سڕینەوەی کەربۆن له بیناسازیدا، به کەڵکوەرگرتنی لە دار لە پرۆژەکانی بیناسازیدا

سڕینەوەی کەربۆن له بیناسازیدا، به کەڵکوەرگرتنی لە دار لە پرۆژەکانی بیناسازیدا

سڕینەوەی کەربۆن له بیناسازیدا، به کەڵکوەرگرتنی لە دار لە پرۆژەکانی بیناسازیدا

بۆ گەیشتن به ئامانجه درێژخایەنەکانی ڕێکەوتنی پاریس له هەمبەر گۆڕانی ئاووهەوا، کە بریتین لە پاراستنی ئاستی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانی لە ژێر ٢ پلەی سێلسیوس و له باشترین شێوازدا ڕاگرتنی له ١.٥ پلەی سێلسیوس، مرۆڤایەتی لە ئەنجامدا پێویستە که بڵاوبوونەوەی گازه گوڵخانەییەکان بۆ ناو تەوشک بهێنێتە سەر سفر. تا ئەمڕۆ، هەوڵدان بۆ دابەزاندنی ڕێژەی بڵاوبوونەوەی گازه گوڵخانەییەکان زیاتر جەخت کراوە لەسەر کەربۆن-سڕینەوە له دوو بەشی سەرەکی ئابووریدا که بەرپرسن لە هەمبەر زۆرترین بڵاوبوونەوەی گازه گوڵخانەییەکانن. ئەو دوو بەشەش بریتین لە بەشی بەرهەمهێنانی هێزی کارەبا و بەشی ڕاگواستن. شێوازگەلێکی تریش ئامانجیان ئەوەیە کە کەربۆن له تەوشک بسڕنەوە و لەڕێگەی تەکنۆلۆژیای بەندکردنی کەربۆن پاشەکەوتی بکەن. بڕێک لەم تەکنۆلۆژیانە بریتین لە پەرەپێدانی بایۆسووتەمەنی و چەقاندنی دار بە ڕێژەی بەرچاو.
هەروەک دیاره، چەقاندنی دار تەنیا ڕێگایەک نییه لە بەڕێوەبەریی دارستاندا کە دەتوانێت یارمەتی نەرمکردنی ئاووهەوا بدات. چۆنیەتی بەکارهێنانی چێوی بەرهەمهاتوو له دارەکانیش دەتوانێت جیاوازی دروست بکات.
نوێترین لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدات که بەرهەمەکانی سازکراو لە دار، کە پێکهاتووە له چێو و چەندین چەشنی جۆراوجۆری چەسپ بۆ باشترکردنی خۆڕاگری فیزیکی، له چاو مەتێریاڵە کانزاییەکانی بیناسازی، دەبنە هۆی کەمتر بڵاوبوونەوەی کەربۆن دیۆکسید و هەروەها تێچووشیان کەمترە.
ئێستا توێژینه‌وەکانی نوێی ژوورناڵی ئابووریی وزه، لێکۆڵینەوە له سەر ئەوە دەکەن کە کەڵکوەرگرتن لە تەختەدار لە جێگەی مەتێریاڵە بەهێزەکانی بیناسازی، وەک چیمەنتۆ و پۆڵا، چ کاریگەرییەکی ژینگەیی و ئابووری لە وڵاتە یەکگرتوووەکانی ئەمریکادا دەبێت. چیمەنتۆ و پۆڵا بەرپرسیاری بڵاوکردنەوەی نزیکەی لە سەدا ١٠ی گازە گوڵخانەییەکانی دەستکردی مرۆڤن و لە نێوان بەرپرسەکانی تری ئەم کێشەیە کەمکردنەوەیان لە هەمووان سەختترە.
نیڤێن وینچێستێر، نووسەری بەڕێوەبەری ئەم لیکۆڵینەوه و زانای توێژینەوە له سەر زانست و ڕامیاری ئاڵوگۆڕی جیهانی له زانکۆی MIT، دەڵێت: بەپێی زانیاری ئێمه، ئەمە یەکەم لێکۆڵینەوەیه لە سەر بەکارهێنانی تەختەدار بەجێی مەتێریاڵه پڕلە کەربۆن دیۆکسیدەکان له بەشی بیناسازیدا، و هەروەها یەکەم لێکۆڵینەوەیه لەسەر توێژینەوەی کاریگەرییەکانی ئەم کارە لە سەر بڵاوبوونەوەی گازە گوڵخانەییەکان و بەشی ئابووری. هیچ چارەسەرێکی جادوویی یان سادە بۆ دابەزاندنی گازه گوڵخانەیییەکان لە ئارادا نییە. بۆیە پێویستە شێوازە جۆراوجۆرەکانی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازە گوڵخانەییەکان بەکاربهێنرێن بۆ ئەوەی خێرایی گۆڕانی ئاووهەوا ئەهوەن بکرێتەوە.
کاریگەرییەکانی ئابووری و بڵاوبوونەوەی گازە گوڵخانەییەکان لە وڵاتە یەکگرتوووەکان هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، کاتێک کە مەتێریاڵی تەژی لە CO۲ (پۆڵا و کۆنکرێت) لەگەڵ بەرهەمە تەختەدارەکان جێگورکێیان پێدەکرێت، ئەم لێکۆڵینەوەیە دەری خستووە که چڕی CO۲ (تۆنی CO۲ی بڵاوەبوو بە نیسبەت هەر دۆلارێک) بۆ بەرهەمەکانی تەختەدار لە سەدا ٢٠ کەمتره له بەرهەمە کانزا دەستکردەکان، لە سەدا ٥٠ کەمترە له ئاسن و پۆڵا و لە سەدا ٢٥ کەمترە له چیمەنتۆ. بێجگە لەمه، ڕاگواستنی بیناسازی بەرەو کەڵکوەرگرتن لە بەرهەمە تەختەدارەکان تێچووی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازه گوڵخانەییەکان، تا ئاستی بڕیاردراو لە ڕێکەوتنی پاریس، نزیکەی ٥٠٠ ملوێن دۆلار کەمتر دەکات و بەهای کەربۆنیش دادەشکێنێت.
نووسەرەکانی ئەم بابەتە ئاگادارمان دەکەنەوە که ئەم ژمارانە تەنیا چەندێتی بڵاوبوونەوەی گازە گوڵخانەییەکان لە دەرەنجامی بەکارهێنانی سووتەمەنییه فۆسیلییەکان بۆ ڕوواندن، گواستنەوە، دروستکردن و بەرهەمهێنانی بەرهەمە تەختەدارییەکان دەگرێتەوە. واتە زۆربوونی CO۲ لە ئاکامی بڕینی دارەکان یان قازانجەکانی درێژخایەنی جیاکردنەوەی کەربۆن لە ئەنجامی بەکارهێنانی مەتێریاڵه دارییەکان پشتگوێ خراون.
ئەوان دەنووسن: سەرچاوەی تەختەدار، بارودۆخی چەقاندن و بڕینەوەی دارەکان و هەروەها چارەنووسی بەرهەمه دارییەکان شیاوی سەرنجێکی زیاترن، بۆ ئەوەی کە ئاکامەکانی کەم و زۆر بوونی کەربۆن لە دەرەنجامی بەکارهێنانی دار له بیناسازیدا دەرکەوێت. ئەگەر ئەم کێشانە بخەینە لاوه، بەرهەمە تەختەدارەکان سوودبەخشتر دەردەکەون له بەرامبەری زۆربەی مەتێریاڵەکانی بیناسازی، وەک چیمەنتۆ، ئاسن و پۆڵا،و بەرهەمه کانزاییە دەستکردەکان، چون داخوازی بۆ ئەو بەرهەمانە دادەبەزێنن.
ئەم لێکوڵینەوەیه له ڕێگەی ڕێکخراوەکانی Weyerhaeuser و Softwood Lumber Board پشتیوانی ئابووری لێکراوە و لە مۆدێلێکی ئابووریی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزە کەڵک وەردەگرێت که پێشاندەری هەموو لایەنەکانی درووستکردنی تەختەدار، بەڕێوەبەریی دارستان ومەتێریاڵە کانزاییە دەستکردەکانە.

نووسەر: Mark Dwortzan
ئامادەکردن: ئەژین جەلالی

وشەکان:
گۆڕانی ئاووهەوا climate change
گەرمبوونی جیهانی global warming
گازه گوڵخانەیییەکان emission greenhouse gas
تەوشک atmosphere
کەربۆنسڕینەوە decarbonization
پەرەپێدانی بایۆسووتەمەنی biofuel cultivation
نەرمکردنی ئاووهەوا climate mitigation
مەتێریاڵە کانزاییەکانیی بیناسازی mineral-based building materials
چیمەنتۆ cement
پۆڵا steel
نیڤێن وینچێستێر Niven Winchester
کۆنکرێت concrete
سووتەمەنییه فۆسیلیەکان fossil fuels
سەرچاوە:
http://news.mit.edu/2019/taking-carbon-out-construction-with-engineered-wood-1211