بابەتتەندروستی

ئایا خۆهەڵڕشتن و هاتوهاوارکردن لە کاتی تووڕەییدا یارمەتیدەرە؟

زۆر کات لە فیلمەکاندا دیومانە کاتێک کەسێک زۆر زۆر تووڕەیە، بە هەموو هێزی هاوار دەکات و بە گژ دار و دیواردا دەچێت و بە واتایەکی دیکە یەکبەخۆی داخی دڵی هەڵدەڕێژێت. یان ڕەنگە دیبێتتان کە کاتێک کەسێک زۆر تووڕەیە دەست دەکات بە شکاندنی هەموو شتێک و داخی خۆی بەوان دەڕێژێت. بەڵام ئایا «خۆهەڵڕشتن»، تووڕەییمان کەم دەکاتەوە؟  نا!

بەپێی سەروو-شیکارییەکی ١۵۴ توێژینەوەیی لەسەر تووڕەیی،  هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە خۆهەڵرشتن یارمەتیی تووڕەیی بدات نەدۆزرایەوە و بەپێچەوانە دەرکەوت کە ئەم شێوازە توندانە بۆ دەربڕینی تووڕەیی لە بڕێک شوێندا دەتوانێت تەنانەت تووڕەیی زیاتر بکات.

هەڵبەت ئەمە بەم واتایە نییە کە کاتێک تووڕەیت هیچ نەکەیت! قووڵبیرکردنەوە لەوەی کە بۆ تووڕە بووین، دەتوانێت بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی تووڕەبوون یارمەتیدەر بێت. بەڵام خۆهەڵڕشتن نەتەنیا هیچ یارمەتییەکی بیرکردنەوە لە هۆکارەکان نادات، بەڵکوو بیر و فکر هاڵۆز و بەربڵاو دەکات.

پێداچوونەوەی توێژینەوەکان نزیک دە هەزار کەسی لەخۆ گرتووە کە نوێنەری دەستەیەکی هەمەڕەنگ لە جێندەر،  تەمەن، کولتوور و ئێتنیکی جیاوازەوە بوون. توێژینەوەکە نیشانی دا کە کلیلی گرتنی تووڕەیی کەمکردنی ورووژێنەرە فیزیۆلۆژیکەکانە. هەر چالاکییەک کە ئاستی ورووژان کەم دەکاتەوە باشترە. تەنانەت ڕاکردن کە دەتوانێت بەسوود بێت بۆ جەستە، لە کاتی تووڕەییدا یارمەتی نادات چون ئاستی ورووژانی فیزیۆلۆژیکی بەرز دەکاتەوە.

بەپێی توێژینەوەکە، چالاکیی ئارام وەک یۆگای ئارام، ڕیلەکسکردنی ماسوولکەکان، مێدیتەیشن، هەناسەکێشانی دیافراگمی و پشوودان تووڕەیی کەم دەکاتەوە.

کەواتە جارێکی تر ئەگەر زۆر تووڕە بوویت، بۆ هەڵرشتنی تووڕەیی پەنا بۆ هاوار و ڕاکردن و شکاندنی شتەکان مەبە!  بەڵکوو ئارام بگرە، تەنانەت ئەگەر بەهێواشی تا ١٠ ببژێری دیسان دەتوانی زیاتر بەسەر خۆت و تووڕەییەکەتدا زاڵ ببیت.

Venting: خۆهەڵڕشتن
Meta-analysis سەروو-شیکاری

وەرگێڕانی ئازاد: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان
پێداچوونەوە: هێمن عەبدوڵاپوور

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button