بابەتتەندروستی

لەزگوەستان

لەزگوەستان پرۆسەیەکی سروشتییە کە نیشانەی کۆتایی ساڵەکانی زاوزێکردنی ژنانە کە زیاتر لە نێوان تەمەنی ۴۵ بۆ ۵۵ ساڵیدا ڕوو دەدات. ئەم حاڵەتە دوای ١٢ مانگ بەبێ خوێنبەربوونی بەردەوام، دەستنیشان دەکرێت. ئەم گۆڕانکارییە، گۆڕانکارییەکی هۆرمۆنیی بەرچاو لەخۆ دەگرێت، سەرەکیترینیان کەمبوونەوەی بەرهەمھێنانی ئیسترۆجین و پرۆجێستێرۆن لە لایەن هێلکەدانەوەیە کە دەبێتە هۆی نیشانەی جیاواز لە جەستە و سۆزدا.

بەکارهێنانی ئیسترۆجین -لە ڕێگەی دەرزی وەشاندن- لە کاتی لەزگوەستاندا بە هۆی توێژینەوەگەلێک کە پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی مەمکەوە هەیە، مشتومڕێکی زۆری لەسەر بووە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی بەڵام بەڵگەکان پاڵپشتی لە سوودەکانی ئیسترۆجین بۆ تەندروستیی ئێسک و کەمکردنەوەی نیشانەی نەخۆشیگەلی ئاماژەپێکراو دەکەن، بەتایبەتی کاتێک بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ کێشەکانی ئەندامی زاوزێ و میز بەکار دەهێنرێت. هەروەها هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن کە زۆر جار چاوپۆشی لێ دەکرێت، ڕۆڵێکی گرینگی لە پاراستنی تەندروستیی سێکسی، چڕیی ئێسک و باشبوونی گشتیی تەندروستیی ڕۆحی و جەستەیی، لە دوای وەستانی سووڕی مانگانەدا هەیە. ڕێبازێکی گشتگیرتر بۆ چاودێریی وەستانی سووڕی مانگانە کە بە هۆی پێشکەوتنەکانی تەندروستیی ڕەگەزگۆڕاوەوە ئاگادار دەکرێتەوە، دەتوانێت باشتر چارەسەریی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی ژنان لەم بەشەی ژیاندا بکات.

سێ بەشی لەزگوەستان بریتین لە:

۱. سەرودەمی لەزگوەستان (پێش لەزگوەستان): ئەم بەشە دەتوانێت ٨ بۆ ١٠ ساڵ پێش لەزگوەستان دەست پێ بکات، کاتێک هێلکەدانەکان کەمتر ئیسترۆجین بەرهەم دەهێنن. نیشانەکانی وەک ناڕێکیی سووڕی مانگانە، گەرمبوونەوە، و گۆڕانی دەروونی دەردەکەوێت.

۲. لەزگوەستان: ئەمە کاتێکە کە سووڕی مانگانە بەتەواوی دەوەستێت و بۆ ١٢ مانگی بەردەوام، نەماوە؛ هێلکەدانەکان لە بەرهەمهێنانی هێلکە و ئیسترۆجین وەستاون.

۳. دوای لەزگوەستان: ئەم بەشە هەتاهەتاییە. نیشانەکان وەک گەرمبوونەوە کەم دەبن، بەڵام بە هۆی کەمبوونەوەی ئیسترۆجین، مەترسیی پووکانەوەی ئێسک و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.

لەزگوەستانی پێشوەختە کاتێک ڕوو دەدات کە ژنێک پێش تەمەنی ۴٠ ساڵی، لەزگ‌ ئەوێستێ. ئەگەر هیچ هۆکارێکی پزیشکی یان نەشتەرگەری بوونی نەبێت، کەمیی هێلکەدانی سەرەتایی پێ دەکوترێت.

کاریگەریی زیندەیی و تەندروستی

گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان لە کاتی لەزگوەستاندا دەتوانن ببنە هۆی نیشانەی جۆراوجۆر وەک گەرمیی خێرا، ئارەقەکردنی شەوانە، گۆڕانی هەڵسوکەوت و کێشە لە خەوتندا. مەترسییە درێژخایەنەکانی تەندروستیی پەیوەست بە مینۆپۆزەوە بریتین لە نەرمیی ئێسک بە هۆی کەمبوونەوەی چڕیی ئێسک، نەخۆشییەکانی دڵ و لوولە و گۆڕانکاریی تەندروستیی میتابۆلیک. توێژینەگەلێک کە لە نەیچردا بڵاو کراونەتەوە دەریدەخەن هۆکارە بۆماوەییەکان کاریگەری لەسەر کات و ئەزموونی لەزگوەستاندا هەیە، دەگوترێ کە هاوکارییەکی ئاڵۆز لە نێوان زیندەزانی و ژینگەدا هەیە.

ڕوانگەی مێژوویی و کلتووریی

لە مێژوودا، لەزگوەستان بە شێوەی جیاواز، لە کلتورە جیاوازەکاندا بینراوە. سمیثسۆنیان تۆماری کردووە کە چۆن هەندێک کۆمەڵگە، دوای لەزگوەستان، بە هۆی ژیری و ئەزموونیانەوە ڕێز لە ژنان دەگرن، لە کاتێکدا هەندێک کۆمەڵگەی تر ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندوە. تێگەیشتن لەم چوارچێوە کلتوورییە بۆ دابینکردنی چاودێریی کاریگەر و هاوسۆز فره گرینگە.

کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی

ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کاریگەریی ئابووریی لەزگوەستان، بەتایبەتی لەسەر ڕێژەی بەشداریی ژنان لە کاردا دەرچووە. بەرهەمهێنان لە کاریگەریی نیشانەکانی لەزگوەستان بێ‌بەش نەبووە و دەتوانێت ببێتە هۆی خانەنشینی پێشوەختە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر پێویستیی سیاسەتی پشتگیری لە شوێنی کار. هەروەها باس لە گەشەسەندنی بازاڕی بەرهەمەکانی پەیوەست بە لەزگوەستان دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی هۆشیاری و خواست لەسەر چارەسەرەکان بۆ بەڕێوەبردنی نیشانەکان.

پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پزیشکی

پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پزیشکی، ڕێگەی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی مینۆپۆز دابین دەکەن.

تکنیکا و گیزمۆدۆ بەرهەمە نوێیەکانیان وەک ئامێرەکانی وەرگرتنی گۆڕانکارییە زیندەییەکان و ئەپەکانی دابینکردنی ئامۆژگاریی تەندروستیی تایبەتی باس کردووە. چارەسەریی جێگرەوەی هۆرمۆن (HRT) هێشتا چارەسەرێکی باوە، هەرچەندە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی وریایانەی مەترسی و سوودەکانییەوە هەیە.

هەڵسوکەوت و ڕوانگەی کۆمەڵایەتی

لە کاتێکدا بەشێکی ژنان بەبێ ناڕەحەتیی زۆر، ئەم گۆڕانکارییە تێ دەپەڕێنن، هەندێکی تر ڕووبەڕووی ململانێی بەرچاو دەبنەوە. هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە فۆرمکردنی ئەم ئەزموونانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی هاندان بۆ گفتوگۆی کراوە و کەمکردنەوەی شوورەیی لەم بابەتدا دەگێڕن.

لە کۆتاییدا، لەزگوەستان ئەزموونێکی فرەچەشنە کە هۆکاری زیندەیی، کلتووری، ئابووری و تەکنەلۆجیاوە کاریگەری لەسەر دادەنێن. تێگەیشتن و پاڵپشتیی بەربڵاو بۆ یارمەتیدانی ژنان لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە لە ژیانیاندا بە شێوەیەکی تەندروست، گەلێک گرینگە.

وشەکان:

١. ڕەگەزگۆڕاوەوە : Gender-diverse

٢. کاریگەریی زیندەیی و تەندروستی : Biological and health effects

٣. سمیثسۆنیان: Smithsonian

۴. میتابۆلیک (Metabolic): پەیوەندیدار بە گۆڕین و بەرهەمهێنانی توخمە گەرد و وزە لە جەستە

۵. زیندەزانی: Biology

۶. بەڕێوەبردنی نیشانەکان : Symptom management

٧. بێدەنگکردن: Silencing, Erasing

٨. شەرمکردن: Stigmatizing, Shaming

٩. بەرهەمهێنان: Productivity

١٠. نەیچر: Nature

١١. تکنیکا: Technica

١٢. گیزمۆدۆ: Gizmodo

وەرگێڕ: زۆهرە ئەسەدی

هەڵەگر: ئەستێرە چابوک

دیزاینەر: ئەڤین ڕەشیدی ڕۆستەمی

سەرچاوەکان:

Exact link to the sources

Menopause research is globally underfunded. It’s time to change that (https://www.nature.com/articles/d41586-025-00150-y)

New Evidence That Grandmothers Were Crucial for Human Evolution | Smithsonian (https://www.smithsonianmag.com/science-nature/new-evidence-that-grandmothers-were-crucial-for-human-evolution-88972191/)

Beyond Hot Flashes: A Deep Dive Into Menopause, Work, And The Economy (https://www.forbes.com/sites/aparnarae/2023/10/18/beyond-hot-flashes-a-deep-dive-into-menopause-work-and-the-economy/)

Menopause In The Workplace Is Finally Getting The Attention It Deserves (https://www.forbes.com/sites/taliavarley/2024/10/21/menopause-in-the-workplace-is-finally-getting-the-attention-it-deserves/)

Women will ‘evolve out’ of menopause (https://gizmodo.com/women-will-evolve-out-of-menopause-510509122)

Women in Menopause Are Getting Short Shrift – The Atlantic (https://www.theatlantic.com/health/archive/2024/04/menopause-transgender-care-estrogen-testosterone/678095/)

Menopause: What It Is, Age, Stages, Signs & Side Effects (https://my.clevelandclinic.org/health/diseases/21841-menopause)

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button