چەند باوەڕی هەڵە دەربارەی کۆرۆنا کە زانست ڕەتی کردوونەوە:

چەند باوەڕی هەڵە دەربارەی کۆرۆنا کە زانست ڕەتی کردوونەوە

چەند باوەڕی هەڵە دەربارەی کۆرۆنا کە زانست ڕەتی کردوونەوە:

١. “ڤایرۆسی کۆرۆنا، فۆڕمێکی گۆڕاوی ڤایرۆسی هەڵامەتە”:
نەخێر وا نییە. کۆرۆناڤایرۆس بنەماڵەیەکی گەورە لە ڤایرۆسەکانن کە دەبنە هۆی توشبوونی ژمارەیەکی زۆر نەخۆشیی جۆراوجۆر.

٢. “ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستکردە”:
هیچ بەڵگەیەک دەری نەخستووە کە ئەم نەخۆشییە دروستکراوی مرۆڤە. تەنانەت لە ١٧ی مارسدا وتارێک لە گۆڤاری بڕواپێکراوی نەیچێردا بڵاو بووەوە و چەندین بەڵگەی بەهیزی دژی ئەندازیارانی تاقیگەکان خستە ڕوو و دەرکەوت کە سروشت لە زانستمەندان زۆر زیرەکترە، کۆرۆناڤایرۆس بە شێوەیەک تووشی بازدان بووە کە باشتر و تەواو جیاواز لەوەی کە توێژەرەکان دەیانتوانی پێشبینیی بکەن، دەرکەوتووە.

٣. “ئاژەڵە ماڵییەکان دەتوانن نەخۆشییەکە بگوازنەوە”:
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆل و بەرگریی نەخۆشی (CDC) ئەگەرچی ئاژەڵەکان تووشی کۆڤید-١٩ دەبن بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەک ڕۆڵی ئەم ئاژەڵانەی لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکەدا دەرنەخستووە.

٤. “منداڵان کۆرۆنا ناگرن”:
بە دڵنیاییەوە منداڵانیش تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، ئەگەرچی ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە منداڵان بەقەدەر کەسانی گەورەتر نەخۆشینەکە سەخت ناگرن.

٥. “ئەگەر تووشی کۆرۆناڤایرۆس بوون، خۆتان زوو پێی دەزانن.
نەخێر ئاگادار نابن. نیشانەکانی نەخۆشیی کۆڤید-١٩ زۆر بەربڵاون. هەندێک لە نیشانە گشتییەکان بریتین لە تا، کۆکە، سەرئێشە، گەرووئێشە، و ئێشی ماسولکە یان لەش. بەڵام لە سەرەتای تووشبوونەکەدا لەوانەیە هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوێت. هەندێک کەسیش (٤٠%) هیچ نیشانەیەکیان نابێت.

٦. “کوشەندەیی کۆرۆناڤایرۆس لە ئەنفڵوەنزا کەمترە”:
ئەگەرچی ڕێژەی مەرگی کۆرۆناڤایرۆس هێشتا نادیارە، بەڵام زۆربەی توێژینەوەکان دەریان خست کە لە ڕێژەی مەرگی ئەنفڵوەنزای وەرزی(٠.١% لە ئەمریکا) زۆر زیاترە. بەپێی CDC ٤%ی تووشبوانی کۆرۆنا لە ئەمریکا گیانیان لەدەست داوە.

٧. “تەواوکەری ڤیتامین سی (C)، لە تووشبوون بە کۆرۆناڤایرۆس بەرگری دەکات”:
توێژەران هێشتا هیچ بەڵگەیەکیان سەبارەت بەم بابەتە نەدۆزیوەتەوە. بەکارهێنانی ڤیتامین سی تەنانەت لە هەڵامەتیش بەرگری ناکات، بەڵام لەوانەیە بتوانێت ماوەکەی کورت بکاتەوە.
ڤیتامین سی لە جەستەی مرۆڤدا ڕۆڵیکی گرینگی هەیە و لە کارکردەکانی سیستمی بەرگریی لەش پشتیوانی دەکات. کەواتە بەڵێ، ئەگەر دەتانهەوێت تەندروستیی سیستمی بەرگریتان ڕابگرن، ڤیتامین سی دەبێت لە خۆراکی ڕۆژانەتاندا هەبێت، بەڵام ئەستەمە بە بەکارهێنانی تەواوکەرەکان، مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا کەم بکەونە. هەروەها هیچ بەڵگەیەک نییە دەری بخات کە زینک و چای سەوزیش بۆ بەرگری لە نەخۆشیی کۆڤی-١٩ یارمەتیدەر دەبێت.

٨. “خواردنەوەی سپیکەرەوەکان و پاکژکەرەوەکان لە بەرانبەر کۆڤید-١٩ بەرگریتان لێدەکات”:
بە دڵنیاییەوە نابێت لە سپیکەرەوە و پاکژکەرەوەکان نە بخۆنەوە نە بەسەر لەشتاندا بیپڕژێنن. ئەم مادانە ژەهراوین و دەتوانێت ئازار بە چاو و پێستتان بگەیەنێت.

٩. “خواردنەوەی ئەلکۆل و سیر پارێزگاریتان لێ دەکات”:
نەخێر. ئەگەرچی پاکژکەرەوە ئەلکۆلییەکان بۆ پاککردنەوەی دەست بەسوودن، لە کاتی خواردنەوەدا ئەم کاریگەرییەی لەسەر جەستەتان نابێت. لەڕاستیدا خواردنەوەی زۆری ئەلکۆل سیستمی بەرگریی لەش لاواز دەکات. ئەگەرچی سیر دەتوانێت دژە میکرۆب بێت بەڵام لە بەرانبەر کۆرۆناڤایرۆس پاریزگاریتان لێناکات.

١٠. “لە بەرانبەر گەرمای زۆر بوون دەتوانێت لە کۆڤید-١٩ بەرگری بکات”:
نەخێر، هەوای گەرم، خۆر یان حەمامی گەرم ناتوانێت لە تووشبوون لەم نەخۆشییە بەرگری بکات.

١١. “بەستنی ماسک دەتوانێت ببێتە هۆی ژەهراوی بوون بە CO2”:
بەپێی ڕێکخراوەی جیهانیی تەندروستی ئەگەرچی بەستنی ماسکی پزیشکی بۆ ماوەی زۆر دەتوانێت بێزارکەر بێت، بەڵام نابێتە هۆی ژەهراوی بوون بە CO2. ئەمە بۆ ماسکی پارچەیی و N95یش هەر دروستە.
mutation بازدان
supplement تەواوکەر

ئامادە کردن: نەسیبە بارانی

سەرچاوە:
https://www.livescience.com/coronavirus-myths.html