ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆناڤایرۆس لە کۆریای باشوور بەتوندی دابەزیوە، نهێنیی ئەم دەستکەوتە چییە؟

ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆناڤایرۆس لە کۆریای باشوور بەتوندی دابەزیوە، نهێنیی ئەم دەستکەوتە چییە؟

ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆناڤایرۆس لە کۆریای باشوور بەتوندی دابەزیوە، نهێنیی ئەم دەستکەوتە چییە؟

ئێستا ئەورووپا بووەتە ناوەندی گشتیی کۆڤید-‌‌‌‌۱۹. ژمارەی تووشبووان لە ئیتالیا، ئیسپانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتان بەرەو هەڵکشانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆریای باشوور بووەتە هێمایەک لە هیوا و مۆدێلێک بۆ چاولێکردن. ئەم وڵاتە توانیویەتی خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە بەباشی دابەزێنێت، لە ڕۆژی ۱۷ی مانگی سێدا تەنیا ۷٤ کەیسی نوێ تۆمار کراوە، لە کاتێکدا پێشتر ئەم ژمارەیە گەیشتبووە ۹۰۹ کەیس لە ڕۆژێکدا. ئەم دەستکەوتە بەبێ داخستنی هەموو شارەکان وەدی هاتووە. 

کۆریای باشوور گەورەترین و باشترین ڕێکخستنی پڕۆگرامی تاقیکردنەوەی کۆرۆنایان لە جیهاندا هەبووە. لەگەڵ ئەوشدا، تووشبووانیان جیاکردووەتەوە و ئەو جێگایانەی توشبووان سەردانیان کردوون و ئەو کەسانەی پەیوەندیان لەگەڵیان هەبوون، بەباشی کەرەنتینە کراون. بەپێی ماڵپەڕی Worldometer، کۆریای باشوور تاقیکردنەوەیان بۆ زیاتر لە ٢٧٠٠٠٠ کەس ئەنجام داوە. کە دەبێتە ٥۲۰۰ تاقیکردنەوە بۆ هەر ۱ ملیۆن دانیشتوو. لەکاتێکدا لە ئەمریکا ۷٤ تاقیکردنەوە بۆ هەر ۱ملیۆن دانیشتوو ئەنجام دراوە.

بە هۆی هەوڵدانێکی سەخت بۆ پشکنینی دەستەیەکی زۆرتر لە ٥۰۰۰ کەسی کە پەیوەندیان هەبووە لەگەڵ کڵێسەی شیشونجی، ژمارەی تووشبووانی نوێ کەم بووەتەوە. بە هۆی ئەم هەوڵانەوە، کۆنترۆڵی بەشەکانی دیکە ئاسانتر بوو.

کۆریای باشوور لە ساڵی ۲۰۱٥دا بە هۆی بازرگانێک کە تووشی ڤایرۆسی مێرس بووە، ۱۸٦ کەس تووش دەبێت و ۳٦ کەس دەمرێت، کە زۆربەیان پێکهاتبوون لە نەخۆشەکانی دیکەی نەخۆشخانە، سەردانکەران و کارمەندانی نەخۆشخانەکە. بەدواداچوون و تاقیکردنەوە و کەرەنتینەکردنی ۱۷۰۰۰ کەس دوای دوو مانگ، کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە هێنا.

ئەم ئەزموونە دەری خستووە کە تاقیکردنەوەی ورد لە تاقیگەکان بۆ کۆنترۆڵی نەخۆشیی تەشەنەکراوپێویستە. هەروەها ئەزموونی کۆریا لە بەرگری و کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی مێرس لە نەخۆشخانەکان کاریگەری هەبووە. تا ئێستا هیچ فەرمانبەرێکی چاودێریی تەندروستی تووشی کۆڤید-۱۹ نەبووە.

دەوڵەت بۆ ئەوەیکە بزانێت ئەو کەسانەی وڵامی تاقیکردنەوەکەیان ئەرێنی بووە، لەم دواییانە لە چ ناوچەیەک بوون، دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە کە ژمارە تەلەفون، کرێدیت کارت و زانیاریی ئەو کەسانە کۆبکاتەوە. زانیارییە پێویستەکان بەبێ ناساندنی کەسەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبێتەوە، بۆ ئەوەیکە خەڵک بزانن کام شوێنانە مەترسیدارترن.

یەکەم جار ژمارەیەکی کەم لەم وڵاتە توووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوون، بەڵام ژنێک تەمەن ٦۱ ساڵان، کە بە کەیسی ۳۱ ناسراوە، وڵامی تاقیکردنەوەکەی ئەرێنی بوو، و بەردەوام لە خزمەتگوزاریی کڵێسەی شیشونجی بەشداری کردبوو.

دوای ئەوە زۆرتر لە ۲۹۰۰ توشبووی نوێ لە ۱۲ ڕۆژدا تۆمار کرا، کە زۆربەیان ئەندامی کڵێسەی شیشونجی بوون. هەوڵەکان چڕ کرانەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی پەیوەندیان لەگەڵ دەستەی شیشونجی هەبوو. لە سەدا ٨٠ی ئەو کەسانەی کە کێشەی هەناسەدانیان هەبوو، ئەزموونی تاقیکردنەوەکەیان ئەرێنی بوو. لە کاتێکدا لە تاقمەکانی دیکەدا ئەم ژمارەیە لە سەدا ۱۰ بوو.

چوون بیونگ چوول، ئێپیدێمیۆلۆجیستی زانکۆی کۆریا دەڵێت: نەخۆشە مەترسیدارەکان لە نەخۆشخانە دەمێننەوە. ئەو کەسانەی کە نیشانەی نەخۆشی مامناوەندیان هەبێت دەنێردرێن بۆ ئەو شوێنانە کە دەوڵەت تەرخانی کردووە و لەوێ چاودێری و خزمەتگوزاریی پزیشکیان بۆ دەکرێت. ئەو کەسانەی کە چاک بوونەتەوە و ئەزمونی تاقیکردنەوەکەیان دوو جار نەرێنی بووە، دەنێردرێنەوە ماڵەوە. ئەو کەسانەی کە نیشانەی کەمتریان هەیە و ئەندامی خێزانەکانیان نەخۆشی درێژخایەنیان نییە و دەتوانن پلەی گەرمیی جەستەیان بپێون، بۆ دوو حەوتە خۆیان کەرەنتینە دەکەن. تیمێکی چاودێری ناوخۆیی دوو جار لە ڕۆژدا بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی کەرەنتینە یا پرسیار سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشی پەیوەندیان پێوە دەکەن. ئەم کەسانە ئەگەر لە کەرەنتینە بێنە دەر تا ۲٥۰۰ دۆلار سزا دەدرێن.

حکومەت داوای لە خەڵک کرد، دەمامک بەکاربێنن، دەستیان بشۆن، لە چاوپێکەوتنەکان و جێگای قەرەباڵغ خۆ بپارێزن، لە دوورەوە کارەکانیان جێبەجێ بکەن، بە جێی ڕۆیشتن بۆ کلیسەکان لە خزمەتگوزاری ئایینی سەرهێڵ بەشداری بکەن.

کەمتر لە یەک مانگ دوای ڕوودانی کەیسی ۳۱، تەشەنەی نەخۆشیی دەستەی شیشونجی کۆنترۆڵ کرا. چوون دەڵێت: بەڵام لەوانەیە تاقمی نوێی تر دەربکەون. لە سەدا ۲۰ی توشبووان، نادیارە کە چۆن تووش بوونە. چوون دەڵێ: تا کاتێک ئەم گومانانە بمێننەوە، ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئەم نەهامەتییە گەیشتووەتە لووتکەکەی.

هەروەها وەزارتی ناوخۆ، پڕۆگرامێکیان بۆ مۆبایلی ژیر دابین کردووە. ئەم پڕۆگرامە دەتوانێت شوێنی ئەو کەسانەی کە کەرەنتینە کراون بدۆزێتەوە و نیشانەکانی نەخۆشی کۆنترۆڵ بکات.

 

ئامادە کردن: ئەژین جەلالی

 

وشەکان:

ئۆه میۆنگ-دان Oh Myoung-Don

سیۆل Seoul

مێرس MERS

شیشونجی Shincheonji

 

 

سەرچاوە:

https://www.sciencemag.org/news/2020/03/coronavirus-cases-have-dropped-sharply-south-korea-whats-secret-its-success