زانایان چارەسەرییەکی چاوەڕواننەکراویان بۆ کەمکردنەوی خەسارەکانی پلاستیک بە مەبەستی پاراستنی ژینگە، دۆزییەوتەوە: “مێ
میلوۆرمی* بچووک”، کرمۆکە قالۆنچەیەک لە ڕەگەزی ئالفاتۆبیۆس.
“میلوۆرمی بچووک” لە بنەڕەتدا وڵاتی ئەفریقا دۆزراوەتەوە، توانای خواردن و شکاندنی پلاستیکی هەیە، بەتایبەتی پۆلیستایرین، کە لە پیشەسازیی پێچانەوە، ماددەیەکی باوە.
گەرچی ئەفریقا تەنیا بەشێکی کەم لە پاشماوەی پلاستیک لە جیهاندا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لەمێژە لەگەڵ ئاستی بەرزی پاشماوەکانی پلاستیک ململانێ دەکات و ئەمە دۆزینەوەیەکی هیوابەخشە.
لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری “ساینتیفیک ڕیپۆرتس”* بڵاو کراوەتەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە کرمەکە دەتوانێت تا ۵٠%ی ئەو پۆلیستایرینانە پێی دەدرێت بخوات و کاتێک پلاستیکەکە لەگەڵ کەپەک یان توێکڵی دانەوێڵە تێکەڵ دەکرێت، کاراییەکەی باشتر دەبێت.
بەکتریاکانی ڕیخۆڵە، وەکوو جۆرەکانی کلووڤێرا، لەکتۆکاکس و کلەبسیەلا، بە بەرهەمهێنانی ئەنزیمەکان پۆلیمەرە ئاڵۆزەکان بۆ پێکهاتەی سادەتر و بێ زیان دەشکێنن و لە مهاندنی* پلاستیکدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن.
دۆزینەوەکە دەرگایەکی نوێ لە بواری ئاڵوێری* پلاستیکدا دەکاتەوە؛ ڕەنگە زانایان ڕۆژێک بەم بەکتریا یان ئەنزیمانە بتوانن کێشەی پاشماوەی پلاستیک چارەسەر بکەن.
توێژەران دەیانەوێت بزانن ئایا ئەم بەکتریایانە لە میلوۆرمی بچووکدا بوونیان هەیە یان دوای بەرکەوتنیان بە پلاستیک بەدەست دەهێنرێن؟ هەروەها پێیان وایە ئەگەری هەیە لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو ببێتە هۆی دۆزینەوەی شێوەکانی گۆڕینی پاشماوەی پلاستیک، بۆ پرۆتینی بەنرخی مێروو بۆ خۆراکی ئاژەڵان.
Mealworm
Scientific Reports
Digesting: مهاندن، هەرس کردن، هەزم کردن
Recycling: ئاڵوێر
———–
پرۆژەی هەواڵی زانستی وەرزی ١
وەرگێڕان: ئیحسان ئیزەدی
هەڵەگر: ئیدریس قادری
گرافیک: حوسنا ئیزەدی
سەرچاوه