
ئیندۆمەتریۆسیس نەخۆشییەکی پڕ ئازارە کە نزیکەی ١٠٪ی ژنان لە تەمەنی باڵغبووندا تووشی دەبن. بە بۆنەی ئەم نەخۆشییە شانەی ناوپۆشی منداڵدان واتە ئەندۆمەتریۆم، لە دەرەوەی منداڵدانەوە, بەتایبەت لە ناوچەی حەوزەوە، گەشە دەکات. ئەم شانانە هەر وەک شانەکانی ناو منداڵدانن، لەگەڵ سووڕی مانگانەدا ئەستوور و تووشی بەربوونی خوێن دەبن، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێگایەک بۆ دەرچوونی ئەم خوێنە نییه، خوێنەکە لە نێو ئەم شانانەدا دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی هەوکردن، ئازار و کەڵەکەبوون. وردەوردە، ئەم شانانە دەبنە گۆشتپارە کە لەوانەیە ببێتە هۆی کیست لە هێلکەدانەکان و لە ئەنجامدا ڕێ لە دووگیانبوون بگرێت.
نیشانەکانی ئیندۆمەتریۆسیس
ئیندۆمەتریۆسیس کۆمەڵێک نیشانەی جیاوازی هەیە کە دەبێتە هۆی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ژنان، وەک:
- ئێشی سووڕی مانگانە: ئازاری توند لە کاتی سووڕی مانگانەدا کە زۆرجار بە دەرمانی ئاسایی چارەسەر ناکرێت.
- ئازاری بەردەوام لە ناوچەی حەوز: ئازارێکی قووڵ و بەردەوام لە ناوچەی خوارەوەی سک و حەوزدا.
- ئازار لە کاتی پەیوەندیی سێکسیدا: ئازار لە کاتی پەیوەندیی سێکسیدا (دیسپارۆنیا) کە ئازارێکی زۆر توندە.
- کێشەی نەزۆکی: نزیکەی ٣٠-۵٠٪ی ژنانی تووشبوو بە ئیندۆمەتریۆسیس، کێشەی نەزۆکییان دەبێت.
- ماندوویەتیی بەردەوام: هەوکردنی بەردەوام و چالاکبوونی سیستمی بەرگریی لەش کە دەبێتە هۆی ماندووبوون لە جەستەدا.
- کێشەی میزکردن و ڕیخۆڵە: ئازار لە کاتی میزکردندا، پێویستی بە میزکردنی بەردەوام، قەبزی یان سکچوون.
- خوێنڕێژیی نائاسایی: خوێنڕێژیی زۆر یان نائاسایی لە کاتی سووڕی مانگانە یان لە نێوان سووڕەکاندا.
زۆرێک لەو ژنانەی ئەندۆمێتریۆسیسیان هەیە، هیچ نیشانەیەکیان لێ نادیترێ و هەست بە نەخۆشییەکە ناکەن. هەندێک ژن تەنها کاتێک دەزانن کە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون کە هەوڵی منداڵبوون دەدەن بەڵام سەرکەوتوو نابن، و دواتر لە کاتی پشکنینەکانی نەزۆکیدا ئەم نەخۆشییە دەدۆزرێتەوە. لێکۆڵینەوەکان پیشانی دەدەن کە لە نێو ئەو ژنانەی توانای منداڵبوونیان نییە، نزیکەی ۴٠٪ ئیندۆمەتریۆسیسیان هەیە. هەروەها، لە نێو ئەو ژنانەی ئازاریان لە ناوچەی خوارەوەی سک و ئەندامی زاوزێدا هەیە، نزیکەی ٢۵ ٪ ئەندۆمێتریۆسیسیان هەیە.
هۆکارەکانی ئیندۆمەتریۆسیس
هێشتا هۆکارەکانی تووشبوون بە ئیندۆمەتریۆسیس بە تەواوی دەستنیشان نەکراون بەڵام هەندێک لە توێژینەوەکان، چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ تووشبوون بە ئیندۆمەتریۆسیس دیاری دەکەن:
- لاوازیی سیستمی بەرگریی لەش: بەپێی ئەم تیۆرییە، هەموو ئافرەتان بە شێوەیەکی سروشتی ڕووبەڕووی دیاردەی سووڕی مانگانەی پێچەوانە دەبنەوە، واتە بڕێک لە خوێنی سووڕی مانگانە و شانەکانی ناوپۆشی منداڵدان لە ڕێگەی بۆڕییەکانی هێلکەدانەوە دەچنە ناو بۆشایی سک. بەڵام لە زۆربەی ئافرەتاندا، سیستەمی بەرگریی لەش بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم شانانە وەک ماددەیەکی نامۆ و دەناسێتەوە و دەستبەجێ دەیانشکێنێتەوەو لە ناویان دەبات. بەڵام لەو ئافرەتانەی کە تووشی ئێندۆمرتریۆسیس دەبن، وا پێ دەچێت کێشەیەک لە سیستەمی بەرگریی لەشیاندا هەبێت. ئەم کێشەیە وا دەکات سیستەمی بەرگری نەتوانێت بە تەواوی ئەو شانانە بناسێتەوە یان لەناویان ببات کە لە ڕێڕەوی خۆیان لا دەدەن. لە ئەنجامدا، ئەم شانانە دەتوانن لە شوێنەکانی دەرەوەی منداڵداندا بمێننەوە، بنیشن و دەست بە گەشەکردن بکەن کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەکانی ئێدۆمەتریۆسیس.
- گەڕانەوەی خوێنی مانگانە: بەشێک لە خوێن و شانەی ناوپۆشی منداڵدان لە ڕێگای بۆڕییەکانی فالۆپەوە بۆ ناو حەوز دەگەڕێتەوە. ئەم تیۆرییە پێی وایە کە خوێنی سووڕی مانگانە بە شێوەیەکی “ پێچەوانە” بەرەو سەرەوە لە بۆڕییەکانی هێلکەدان دەڕوات و دەچێتە بۆشایی سەرەوە. شانەکانی هاوشێوەی ناوپۆشی منداڵدان لە ئەندامەکانی حەوزدا دەنیشن و گەشە دەکەن.
- تیۆریی میتاپلازیا: میتاپلازیا پرۆسەیەکە کە خانە تێیدا لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی دیکە دەگۆڕێت. ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە شانەی ئاسایی دەتوانێت بگۆڕێت بۆ شانەیەک کە لە پەردەی ناوپۆشی مناڵدان دەچێت. ئەمەش ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی کە چۆن ئەندۆمیتریۆسیس دەتوانێت لە دەرەوەی بۆشایی سک سەر هەڵبدات، وەک لە سییەکاندا.
میتاپلازی بە شێوەیەکی سروشتی وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ هەوکردن دروست دەبێت، و دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ خانەکان تا خۆیان بگۆڕن و باشتر لەگەڵ ژینگەکەیاندا بگونجێن. سەبارەت بە ئەندۆمیتریۆسیس، تیۆریی میتاپلازی ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی دەکرێت ئەم نەخۆشییە لە پیاوانیشدا ببینرێت کە چارەسەریی هۆرمۆنیان وەرگرتووە.
٠ تیۆریی گواستنەوە: تیۆرییەک هەیە کە دەڵێت خانەکان یان شانەکانی ئیندۆمەتریۆسیس دەتوانن بگوازرێنەوە، هەروەک شێرپەنجە، لە ڕێگەی خوێن و/یان کۆئەندامی لیمفاوییەوە بۆ شوێنەکانی دیکەی لەش. ئەم تیۆرییە دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی ئیندۆمێتریۆسیس هەندێک جار بە دەگمەن لە شوێنە دوورەکان دەدۆزرێتەوە، بۆ نموونە لە سییەکاندا.
- فاکتەری بۆماوەیی: ژنانێک کە دایک یان خوشکیان ئیندۆمەتریۆسیسیان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان زیاترە.
دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە
دەستنیشانکردنی ئیندۆمەتریۆسیس، پێویستی بە پشکنینی پزیشکی تایبەت هەیە، و دەتوانێت بە یارمەتیگرتن لەم تەکنەلۆجی خوارەوە دەستنیشان بکرێت:
- وێنەگریی سەروودەنگ وەک وێنەگریی سەروودەنگ و وێنەگریی ئێم.ئاڕ.ئای.
- لاپرۆسکۆپی یان نەشتەرگەریی بچووک بۆ بینینی ناوەوەی سک.
پێویستە نەخۆش بۆ دەستنیشانکردنی دروستی نەخۆشییەکە، سەردانی پزیشکی پسپۆڕی ژنان بکات، بەتایبەت ئەگەر لە کاتی سووڕی مانگانەدا ئازاری توندی هەبێت.
گرنگیی وشیاری و مەترسییەکانی درەنگ دەستنیشانکردنی
گرنگینەدان، شەرمکردن و درەنگ دەستنیشانکردنی ئیندۆمەتریۆسیس، تەنها تایبەت بە کۆمەڵگەی کوردستانەوە نییە، بەڵکوو لە وڵاتانی ئەورووپاشدا ئەم کێشەیە زۆر بەرچاوە. بەپێی توێژینەوەکان، لە یەکەم نیشانەوە تا دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە لایەن پسپۆرانەوە، بە شێوەیەکی مامناوەندی ٧-١٠ی ساڵی پێ دەچێت. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش، کەمبوونی ئاگامەندیی ژنان لەسەر ئەم نەخۆشییەیە.
هەڵمەتی وشیاری و ڕۆژی جیهانیی ئیندۆمەتریۆسیس، دەرفەتێکی بۆ باسکردنی ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی بەربڵاو و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی شەرم لە ناو ژناندا ڕەخساندووه.
هەروەها نەبوونی وشیاری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بووەتە هۆی ئەوەی ژنان پەنا بۆ چارەسەریی ناتەندروست و نازانستی وەک شێلانی منداڵدان و بەکارهێنانی دەرمانی گیایی بەبێ بنەمای زانستی ببەن. ئەم جۆرە چارەسەرییانە نەک تەنیا کاریگەر نین، بەڵکوو دەتوانن ببنە هۆی دواخستنی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و تەنانەت خراپتربوونی دۆخەکە.
دواکەوتن لە دەستنیشانکردن دەبێتە هۆی:
- پەرەسەندنی نەخۆشییەکە و زیادبوونی گرێیەکان
- زیادبوونی ئازار و کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە
- کەمبوونەوەی کاریگەریی چارەسەرییەکان
- زیادبوونی مەترسیی نەزۆکی و کێشەی منداڵداربوون
گرنگیی وشیاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا
وشیاری سەبارەت بە ئیندۆمەتریۆسیس لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە چەند هۆکار زۆر گرنگە:
- شەرم و تابۆ: زۆرجار باسکردنی کێشەی تەندروستیی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە شەرم دادەنرێت و ژنان ناچارن ئازارەکانیان بشارنەوە و لەگەڵی بژین.
- کەمیی زانیاریی پیاوان: پیاوانی کورد زۆرجار وشیارییان سەبارەت بە نەخۆشییە ژنانەکان کەمە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونی پاڵپشتیی پێویست.
- کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە: ئیندۆمەتریۆسیس دەتوانێت کاریگەریی قووڵی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ژنان، کارکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبێت.
بۆیە لە مانگی هۆشیارکردنەوە لە پێوەند بە ئیندۆمەتریۆسیسدا، پێویستە هەموو لایەک بۆ زیادکردنی وشیاری سەبارەت بەم نەخۆشییە و هاندانی ژنان بۆ سەردانی پزیشک هەوڵ بدەن. ئازاری سووڕی مانگانە شتێکی ئاسایی نییە و پێویستە بە جیدی وەربگیرێت.
ئامادەکردنی بابەت: چرۆ گۆران
هەڵەگر: ئەستێرە چابوک
هەڵەگری زانستی: پەریسا خاتری
دیزاین: سەعیدە دەیهیم