کەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی دەبێت بە شارستانییەتی جۆری ١؟
چەندین شێواز بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوتی پێشکەوتنی شارستانییەتی مرۆڤ هەیە: گەشەی جەماوەری، سەرهەڵدان و ڕووخانی ئیمپراتۆرییەکان و هەروەها توانایی تەکنیکیی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئەستێرەکان. بەڵام شێوازێکی سادە هەژمارکردنی ئاستی وزەیەکە کە مرۆڤەکان لە هەر سەردەمێکدا کاری پێ دەکەن. بەپێی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، توانایی ئێمە لە بەرهەمهێنانی وزە یەکێک لە هەرە بەکەڵکترین شارەزاییەکانمان بووە. ئەگەر گریمانە بکەین کە شارستانییەتگەلێک لە هەسارەکانی تر هەمان شارەزاییەکانی ئێمەیان هەبێت، ڕادەی بەکارهێنرانی وزە بۆ هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتی تەکنیکییان پێوەرێکی باش دەبێت. ئەم بیرۆکەیە بنەمای پێوەری کارداشێڤە.
ئەستێرەفیزیکزانی ڕووسی “نیکۆلای کارداشێڤ” ئەم پێوەرەی لە ساڵی ١٩٦٤دا پێشنیاز کرد.
ئەو شارستانییەتەکانی لە سێ چەپکدا پۆلێنبەندی کرد: شارستانییەتی هەسارەیی، شارستانییەتی ئەستێرەیی و شارستانییەتی گەلەئەستێرەیی.
١- شارستانییەتی جۆری ١ (شارستانییەتی ئاستی هەسارەیی): دەتوانێت کۆی گشت ئەو وزەیە کە لە ئەستێرەکەیانەوە دەگات بە هەسارەکەیان کۆ بکاتەوە و کەڵکی لێ وەربگرێت.
٢- شارستانییەتی جۆری ٢ (شارستانییەتی ئاستی ئەستێرەیی): دەتوانێت کۆی گشت ئەو وزەیە کۆ بکاتەوە کە لە ئەستێرەی دایکەوە (ئەو ئەستێرەیە کە هەسارەکەیان بە دەوریدا دەخولێتەوە) بەرهەم دێت.
٣- شارستانییەتی جۆری ٣ (شارستانییەتی ئاستی گەلەئەستێرەیی): دەتوانێت کۆی گشت ئەو وزەیە کە لە گەلەئەستێرەکەیەوە (گەلەئەستێرەیەک کە تێیدا دەژین) بۆی دێت کۆ بکاتەوە و کەڵکی لێ وەربگرێت.
هەڵبەت ئەم بیرۆکەیە زۆرتر بەهۆی “کاڕڵ ساگان” باو کرا کە بەجێی تەنیا سێ جۆری تایبەتی شارستانییەت پێوەرێکی بێپسانەوەی بۆ ئەندازەگرتن پێشنیاز کردووە.
ئێستا پرسیار ئەمەیە: ئێمەی مرۆڤ بەپێی ئەم پێوەرە چ جۆرە شارستانییەتێکین و چەندە پێشکەوتووین؟
هەرچەند مرۆڤ ڕادەیەکی زۆر وزە دەستەبەر دەکات، بەڵام ئێستاش شیاوی ئەمە نییە کە تەنانەت لە ئاست شارستانییەتی جۆری یەکیش پۆلێنبەندی بکرێت!
بە شێوەی مامناوەندی نزیک ۱۰ ملیۆن گیگاوات وزەی خۆری دەگات بە زەوی و مرۆڤ، ئێستا تەنیا لە ۱۰ هەزار گیگاواتی ئەم وزەیە کەڵک وەردەگرێت.
بەپێی پێوەری ساگان، ئێمە دەبین بە شارستانییەتێکی ٠/٧٣ و ئەمە واتە ئێمەی مرۆڤ ئێستاش نەبووینە بە یەک (جۆری ١). ئەم ئاستە بۆ کۆمەڵێک پڕیمات (ئەژدادی سەرەتایی مرۆڤەکان) کە تازە پەرەی سەندووە خراپ نییە، بەڵام پرسیارێکی سەرنجڕاکێش ساز دەکات:
قەت بۆی هەیە ئێمەش ببین بە یەک؟
ئێمە نەمانتوانیوە گشت ئەو تیشکەی خۆر کە دەگات بە زەوی بگرینەوە و ئێستاش تەنیا یەک هەسارەی ژیانهەڵگرمان هەیە.
ئەم پرسیارە لە گوتارێکدا کە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە تاوتوێ کراوە. گوتارەکە چاوێک بەسەر سێ سەرچاوەی سەرەکیی وزەدا دەخشێنێت: سووتەمەنیی فۆسیلی، وزەی ناوکی و وزە جێگرەوەکان کە تێیدا شیانێتیی هەر کامیان بۆ گەشەسەندن هەژمار کراوە.
سەرەتا گەیشتن بە شارستانییەتی جۆری ١ زۆر ئاسان دێتە بەرچاو. بەرهەمهێنانی وزە بکە بە یەکەم پێشترێتیی مرۆڤایەتی و بە ئامانجەکەت بگە! بەڵام هەر کامێک لە سەرچاوەکانی وزە بۆ گەشەسەندنی زۆرتر بەربەست و گرفتی تایبەت بە خۆیان هەیە. بۆ وێنە بە هەر ڕادەیەک کە زۆرتر سووتەمەنیی فۆسیلی دەسووتێنین، کاردانەوەی زۆرترمان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت. ئەگەریش لەناو چووبیت ناتوانیت ببیت بە شارستانییەتی جۆری ١.
بەم پێیەش ئەم تیمە جیاوازیی زۆر بەرتەسکتریی هەر سەرچاوەیەکی وزە تاوتوێ دەکەن و هاوسەنگیان لەڕاست گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پیسکەریی ژینگەبوونیان بەپێی تێبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لێک دەدەنەوە.
ئەوان تێگەیشتوون کە تەنانەت بە هەبوونی کۆسپەکانیشەوە مرۆڤ دەتوانێت بگات بە ئاستی شارستانییەتی جۆری ١. بەڵام خاڵی نەرێنی ئەمەیە کە بە هەموو تەکنۆلۆژیا و دەستکەوتەکانیشییەوە، لە باشترین حاڵەتدا لە ساڵی ٢٣٧١دا دەگات بەم ئاستە!
Civilization: شارستانییەت
Population growth: گەشەی جەماوەری
Calculate: هەژمارکردن
Kardashev Scale: پێوەری کارداشێڤ
Astrophysicist: ئەستێرەفیزیکزان
Nikolai Kardashev: نیکۆلای کارداشێڤ
Planetary civilization: شارستانییەتی هەسارەیی
Stellar civilization: شارستانییەتی ئەستێرەیی
Galactic civilization: شارستانییەتی گەلەئەستێرەیی
Galaxy: گەلەئەستێرە
Carl Sagan: کاڕڵ ساگان
Continuous scale: پێوەری بێپسانەوە
Primate: پڕیمات
Sunlight: تیشک
Habitable planet: هەسارەی ژیانهەڵگر
Nuclear: ناوکی
Renewable: جێگرەوە
Potential: شیان، شیانێتی
Priority: پێشترێتی
International Energy Agency: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە
وەرگێڕ: فاڕووق ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە