بابەتزانستە بنەماییەکان

بۆچی توێژەرانی بواری پزیشکی لە مشکەکان کەڵک وەردەگرن؟

ھەر لە داڕشتنی دەوا و دەرمانی نوێی شێرپەنجەوە ھەتاکوو دەگاتە تەواوکەرە خۆراکییەکان، مشک و مشکەکوێرەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدانی شتە سەیروسەمەرەکانی بواری پزیشکیدا هەیە. لە ڕاستیدا، بەپێی دامەزراوەی توێژینەوە بایۆپزیشکییەکان (FBR)، ٪‏٩٥ی هەموو ئاژەڵە تاقیگەییەکان لە مشکەکان و مشکەکوێرەکان پێک دێن.

زانایان و توێژەران بە چەندین هۆکار پشت بە بەکارهێنانی مشکەکان و مشکەکوێرەکان دەبەستن. یەکێک لەو هۆکارانە ئاسانیی بەکارهێنانیانە: مشکەکان قەبارەیان بچووکە، جێگەبوونەوە و پارێزگارییان ئاسانە و بەباشی لەگەڵ ژینگەی نوێی دەوروبەردا خۆیان دەگونجێنن. هەروەها مشکەکان بەخێرایی وەچە دەخەنەوە و تەمەنیان کورتە و دوو تاکوو سێ ساڵ دەبێت، کەواتە دەتوانیت لە ماوەیەکی تا ڕادەیەک کەمدا چەندەھا نەوەی مشکەکان ببینی.

هەروەها مشکەکان و مشکەکوێرەکان نرخیان هەرزانە و دەکرێت ژمارەیەکی زۆریان لێ بکڕدرێن لەو بەرهەمهێنەرە بازرگانییانە کە بە تایبەتی مشک بۆ توێژینەوە پەروەردە دەکەن. مشکەکان هەروەها بە گشتی خۆشمەزاج و هێورن، کە ئەمەش وا دەکات کارپێکردنیان بۆ توێژەران ئاسان بێت، ئەگەرچی هەندێک جۆری مشکەکان و مشکەکوێرەکان لەوانەیە ڕاگرتنیان لەوانی تر ئەستەمتر بێت.

زۆربەی ئەو مشک و مشکەکوێرانەی لە تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا بە کار دێن، بە زاوزێی ناوخۆیی بەرهەم دێن، بۆیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە زایەندییەکانیان، لە بواری جینەتیکییەوە تا ڕادەیەک یەکسانن. ئەمەش بەپێی ئەنستیتۆی نەتەوەیی توێژینەوەی جینۆمی مرۆڤ، لە یەکدەستکردنی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا یارمەتیدەرە. ئەو مشکانەی لە تاقیکردنەوەکاندا بە کاردێن، وەکوو لانیکەمی پێداویستییەک، دەبێت لە جۆرە ڕەسەنە یەکسانەکان بن.
هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی مشکەکان لە تاقیکردنەوەی پزیشکیدا وەکوو مۆدێل کەڵکیان لێ وەردەگیرێت تایبەتمەندییە بۆماوەیی، زیندەوەرناسی و هەڵسوکەوتییەکانە کە زۆر هاوشێوەی مرۆڤن و زۆرێک لە نیشانەکانی بارودۆخی مرۆڤ دەتوانرێت لە مشکیشدا دووبارە بکرێتەوە.

جینی هالیسکی، نوێنەری نووسینگەی ئاسایشی ئاژەڵە تاقیگەییەکانی ئەنستیتۆ نەتەوەییەکانی تەندروستی (NIH)، وتی: “مشکەکوێرە و مشکەکان گواندارێکن کە زۆر پڕۆسەیان لەگەڵ مرۆڤەکاندا هاوبەشە و بە مەبەستی بەکارهێنان بۆ وەڵامدانەوەی زۆرێک لە پرسیارەکانی توێژینەوەکان گونجاون.”
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەو هاوشێوەییانە بەهێزتریش بوونەتەوە. زانایان ئێستا دەتوانن مشکگەلێک بەرهەم بهێنن کە لە بواری جینەتیکییەوە گۆڕاون و پێیان دەوترێت “مشکە ترانسجینییەکان” (transgenic mice). ئەم مشکانە ھەڵگری جینگەلێکی هاوشێوەی ئەوانەن کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی مرۆڤ. هەروەها دەکرێت هەندێک جینی هەڵبژێردراو بکوژێنەوە یان ناچالاک بکرێنەوە، کە ئەمەش مشکی ناکاوت (knockout mice) پێک دێنێت، کە بەپێی FBR، بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ماددە کیمیاییەکان بۆ هۆکاری شێرپەنجە (کارسینۆجینەکان) و دیاریکردنی بێمەترسییەتیی دەرمانەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
مشکەکان هەروەها ئاژەلگەلێکی توێژینەوەیی کارامەن چونکە توێژەران بەباشی ئاناتۆمی، فیزیۆلۆجیا و جینەتیکیان دەناسن، کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە ئاسانی بزانن هۆکاری گۆڕانکارییەکان لە هەڵسوکەوت یان تایبەمەندییەکانی مشکەکاندا چین.
بەپێی FBR، هەندێک لە مشکەکان بە ناوی مشکی SCID، بە شێوەی سروشتی بەبێ کۆئەندامی بەرگری لە دایک دەبن، بۆیە دەتوانن وەکوو مۆدێل بۆ توێژینەوەی شانەی ئاسایی و بەئازاری مرۆڤ خزمەت بکەن.
چەند نموونەیەک بۆ ئەو نەخۆشی و ناسازییانەی مرۆڤ کە مشکەکان و مشکەکوێرەکان وەکوو مۆدێل بۆیان بەکار دێن، ئەمانەن: بەرزیی پەستانی خوێن، شەکرە، ئاومرواری، قەڵەوی، جەڵتە، کێشەی هەناسە، کەڕی، نەخۆشیی پارکینسۆن، نەخۆشیی ئەلزەهایمەر، شێرپەنجە، فیبرۆزی کیستی، ئایدز، نەخۆشیی دڵ، دیسترۆفیی ماسوولکە و زیاندیتنی دەماری دڕکاوی.
هەروەها مشکەکان لە لێکۆڵینەوەکانی بواری هەڵسوکەوت، هەست، پیربوون، خۆراک و جینەتیکدا بەکار دێن؛ هەروەها لە تاقیکردنەوەی دەرمانی دژەئیشتیا کە بتوانێت کۆتایی بە گیرۆدەیی بە ماددەی هۆشبەر بهێنێت.
هالیسکی وتیشی: “بەکارهێنانی ئاژەڵەکان لە توێژینەوەدا بۆ تێگەیشتنی زانستی لە سیستەمە بایۆپزیشکییەکان کە دەبێتە هۆی پێکهاتنی دەوا و دەرمانی بەکەڵک، یەکجار گرنگە.”

دەماری دڕکاوی: spinal cord
فیبرۆزی کیستی: cystic fibrosis
توێژینەوەی شانەی ئاسایی و بەئازاری مرۆڤ: normal and malignant human tissue research

سەرچاوە:
https://www.livescience.com/32860-why-do-medical-researchers-use-mice.html
ـ
#ھایزنبێرگ
پێداچوونەوەی زانستی: ئارمین شەریفی
پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button