ژیریی دەستکرد و یەکسانیی جێندەری

نایەکسانیی جێندەری کێشەیەکی جیهانییە و ژیریی دەستکردیش ئاوێنەی ئەو لایەنگرییە جێندەرییانەیە کە لە کۆمەڵگەدا هەیە.
ئەگەرچی بەگشتی ساڵانە ژمارەیەکی زۆتر لە ژنان دەستڕاگەیشتنیان بە ئینتەرنێت هەیە، هێشتا لە وڵاتانی کەم داهات تەنیا ٢٠%ی ژنان ئینتەرنێتیان هەیە. دابڕانی جێندەری لە دونیای دیجیتاڵدا بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی داتا، کە لە ژیریی دەستکرددا خۆی نیشان دەدات.
ئێستا پرسیار ئەوەیە؛
کێ ژیریی دەستکرد ساز دەکات و چ لایەنگرییەک لە ژیریی دەستکرددا دروست دەبێت کە دەتوانێت ببێتە هۆی بەردەوامبوون یان کەمبوونی کەلێن و نایەکسانیی جێندەری؟
لایەنگریی جێندەریی لە ژیریی دەستکرددا چییە؟
توێژینەوەیەکی سەنتەری “بێرکلی هاس بۆ یەکسانی کە جێندەر و بەڕێوەبەرایەتی” ١٣٣ سیستمی ژیریی دەستکردی لە گشت پیشەسازییە جیاوازەکاندا شی کردووەتەوە، دەریخستووە کە نزیکەی ۴۴٪ لەو سیستمانە لایەنگریی جێندەرییان هەیە.
بەیزا دۆوچ، هونەرمەندێکی خەڵکی ئەنقەرەی تورکیا، کاتێک خەریکی توێژینەوە بۆ ڕۆمانێک بوو، داوای لە ژیریی دەستکرد کرد کە چیرۆکێک لەسەر پزیشک و پەرستارێک بنووسێت. ژیریی دەستکردەکە هەر جار دکتۆرەکەی دەکرد بە نێر و پەرستارەکەشی دەکرد بە مێ. واتە بەردەوام ڕۆڵی کڵیشەیی جێندەری بۆ کارەکتەرەکان هەڵدەبژارد و هەندێک توانایی و کواڵیتیی تایبەتی بە کارەکتەرە نێر یان مێیەکان گرێ دەدا. کاتێک بەیزا سەبارەت بەو لایەنگرییە جێندەرییە، پرسیاری لە ژیریی دەستکرد کرد، ژیریی دەستکرد ڕوونی کردەوە بە هۆی ئەو داتایانە بووە کە لێی فێر بووە – ئەگەر داتاکانی ڕاهێنان، ژنان و پیاوان بە توانایی یان حەزێکی تایبەتەوە ببەستنەوە، ژیریی دەستکردیش ئەو نەخشانە کۆپی دەکات و بەپێی ئەو داتایانە ناوەڕۆکی نوێ (دەق، وێنە، ڤیدیۆ و هتد) ساز دەکات.
بۆچی ئەمە ڕوو دەدات؟
ناتاشا سانگوا خوێندکارێکی خەڵکی ڕواندایە و بەشداری لە یەکەم کەمپی بەرنامەنووسیدا کردووە. سانگوا دەڵێت: «سەرنجم داوە کە ژیریی دەستکرد زیاتر لەلایەن پیاوانەوە پەرەی پێ دەدرێت و لەسەر ئەو داتایانە ڕاهێنراوە کە زۆربەیان سەبارەت بە پیاوانن. ئەوەش کاریگەری لەسەر ئەزموونی ژنان لەگەڵ ئەو تەکنەلۆجیایەدا هەیە». «کاتێک خانمان هەندێک سیستمی بەرهەمهێنەری ژیریی دەستکرد بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بەکار دەهێنن، زۆر جار وەڵامی هەڵە وەردەگرن، چونکە ژیریی دەستکرد ئاگاداری ئەو نیشانانە نییە کە ڕەنگە بە شێوەیەکی جیاواز لە ژناندا دەربکەون.»
ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەم چەشنە بەردەوام بن، تەکنەلۆجیا و خزمەتگوزارییەکانی ژیریی دەستکرد، فرەڕەنگیی جێندەری و ڕوانگەی ڕەگەزییان تێدا نابینرێت و ئەو کەلێنە دەبێتە هۆی دابەزینی کواڵیتیی خزمەتگوزارییەکان، بڕیاری لایەنگرانە سەبارەت بە کار، متمانە، چاودێریی تەندروستی و زۆر شتی تر.
چۆن لایەنگریی جێندرەی لە ژیریی دەستکرددا کەم بکەینەوە؟
بۆ سڕینەوەی لایەنگریی جێندەری لە ژیریی دەستکرددا، پێویستە لە سەرەتاوە یەکسانیی جێندەری وەک ئامانجێک مسۆگەر بکەین. ئەمەش بە واتای بەکارهێنانی داتای جۆراوجۆرە کە نوێنەرایەتیی ژن و پیاو دەکات و گشتگیرترکردنی تیمەکانی پەرەپێدانی ژیریی دەستکردە.
سوودوەرگرتن لە فرەڕەنگیی شارەزاییە تایبەتەکان لە کاتی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرددا زۆر پێویستە، وەکوو شارەزایی جێندەری، بۆ ئەوەی سیستمی فێربوونی ماشین بتوانێت باشتر خزمەتمان بکات و پشتگیری لە پاڵنەرەکانی جیهانێکی یەکسانتر و بەردەوامتر بکات.
لە سەردەمی پێشکەوتنی خێرای پیشەسازیی ژیریی دەستکرددا، نەبوونی ڕوانگەی جێندەری، داتا و بڕیاردان، دەتوانێت ببێتە هۆی بەردەوامبوونی نایەکسانییەکی قووڵ لە ساڵانی داهاتوودا.
بواری ژیریی دەستکرد پێویستی بە ژنانی زیاترە، ئەوەش پێویستی بە ڕێکخستن و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرکردایەتیکردنی کچان و ژنان لە پەروەردە و پیشە لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆجیا، ئەندازیاری، بیرکاری و تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان هەیە.
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڵاوی کردووەتەوە کە ژنان تەنیا ٢٩%ی سەرجەم کارمەندانی زانست، تەکنەلۆجیا، ئەندازیاری و بیرکاری پێک دەهێنن. هەرچەندە ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ژنان لەم بوارانەدا دەخوێنن و بەشداریی دەکەن، بەڵام لە کارەکانی ئاستی سەرەتاییدا چڕ بوونەتەوە و کەمتر پۆستی سەرکردایەتییان هەیە.
حوکمڕانیی ژیریی دەستکرد و یەکسانیی جێندەری
هاوکاریی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیا دیجیتاڵییەکان تەنیا لەسەر پرسە تەکنیکی و ئابوورییەکان بووە، زۆر جار کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر کۆمەڵگە پشتگوێ دەخرێت، بەتایبەتی چینە پەراوێزخراوەکان.
یاسا جیهانییەکان لە بەشی ژیریی دەستکرددا زۆر کەمن و ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە سیستمی ژیریی دەستکرد بەبێ پشکنینی دروست بۆ لایەنگری، تایبەتمەندی، یان مەترسییە ئەمنییەکان بڵاو بکرێتەوە.
لە ئێستادا پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد لەلایەن چەند لایەنێکی بەهێزەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە سوود و مەترسییەکان بەشێوەیەکی نایەکسان دابەش بکرێن. هیچ میکانیزمێکی بەهێز بۆ ڕێگریکردن لە خراپترکردنی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی، لەناوبردنی کارەکان یان بەکارهێنانی نادادپەروەرانەی ژیریی دەستکرد بوونی نییە.
لە ساڵی ٢٠٢۴دا، پەیمانی دیجیتاڵیی جیهانی (GDC)، دەرفەتێکی خستە ڕوو بۆ ئەوەی یەکسانیی جێندەری لە حوکمڕانیی ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بەبێ کار و چالاکی لەم بەشەدا، ژیریی دەستکرد دەتوانێت بۆشاییە جێندەرییەکانی ئێستا زیاتر بکات.
وەرگێڕ: سەعیدە دەیهیم
هەڵەگر: ئەستێرە چابوک
هەڵەگری زانستی: پەریسا خاتری
دیزاین و گرافیک: سەعیدە دەیهیم
سەرچاوە: https://www.unwomen.org/en/articles/explainer/artificial-intelligence-and-gender-equality
وشەکان:
Berkeley Haas Center for Equity, Gender and Leadership: سەنتەری بێرکلی هاس بۆ یەکسانی، جێندەر و بەڕێوەبەرایەتی
Gender bias: لایەنگریی جێندەری
Gender stereotype: کڵیشەی جێندەری
Machine learning: فێربوونی ماشین
STEM: زانست، تەکنەلۆجیا، ئەندازیاری، و بیرکاری
ICT: تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان
Forum: کۆڕبەند
Natacha Sangwa
Beyza Doğuç