سێگۆشەزانی و بابلییەکان

سێگۆشەزانی و بابلییەکان

گڵنووسێکی کەڤناری بابلی، دەری دەخات کە ئەوان گەلێک بەر لە یۆنانییەکان زانستی سێگۆشەزانییان بەکار هێناوە

 

زانستی سێگۆشەزانی[1]، لقێک لە بیرکارییە کە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان درێژایی[2] و سووچ[3]، لە ناو سێگۆشە‌دا دەکات و دەمێک بوو گومان ­دەکرا کە بە نووسراوەکانی “هیپارکۆس[4]” -ئەستێرەناسی یۆنانی،کە لە ­نزیک سەدەیەک بەر لە‌ زایین ژیاوه- دەست ‌پێکراوە.

ئێستا توێژەرانی زانکۆی “نیۆ ساوت وێڵز[5]” بەڵگەیەکیان لەسەر سێگۆشەزانی دۆزیوەتەوە، کە لەسەر گڵنووسێکی بابلی و بە ڕێنووسی بزماری[6] (شێوازی لەمێژینەی نووسین) نووسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە هەزار ساڵ پێش هیپارکۆس. بە بڕوای ئەو توێژەرانە لەوانەیە ئەندازیارانی کەون، بە مەبەستی لێکدانەوەی چلۆنایەتی بونیاتنانی کۆشک و پەرستنگە و ئاوەڕۆ کەڵکیان لێ وەرگرتبێت.

ئەم گڵنووسە کە بە پلیمپتۆن[7]۳۲۲ ناسراوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لەو شوێنەی وا ئێستا بووەتە باشووری عێراق لە لایەن کەڤنارناسی ئەمریکی، “ئێدگار بەنکس[8]“-ئەو پیاوەی کە دەڵێن کەسایەتییەکەی چیرۆکی “ئیندیانا جۆنز[9]” لەو وەرگیراوە- دۆزراوەتەوە.گومان دەکرێت ئەم گڵنووسە دەوری ۱۸۰۰ ساڵ بەر لە زایین، لە “لارسا[10]“، شارە کەڤنارەکەی سوومێر، دروست کرابێت.

دوکتۆر “دەنیێڵ مەنسفیڵد[11]“، توێژەری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت :”نهێنیی هەرە گەورە، هەتا ئێستاش ٫٫مەبەست٫٫ لەم کارەیە؛ ئەوەی کە بۆچی نووسەرانی ئەم گڵنووسە، ئەرکی قورسی پێکهێنان و پۆلێنکردنی ڕەقەمەکانیان کێشاوە. لێکۆڵینەوەکانی ئێمە ئاشکرای دەکەن کە پلیمپتۆن۳۲۲، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێکارێکی نوێی سێگۆشەزانی، کە لەباتی سووچ و بازنه[12] [وەکی لە سێگۆشەزانی ئەمڕۆکەدا دەبیندرێت] لەسەر بنەمای ڕێژەکان[13] دامەزرابوو، ڕوونکردنەوە لەسەر بیچمەکانی[14] سێگۆشەی گۆشەڕاست[15] دەدات. ئەمە کارێکی بیرکارییانەی سەرسووڕهێنەرە کە نیشاندەری بەهرەیەکی حاشاهەڵنەگرە”.

۱۵ ڕستە لەو گڵنووسە، ڕیزبەندێک لە سێگۆشەکان ڕوون ‌دەکەنەوە، کە خشتەیەکی سێگۆشەزانی دادەڕێژن چارتێک کە پەیوەندیی نێوان سێ لای سێگۆشەیەکی گۆشەڕاست[16] بەوردی پێشان دەدات.

“نۆڕمەن وێڵدبێرگێر[17]“، توێژەری ئەم کارە دەڵێت:”خەزێنەیەک لە گڵنووسە‌ بابلییەکان هەن، بەڵام تەنیا بەشێکی بچووکیان هەتا ئێستا خوێندراونەتەوە. جیهانی بیرکاری تازە خەریکە وەخەبەر دێت و لەو ڕاستییە تێده­گات کە ئەم کولتوورە بیرکارییە کەڤنار و لە هەمان کاتدا ئاستبەرزە، شتی زۆرتری بۆ فێرکردنی ئێمە پێیە”.

 

گڵنووسی “پلیمپتۆن ۳۲۲” بە قەبارەی ۹×۱۳ سانتیمەتری دووجا، بارتەقای تەلەفۆنێکی زیرەکی گەورەیە

ئامادەکردن: ڕەحمەت نادری – سۆران چەرخەست

سەرچاوە:

bbc focus, issue 313, october 2017, p.22

 

[1] Trigonometry

[2] Length

[3] Angles

[4] Hipparchus

[5] New South Wales

[6] Cuneiform script

[7] Plimpton 322

[8] Edgar Banks

[9] Indiana Jones

[10] Larsa

[11] Daniel Mansfield

[12] Circles

[13] rations

[14] Shapes

[15] Right-angled Triangles

[16] Three sides of a right- angled triangle

[17] Norman Wildberger