مێشک بابەتێکی دڵفڕێنە کە ئێمە لە سەرەتای تێگەشتنی ئەو بابەتەداین بە تایبەتی کاتێک دێتە سەر بە یەکەوە بەستنی دەمارەکیمیایی بە ڕەفتار”. دەشڵێت ” هەروەکوو دەرمانە بێهۆشکەرە بەهێزەکانی وەک هێرۆین و کۆکاین، دیاردەی چێژوەرگرتن و ئالوودەبوون، زیادبوونی بەرگەگرتن و ئارەزوو لە تووتندا بەتوندی ڕەگی داکووتاوە لە کیمیایی دەماریدا”

* خاڵە پرتەقاڵییەکانی سەر ئەو سکانەی مێشک کە لە وێنەی مێشکەکەدا هەیە ئەو ناوچانە پیشان دەدات کە پاش ماوەیەک جگەرەکێشان گەورەترین گۆڕانکاری لە چالاکیی ئۆپیۆیدی تێیاندا ڕووی داوە. وێنەی لای چەپ زمانەی مێشک(cingulate) ە کە چالاکی بە ڕێژەی سەدا ٢٠ زیادی کردووە. وێنەی لای راست ئاڵووی مێشک(amygdala)ە کە چالاکی بە ڕێژەی زیاد لە سەدا ٢٠ کەمی کردووە.

وشەکان:
Endogenous opioid ئۆپیۆیدی ناوەکی
Amygdala ئاڵووی مێشک
Cingulate زمانەی مێشک
Pleasure چێژوەرگرتن
Addiction ئالوودەبوون
Tolerance بەرگەگرتن
Craving ئارەزووکردن

ئامادەکردنی: عەبدوڕەحمان ئەبوبەکر
سەرچاوە:
https://www.livescience.com/53-smokers-feel-good.html

پۆستە هاوشێوەکان

2 کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button