ئابووریبابەت

ڕاپۆرتێکی تایبەت لەسەر داهاتووی کار

لە جیهانی دەوڵەمەنددا، سەردەمی سەرمایەداریی تیژ خەریکە جێی خۆی دەداتە سەردەمی زێڕینی کار.

 

لە بیروڕای گشتیدا، چوار دەیەی ڕابردوو بۆ خاوەن سەرمایەکان ناوازە، و بۆ چینی کرێکار پڕچەرمەسەری بووە. کرێکارانی دنیای دەوڵەمەند ڕووبەڕووی ڕکابەری بە هۆی بازرگانی، گۆڕانی بێوچانی تەکنەلۆجیا، نایەکسانیی زۆری هەقدەستەکان و بووژانەوەی سستی پاش کەسادییەکان بوونەوە. سەرمایەدانەران و کۆمپانیاکان سوودیان لە پەرەسەندنی بازاڕە جیهانییەکان، کاروباری دارایی ئازاد و کەمبوونی باجی کۆمپانیاکان وەرگرت. تەنانەت پێش کۆڤیدی ١٩، کاریکاتۆرێکی هەڵە لە بازاڕە تێشکاوەکانی کار لە ئارادا بوو. ئەمڕۆ، لەگەڵ دەربازبوونی ئابووری لە پاندیمی، چاوەڕێی پێچەوانەبوونەوەی پێشەنگایەتیی سەرمایە لەسەر کار دەکرێت (کە زووتر لەوەی بیری لێ دەکەینەوە خەریکە ڕوو دەدات).

لەوانەیە زوو بێت بۆ پێشبینیی دونیایەکی ناوازەی کار ئەوەش تەنیا یەک ساڵ پاش کارەساتێکی بازاڕی کار. بەڵام ئەمەریکا خەریکە نیشان دەدات کە کارەکان چەندە خێرا دەتوانن لەگەڵ کشانەوەی ڤایرۆسەکەدا، بگەڕێنەوە مەیدان. لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٠دا ڕێژەی بێکاریی وڵاتەکە نزیکەی ١٥٪ بوو. لە ئێستادا پاش ساڵێک، کە پێنج مانگی لە دە مانگە هەرەباشەکانی دامەزران لە مێژوودا بوو، تەنیا ٦ لەسەدە. دەرکی گشتی لە ئاسانیی دۆزینەوەی کار، گەیشتووەتەوە بەو ئاستانەی کە پاش قەیرانی دارایی جیهانی دەیەیەکی خایاند تاکوو پێی بگات. تەنانەت لە ئەورووپا کە تووشی شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا بووە، بازاڕی کار بە گونجانی ئابووری لەگەڵ هەنگاوەکانی ڕاگیرکردنی ڤایرۆسەکە، خەریکە پێشبینییەکان تێدەپەڕێنێت.

لەگەڵ باشبوونەوەی بازاڕی کار، دوو گۆڕانکاریی قووڵتر خەریکە لە سیاسەت و تەکنەلۆجیادا ڕوو دەدات. بە کەشی سیاسی دەست پێ بکەین، کە خەریکە لەچاو دەیەکانی ڕابردوو لەگەڵ کرێکاراندا دلۆڤانتر دەبێتەوە. نیشانەیەکی سەرەتایی ئەم گۆڕانە، بەرزبوونەوەی لانیکەمی هەقەدەستەکان لە ماوەی سووڕی ئابووریی پێشوودا بوو. لانیکەمی هەقەدەستەکان لە وڵاتانی OECD دا، کە یانەی وڵاتە زۆرینە دەوڵەمەندەکانە، بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان، لەچاو مامناوەندیی هەقدەستەکان یەک چارەک بەرزبووەوە. ئێستا دەوڵەتەکان و دامەزراوەکان بەگوڕترن بۆ ئەوەی خۆیان لە کرێکاران نزیک بکەنەوە. سەرۆککۆرمار جۆ بایدن بەهیوایە لە دەستبڵاوییە ژێرخانییە پلانداڕێژراوەکانی خۆی بۆ پشتیوانی لە یەکیەتیسازی و دانی هەقدەستی دڵئاوەڵایانە کەڵک وەربگرێت. بانکە ناوەندییەکان زۆرتر لە هەمیشە بەپەرۆشی ئیشەکان و کەمتر بەپەرۆشی هەڵاوسانن. ئەمە گاڵتە نییە کە لە یەکەمی ئاپریلدا سندووقی نێونەتەوەیی پارە، کە بە پارێزگاریی ئابووریی خۆیەوە بەناوبانگ بوو، پێشنیاری بیرۆکەی باجی یەکپارچەیی یەکجارەکیی لەسەر دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیاکان خستە ڕوو. جەیمی دایمۆن، سەرۆکی جەی پی مۆرگان چەیس، گەورەترین کۆمپانیای واڵستریت، ئەم حەفتەیە لە نامەکەیدا بۆ خاوەن پشکەکان بانگەشەی زۆرترکردنی هەقدەستەکانی کرد (و مەبەستیشی هەقدەستی بەڕێوەبەرە گشتییەکان نەبوو.)

دووەمین گۆڕانکاریی گەورە لە بازاڕی کاردا، تەکنەلۆجیکییە. لە پاندیمییەکەدا، پێشبینییە ڕەشبینانەکان لەسەر نیگەرانییە درێژماوەکانی بازاڕی کار دوو هێندە بوونەتەوە. ئەوان دەڵێن ڕۆبۆتەکان سوپایەک لە بێکارەکان درووست دەکەن، کارە ناجێگیرەکان خەریکن جێگەی کارە سەقامگیرەکان دەگرنەوە و تەنانەت کرێکارە خۆشبژیوەکانیش کە بە ئیمەیلەکان و شاشەکانەوە بەستراونەتەوە، لە دڵی خۆیاندا دەزانن کە “کارە هیچوپووچەکانیان” بێکەڵکن. بەڵام وەک ڕاپۆرتە تایبەتەکەی ئەم حەفتەیەمان ڕوونی دەکاتەوە، ئەم بیرۆکەگەلە هیچ بەڵگەیەکیان لە پشت نییە و لە ئێستادا چاوەڕێ ناکرێت ڕوو بدەن. لە ساڵی ٢٠١٩دا دوو لەسەر سێی ئەمەریکییەکان دەیانوت لە پارێزراویی کارەکەیان ڕازین، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٩٩٩دا کەمتر لە نیو بوو. بەشێکی کەمتر لە کرێکارە ئەڵمانییەکان لەچاو ناوەڕاستی ٢٠٠٠ەکان هەستیان بە ناپارێزراوی دەکرد. ئەو وڵاتانەی زۆرترین ئۆتۆماسیۆنیان هەبووە، وەکوو ژاپۆن، خاوەن نزمترین ئاستی بێکارین.

داهاتووی درێژماوەی کار ئەمساڵ باشتر بووە، چونکە زۆرتر دیجیتاڵی بووەتەوە. دوورکاری، کێشەی گرانیی خانووبەرە لە شارە ڕوولەگەشەکاندا کەم دەکاتەوە. کرێکارە ماڵەخۆییەکان گوزارشت لە ئاستی دڵخۆشی و وەبەرهێنەریی بەرزتر دەکەن. لە کۆتایی ٢٠٢٠دا کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ٢٥٪ زۆرتر لە ساڵی پێشوو پارەیان لەسەر کۆمپیوتەرەکان خەرج کرد. تەنانەت کەسانێکی ڕەشبین وەکوو ڕۆبێرت گۆردۆنی ئابووریزان، چاوەڕێ دەکات ئەم تەقینەوە لە سەرمایەگوزاریی تەکنەلۆجیکیدا ببێتە هۆی گەشەی خێراتری وەبەرهێنەری، کە ئەمەش بە واتای بەرزبوونەوەی هەقدەستەکانە.

 

سەردەمێکی زێڕین بۆ کرێکاران بەڕێوەیە. بڕیاردان لەسەر پێشکەوتنی ئابووری بەپێی هێزی کڕینی هەقدەستە مامناوەندەکان دروستە، نەک بەپێی قازانجەکان یان نرخی پشکەکان. گەشەی کارەکان وەکوو ئەوانەی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە زۆربەی وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا ڕووی دا، بە هاندان بۆ فێرکاری و هەڵسوکەوتی باش لەگەڵ کرێکارەکان، و هەروەها بە کەمکردنەوەی نایەکسانییە ڕەگەزی و زایەندییەکان سوودێکی زۆر دەگەیەنێت. سەرەڕای ئەمەش، حکومەتەکان دەتوانن لە دیاریکردنی ڕێژەی ئەم دەستکەوتانەدا یارمەتیدەر بن. ئامانجی ئەوان دەبێت لەبری تەرکیز لەسەر دابەشکردنی دەستکەوتەکان لە ڕێگەی ڕێکخستن و پشتگیرییەوە، بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی ژیانی کرێکاران بێت لە ڕێگەی وەبەرهێنەریی بەرزترەوە.

یەکێک لە ئەرکەکان، سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی مافەکانی کرێکاران بۆ سەردەمێکی نەرمینوێنی و کاری خزمەتگوزارییە. سەبارەت بە قەبارە و نوێبوونی ئابووریی کارئازاد زۆر زیادەڕۆیی دەکرێت؛ تەکسییەکان و گەیاندنی خواردنەکان پێش ئوبێر و دۆرداش هەبوون. بەڵام دامەزرانی کەرتی خزمەتگوزاری، بەتایبەت چاودێری و پەرستاری، لەگەڵ زۆربوونی تەمەنی حەشیمەتدا گەشە دەسێنێت. نە ئەو بیرۆکە لووتبەرزانە کە دەڵێت ئەو جۆرە کارانە ناتوانن بەدی بێن، و نە ئەو غەریزەیە کە دەڵێت مۆدیلە تاقیکارییەکانی کار دەبێت وەلا بنرێن، هیچ جێگەیەکیان نییە. لەجیاتی ئەمە، حکومەتەکان دەبێت گاردڕەیلەکانی یاسای دامەزران نوێ بکەنەوە، تۆڕێکی ئەمنیی جیهانی بخەنە ڕوو و لە بەهێزیی ئابوورییان دڵنیا ببنەوە. ئەگەر ئەو کارە بکەن، کرێکارەکان بۆ تاقیکردنەوە و دانوستان متمانەبەخۆیی و هێزی چەقەکردنیان دەبێت.

بە پەرەسەندنی دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتەکان، دەکرێت وەبەرهێنەرییش لە بەند دەرباز بێت. زۆربەی بازاڕەکانی کاری جیهانی دەوڵەمەند بە دوو بەشی شارەزا و کەمشارەزا دابەش بوونە. ئەمە جێگەی دانبەخۆداگرتنە تاکوو کاتێک کەسێک بتوانێت سەرکەوێت. حکومەتەکان ئەو ئەرکەیان لەسەر شانە کە دەستڕاگەیشتنی شایستەسالارانە بە پەروەردە و دەرفەتی فێرکاریی دووبارە دابین بکەن. ئەوان دەبێت بەربەستەکانی دەستپێک وەکوو یاسا ناپێویستەکانی مۆڵەتی کارکردن لابەرن (بۆ نموونە کارە پزیشکی و یاساییەکان نابێت ڕێگەیان پێ بدرێت جێگە بە دەرەکییەکان لێژ بکەن). دەبێت تاقیکردنەوەی مۆدیلە بازرگانییە دیجیتاڵی و ئەوپەڕسنوورییەکان  ئاسان ببێتەوە.

بەڵام یارمەتیی کرێکاران بە بەرزکردنەوەی وەبەرهێنەری نابێت لەگەڵ هەوڵە خۆبەزێنەکان بۆ پشتگیری لەوان تێکەڵ بکرێت (وەکوو دواجار کە لە ١٩٧٠کاندا ڕووی دا و ئەوان دەستی باڵایان بوو). هەروەک بایدن دەڵێت گەڕاندنەوەی زنجیرەکانی خستنەڕوو، ڕێگری لە ڕکابەری دەکات و ستانداردەکانی ژیان دادەبەزێنێت. بەرزکردنەوەی لەڕادەبەدەری باجی کۆمپانیاکان، گوڕوتینی کۆمپانیاکان بۆ دانانی سەرمایە کەم دەکاتەوە. بۆ بانکە ناوەندییەکانیش لەدەستدانی ژێدەرێتیی شەڕ لەگەڵ هەڵاوساندا کارەسات دەبێت. ئەمە لەو کرێکارانە بپرسن کە لە ١٩٨٠کاندا زۆرترین تێکۆشانیان بۆ ڕاگیرکردنی نرخەکان هەبوو.

 

دونیای ناوازەی کار

خەڵک بە هەست و سۆزەوە باسی خۆشبوونی دۆخی کار لە ڕابردوودا دەکەن، بە مڕومووچییەوە باسی بارودۆخی ئێستای دەکەن و بە ترسەوە لە داهاتووی دەڕوانن. لە ڕاستیدا، ژیانی کاری بە درێژایی کات باشتر بووە و ئەمڕۆش وەکوو هەمیشە ئاسۆ ڕوونە.

 

sharp-edged capitalism: سەرمایەداریی تیژ

Rich world: جیهانی دەوڵەمەند (وڵاتە دەوڵەمەندەکان)

Wage: هەقدەست

Recession: کەسادی

Tax: باج

Unionization: یەکیەتیسازی

Labour market: بازاڕی کار

Employment: دامەزران

Gig economy: ئابووریی کارئازاد، ئابووریی گیگ

home-worker: کرێکارێک کە لە ماڵەوە و بە شێوەی دوورکاری ئیش دەکات، کرێکاری ماڵەخۆیی

meritocratic:  شایستەسالارانە

 

وەرگێڕ: ئارمین شەریفی

پێداچوونەوەی زانستی: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

 

سەرچاوە: https://www.economist.com/weeklyedition/2021-04-10

 

April 10th 2021

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button