بابەتتەندروستی

بۆچی ئێمە لە بەرانبەر هەندێک نەخۆشی بەرگریی درێژخایەنمان هەیە بەڵام لە بەرانبەر هەندێکیان نا؟

بۆچی ئێمە لە بەرانبەر هەندێک نەخۆشی بەرگریی درێژخایەنمان هەیە بەڵام لە بەرانبەر هەندێکیان نا؟

هەندێک نەخۆشی وەک سوورێژە کە جارێک تووشی دەبین ئیدی تا کۆتایی تەمەنمان تووشی نابینەوە بەڵام بۆ نەخۆشییەک وەک ئەنفلوەنزا پێویستە ساڵ بە ساڵ پێکوتەی لێ بدەین.

ئەم بابەتە پێوەندی بە دژەتەنەکانەوە هەیە؛
دژەتەن پرۆتینێکە کە جەستەی ئێمە لە هەمبەر ژەهرەکاندا سازی دەکات، خانەکانی داگیرکەر دادەپۆشیت، بە باشترین شێوە هێرشیان دەکاتە سەر و لەناویان دەبات. پاش ئەم خاوێنکردنەوەیە، ئاستی دژەتەن لە خوێندا کەم دەبێتەوە، هەر هەندێک دەمێننەوە تاکوو لە داهاتوودا لە کاتی هێرشی هەمان نەخۆشیدا، ژمارەیان زۆر ببێتەوە. بەو هۆیەیە کە تاقیکاری ئاستی دژەتەن دەتوانێت بە ئێمە بڵێت کە ئایا تووشی ئەو نەخۆشییە بووین یان نا و هەر ئەوە دەتوانێت ئێمە لە تووشبوونی دیکه بپارێزێت.

مارک جێنکیس* ئیمۆنۆلۆجیست لە زانکۆی مینەسووتا** دەڵێت “لەشمان لەبیری ناچێتەوە لە ڕاستیدا”. کاتێ ئێمە دیسان تووشی نەخۆشییەک دەبینەوە بەو مانایە نییە کە جەستەی ئێمە ئەو بەرگرییەی لەبیر کردووە بەڵکوو بەو هۆیەیە کە نەخۆشیزاکە ئەو نەخۆشییەی گۆڕاوە و سیستەمی بەرگریی جەستەیی ئێمە ئیتر ناتوانێت بیناسێتەوە و هەر بۆیە ئێمە دیسان تووشی دەبینەوە. ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا ڤایرۆسێکە کە جینەکانی بە ئاسانی دەگۆڕدرێت هەر بۆیە هەر جار سیستەمی بەرگریی جەستەیی نایناسێتەوە. بەڵام هەموو ڤایرۆسەکان بەو شێوازە جینەکانی ناگۆڕێت.
بۆ نموونە ڤایرۆسی ئیفلیجی مناڵ زۆر بە ئاسانی جینۆمی خۆی ناگۆڕێت، هەر بۆیە تواندراوە بنبڕ بکرێت.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا نیشان دراوە کە دوای تووشبوون بە سوورێژە و ملەخڕە زیاتر لە ٢٠٠ ساڵی پێ دەچێت تاکوو نیوەی دژەتەنەکان لە جەستەی مرۆڤدا لە ناو بچن و هەروەها ٥۰ ساڵ بۆ ئیفلیجی مناڵان دەخایەنێت تا نیوەی دژەتەنەکان لە ناو بچن.

ئینجا ئایا بەرگری لە هەمبەر نەخۆشیی کۆرۆنا (چ بە تووشبوون بەو نەخۆشییە بێت یاوەکوو بە پێکوتە (ڤاکسین) بە هەمان ئەندازەی ئاوڵە درێژەی هەیە؟

ئایا هەموو ساڵ پێویست بە پێکوتە دەکات ؟
جێنکیس دەڵێت ڕاستە کە هەندێک کەس دژەتەنێکی زۆر لە هەمبەر ئەم ڤایرۆسەدا ساز ناکات، بەڵام ئێمە هیوامان هەیە هەر دوو جۆرە بەرگرییەکە مرۆڤ لە تووشبوونی دووبارە ڕزگار بکات چونکە بەپێچەوانەی ئەنفلوەنزا، جینۆمی کۆڤید١٩ بەو خێراییە ناگۆڕدرێت. جێنکێس دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا تایبەتمەندی ئەو ڤایرۆسانەی هەیە کە تا ئێستا توانیومانە پێکوتەیان بۆ دروست کەین.

antibody دژەتەن
pathogen نەخۆشیزا
poliomyelitis ئیفلیجی مناڵ
smallpox ئاوڵە
*Marc Jenkins
**University of Minnesota Medical School

ئامادەکردن: ئەندیشە ڕەحیمی‌ جەمال

سەرچاوە:
https://www.livescience.com/why-lifelong-immunity.html

پۆستە هاوشێوەکان

2 کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

Back to top button