کاتێک یاسای لێدانی دەمامک لە پەتای گشتی ۱۹۱٨، تووشی بەربەرەکانێ بوو

کاتێک یاسای لێدانی دەمامک لە پەتای گشتی ۱۹۱٨، تووشی بەربەرەکانێ بوو

کاتێک یاسای لێدانی دەمامک لە پەتای گشتی ۱۹۱٨، تووشی بەربەرەکانێ بوو

پەتای گشتیی ۱۹۱۸، مرۆڤکوژترین ئەنفلوەنزای مێژوو لە ساڵانی ۱۹۱٨ و ۱۹۱۹ بووە، کە زیاتر لە ٥۰ ملیۆن کەسی لە جیهاندا کوشت.
لە ئەمریکا کاتێک کە ژمارەی گیان لەدەستدراوان بە ٦۷٥۰۰۰ کەس گەیشت، حکوومەتە ناوچەییەکان هەندێک چارەسەری نوێیان بۆ بەرگری لە بڵاوبوونەوەی پەتا بەکار هێنا کە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز بوون.
ئەم چارەسەرە نوێیانە بریتین لە: داخستنی قوتابخانەکان و شوێنەکانی سەیرانی گشتی، یاسای تف نەکردن، هاندانی خەڵک بەرەو بەکارهێنانی دەستەسڕ یان کرێشە لەبەردەستەکان و لێدانی دەمامک لەنێو خەڵکدا.
گەل سەرقاڵی شەڕی جیهانیی یەکەم بوو و ئەم یاسا فەرمییانە چارەسەرێک بۆ پارێزگاری لەشکرەکان لە مردن بوو.
یەکەمین توشبووی تۆمارکراو لە فەرمانگەی سەربازیی فۆڕت رایڵی لە کانزاس و ڕێکەوتی ٤ی مارچی ۱۹۱٨ بوو.
ئەمریکا و وڵاتانی دیکە سەرقاڵی شەڕ بوون و نەیاندەهێشت هەواڵەکانی پەتا بڵاو بێتەوە. ڕێکخراوەی خاچی سوور ڕایگەیاند: “هەر پیاو و ژنێک یا منداڵێک کە دەمامک لێنەدا کەسێکی کەمترخەم و جێی مەترسییە.”
ترسی ئەوەیکە بە کەسێکی کەمترخەم لە کۆمەڵگادا بناسرێن ڕەنگە خەڵک هانبدا بەرەو ملدان بە یاسای لێدانی دەمامک. ئەگەرچی زۆربەی خەڵک پشتگری یاسا بوون بەڵام هەندێک دەیانگوت لێدانی دەمامک ناخۆش و بێکەڵک و هەروەها بۆ کاروباریش باش نییە.
کاتێک کە شەڕ تەواو بوو، ئەو هەستە نیشتمانییەی لێدانی دەمامک بۆ پارێزگاری سەربازەکان نەما و تەنانەت هەندێک لە پشتگرەکانی یاسا لە سانفڕانسیسکۆ یەکییەتی دژی دەمامکیان پێکهێنا.
دەمامکەکان لە کرێشە و تەنانەت مایە کون‌کونەکان دروست دەبوون. لەو سەردەمە دەمامکە نەشتەرگەرییەکان و هەروەها دەمامکی خەڵکیش لە کرێشە پێکدەهاتن.
خۆبەخشانی ڕێکخراوەی خاچی سوور زۆریان لەم دەمامکانە دروست و بڵاو کردەوە.
ئۆکتۆبەری ۱۹۱٨ سیاتل دەیڵی تایمز، سەردێڕی هەواڵێکی ئەمە بوو: “ئەنفلوەنزا شێوازی نوێی جلوبەرگی داهێناوە.” ژنانی سیاتل دەمامکی ناسکی تۆڕی بە کەنارەی هەورێشم بۆ دوورخستنەوەی نەخۆشی بەکار دێنن. ئەم چەشنە دەمامکانە بە ئەگەری زۆر کاریگەر نین. لە فینیکس کە زۆربەی خەڵک گوێڕایەڵی دەمامک لێدان بوون هەندێک دەمامکەکەیان بۆ جگەرەکێشان کون دەکرد و کاریگەریی دەمامک تا ڕادەیەکی زۆر دەهاتە خوار.

هەندێک لە کاروبارەکان دڵەڕاوکێیان بوو کە کڕیارەکان ئەگەر ناچار بن بۆ هاتنە دەر لەماڵ دەمامک لێدەن کەمتر دێن بۆ شت کڕین، هەندێکیش دەیانگوت یاساکان دژی ئازادیی شارۆمەندین.
سزاکانی گشتی بریتی بوون لە:
سزای پارە، لەبەندکردن و نووسینی ناو لەسەر پەڕە. لە ڕووداوێکی تۆقێنەر لە سانفڕانسیسکۆ، بەرپرسێکی ئاسایش تەقەی لە پیاوێک کرد کە گوێڕایەڵی دەمامک لێدان نەبوو بەڵام جووڵانەوەی یاسا لەگەڵ کاربەدەستانی سانفڕانسیسکۆ جیاواز بوو. لە کێبەر‌کێیەکی بۆکس، وێنەگرێک، وێنەیەکی لە چەن سەیرکەر، قازی، فەرماندەیەکی هێزی زەریایی، بەرپرسی تەندروستی شار و تەنانەت شارەوان گرت کە هەموویان بێ دەمامک بوون. بەرپرسی تەندروستی ٥ دۆلار سزا و شارەوانیش ٥۰ دۆلار سزا درا، بەڵام هیچیان نە لە بەند کران و نە تەقەیان لێ کرا.
لە ئەمریکا کاتێک یاساکان لابران، کەس دەمامکی بەکار نەهێنا. ئەستەمە بتوانین بڵێین بەکارهێنانی دەمامک لە ساڵەکانی ۱۹۱٨ و ۱۹۱۹ چەندە کاریگەر بووە، بەڵام ئەوەیکە ڕوونە ئەوەیە وڵاتانێک کە یاسای بەدسپلین و دژواریان بەرانبەر پەتا بەکار هێنا، دۆخیان لە وڵاتانی دیکە باشتر بوو.

ئامادە کردنی: ئارمان کەریمیان

وشەکان:
red cross: ڕێکخراوەی خاچی سوور
customer:کڕیار
police: ئاسایش
worry:دڵەڕاوکێ، ترس
mask:دەمامک

سەرچاوە:
https://www.history.com/news/1918-spanish-flu-mask-wearing-resistance