ئەگەر قەدەغەی ساڵی ١٩٨٧ نەبووایە، ئێستا ژیانی سەر زەوی لەناو چووبوو
وا پێ دەچێت کە زانستوانانی سەدەی ڕابردوو، زەویی ئێستایان ڕزگار کردووه بەپێی لێکۆڵینەوەیەک که گۆڤاری نەیچێر بڵاوی کردەوە، ئەگەر یاسای قەدەغەکردنی مادەی کیمیایی لەناوبەری بەرگەی ئۆزۆن لە ساڵی ١٩٨٧ پەسەند نەکرایە، ئەو گۆڕانکاریانەی ئاووهەوا که بۆ ٢٠٤٠ پێشبینی کراون زۆر وێرانکەرتر دەبوون. ئەگەر بەکارهێنانی گازی CFC هەروا بەردەوام بووایە، ئێستا ڕێژەی CO2ی هەوا ٥٠% زیاتر دەبوو. ئەم لێکۆڵینەوە ئاشکرای دەکات کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی بەکارهێنانی CFC بارودۆخی ئێستای زەوی چەندە بەرەو کاولبوونێکی بەتەواوەتی دەچوو. بەرزبوونەوەی ڕێژەی گازی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن (CFC) تا ساڵی ٢٠٤٠ دەبووە هۆی لەناوچوونی بەرگەی ئۆزۆن و ئەمەش وای دەکرد کە زەوی لە هەمبەر تیشکی وێرانکەری سەرووبنەوش، بێ قەڵغان بمێنێتەوە. زانایانی پێشوو به بەراوردێک کە کردبوویان بۆیان دەرکەوت کە ئەگەر بەکارهێنانی CFC هەروا بەردەوام بێت بەرگەی ئۆزۆن تا ساڵی ٢١٠٠ به ڕێژەی ٦٠% لەناو دەچێت، بەڵام زانایانی ئێستا دەڵێن ئەگەر ئەم بەکارهێنانە هەروا بەردەوام بووایە، ئەم کارەساته زۆر زووتر دەقەوما. گیا و دارەکان لەژێر تیشکی ڕاستەوخۆی سەرووبنەوش، چیتر هەناسە ناکێشن و لەناو دەچن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی شیناوەرد و دارستانەکان لەو شوێنانەی بەرگەی ئۆزۆن لەناو چووه. ئاکامی ئەم کارەساته لەناوچوونی گژ و گیایەکه که Co2 هەڵدەمژن و ئاسەواری ئەوەش زیادبوونی ١.٧ پلەی دیکە به گەرمای زەوییه. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە سووتەمەنی فۆسیل وەک CFC هەرچی زووتر قەدەغە بکرێت؟ ڕەنگە نەوەی نوێی ئێمە بە گرینگی ئەم باسە باشتر بزانێت
وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی