چەکی کیمیایی

چەکی کیمیایی ؛ بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانی سەردەشت

جۆرەکانی چەکی کیمیایی کە یەکێک لە بەرهەمە ترسهێنەرەکانی مرۆڤن، بەم شێوازە پۆلێن دەکرێن:

۱. دەمارییەکان وەک سارین، سومان و تابوون.
۲. ئەوانەی کە دەبنە هۆی بلۆق وەک لیویزایت.
۳. ئەوانەی کە دەبنە هۆی خنکان و زیانگەیاندن بە سییەکان وەک کلۆر، فوسژێن و دیفوسژێن.
٤. سایێنایدەکان.
٥. ئەوانەی کە دەبنە هۆی بێهێزی وەک پێکهاتەکانی ئانتیکۆلینێرجیک.

هەر کام لە جۆرەکانی چەکی کیمیایی کۆمەڵێک زیانی تەندروستییان هەیە کە قەبارەی زیانەکە بەندە بە شێوازی بەرکەوتن و ماوەی لەبەردەم بۆمبارانەکە بوونەوە. بۆ نموونە چەکە دەمارییەکان وەک سارین دەبنە هۆی فەلەجی دەماری، خەردەلی گۆگرد دەبێتە هۆی مردنی خانەکانی ئەندام، ئەوانەی دیکە وەک کلۆر کە کاریگەری لە سییەکان دەکات، دەبنە هۆی خنکان. ئارسین هێرش دەکاتە سەر خڕۆکە سوورەکان و پێش له گواستنەوەی ئاکسیجن دەگرێت.

‌زیانگەلێک کە بەهۆی چەکی کیمیاییەوە دەکەوێتەوە، دەتوانێت بە هۆی ڕووداوە پیشەییەکان، شەڕ و هێرشی تیرۆریستی بێت.

چەکی کیمیایی یەکەمین جار لە ساڵی ۱۹۱٥ کەڵکی لێ وەرگیرا. ئاڵمانیا ۱٦٨ تۆن گازی کلۆری بە سەر شارێکی بێلژیکدا ڕژاند و ٥۰۰۰ کەسی کوشت.
چەکی خەردەلی گۆگرد هۆکاری یەکەمی زیانی کیمیایی لە شەڕی جیهانیی یەکەم بوو.

لە شەڕی ئێران و عێراقدا لانیکەم دوانزە جار لە چەکی کیمیایی کەڵک وەرگیراوە و هەروەها سوپای عێراق لەم چەکانە بۆ جینوسایدکردنی کوردەکانی باشووریش کەڵکی وەرگرتووە.

ئەگەرچی هەندێک لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکان کەڵکوەرگرتن له چەکە کیمیاییەکانیان قەدەغە کردووە بەڵام هێشتا هەندێک وڵات هەن کە ئەم چەکانە دروست دەکەن و ڕایدەگرن.

ڕژیمی پێشووی عێراق لەم ڕۆژەدا واتە ۲٨ی جوونی ۱۹٨۷ (۷ی پووشپەڕی ۱۳٦٦) بە چەکی کیمیایی خەردەل شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆمباران کرد. ئەم بۆمبارانە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە بە پێی پەیماننامەی ژێنێڤ بەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی چەکی کیمیایی قەدەغە بوو و هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراقیش لە ئەندامانی ئەم پەیماننامەیە بوون. بە پێی بەڵگەکان، لەم ڕووداوەدا ٨۰۰۰ کەس لە ژێر بۆمبارانەکەدا بوون کە ۱۱۰ کەسی سویل (مەدەنی) شەهید و ٤٦۰۰ کەسیش بریندار بوون.

سەردەشت دوایین بۆمبارانی نایاسایی و نامرۆڤانەی کوردستان نەبوو.
ئەمڕۆکەش دەبینین کە ڕژیمگەلێک وەک تورکیا و سوریا و … بەشێوەی نایاسایی و نامرۆڤانە لە بێدەنگیی دنیادا، ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بۆمباران دەکەن.

بەو هیوایە کە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و هەروەها پسپۆرانی بواری مافناسی نێونەتەوەیی هەوڵەکانیان زۆرتر بخەنە گەڕ تا هەموو ئەو جینوسایدانەی دەرهەق بە گەلی کورد کراون لە ڕێکخڕاوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکرێن و ببینرێن و پێش لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت.

chemical weapon چەکی کیمیایی
sarin سارین
soman سومان
tabun تابوون
lewisite لیویزایت
clorine کلۆر
phosgene فوسژێن
diphosgene دیفوسژێن
cyanides سایێنایدەکان
anticholinergic ئانتیکۆڵینێرجیک
Sulfur mustard خەردەلی گۆگرد
Iran – Iraq war شەڕی ئێران و عێراق
chemical bombing of Sardasht کیمیابارانی سەردەشت

ئامادەکردن: هانا جاری

سەرچاوە:
Chemical Warfare Types, Risks & Treatment
https://www.emedicinehealth.com/chemical_warfare/article_em.htm

Chemical Weapons and public health: assessing impact and responses | Journal of Public Health | Oxford Academic
https://academic.oup.com/jpubhealth/advance-article/doi/10.1093/pubmed/fdz145/5658602

Chemical bombing of Sardasht – Wikipedia
https://en.m.wikipedia.org/wiki/Chemical_bombing_of_Sardasht